ئیسرائیل: شوێنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەزانین

2 كاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەزانێت ئێران نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی نزیک لە پلەی چەک لە کوێدا هەڵدەگرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "بە دڵنیاییەوە دەزانین لە کوێیە، زانیارییەکەی زۆر باشمان هەیە کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە کوێیە".
گوتی: "پێویستە گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران بپارێزین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە بەرگەی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناگرین."
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران لە سەرەتای هاویندا خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم بووە کە تا 60% پیتێنراوە، پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە دژی دەستیپێکردووە. بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە پیتاندنی زیاتر هەیە لە 90%. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت.
هێشتا ڕوون نییە ئێران ئەم کۆگایەی 60%ی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا چەند دەهێڵێتەوە و ئایا تواناکانی پیتاندنی ئەو وڵاتە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران وەک خۆی دەمێنێتەوە. کاتێک پرسیار لە ناتانیاهۆ کرا کە ئایا ئیسرائیل، بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نهێنی بێت، پلانی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی هەیە، ئەو وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەدایەوە.
لە دوای 10 ساڵ لە ڕێککەوتن دوێنێ یەکشەممە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران سەپێندرانەوە. دوا وادەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و هاوبەشە دانوستانکارەکانی (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) تێپەڕیبوو. سێ وڵاتی ئەورووپا دەستپێشخەری سەپاندنەوەی سزاکانیان کرد و ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، بەتایبەتی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی کە بۆ مەبەستی مەدەنی پێویستە.

