ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رۆژى دووشەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى دەکات. بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکە، رۆژى دووشەممە 24ـى ئازارى 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق گفتوگۆ لەسەر حەوت بڕگە دەکرێت. لە بڕگەی چوارەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساى هەموارى دەستەى حەشدى شەعبی دەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەت و خانەنشینیى ئەندامانی دەستەى هێزەکانی حەشدی شەعبى، کە لایەنە شیعەکان پێداگیرییان دەکرد بخرێتە بەرنامەى کارەوە. فراکسیۆنە شیعەکان بە تایبەتی دەوڵەتی یاسا و سادیقون بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی نەخرابووە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەوە، بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردبوو، بەوهۆیەشەوە ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەی مانگێکە نەیتوانیوە رێژەى یاسایی ئامادەبوون تەواو بکات. هەر بەگوێرەی کارنامەکەی رۆژی دووشەممە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە نێوان حکومەتی عێراق و قوبرس دەکات.

  نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرا دەکات کە زیاتر لە دوو هەفتەیە گەیشتوەتە تاران و چاوەڕوانی وەڵامن. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ئاشکرا کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ بە دیپلۆماتکارێکی ئیماراتدا ئاڕاستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانی کرد، رایگەیاند: سەرۆک ترەمپ پەیامی ئاشتی ئاڕاستەی تاران کردووە و جەختی کردوەتەوە کە نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگای سەربازیی. ویتکۆف رایگەیاندووە: سەرۆکی ئەمەریکا جەنگی ناوێت و نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگەچارەی سەربازی بۆ وەستاندنی شەڕەکان، ئەوە تاکە هۆکارە کە ئەو رێگەیەی گرتوەتەبەر، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و چەکە ئەتۆمییەکەی، نایەوێت پەنا بباتە بەر ئەو رێگەیە، دەوێت لەسەر مێزی دانوستان کێشەکان چارەس بکات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی بەشێکی دیکەی نامەکەی ئاشکرا کردووە و ترەمپ بۆ بەرپرسانی تارانی نوسیووە :"من سەرۆکی ئاشتیم، نامەیەوێت پەناببەمە بەر چارەسەری سەربازی، پێویستە دانوستان بکەین، تێگەیشتنە هەڵەکان راست بکەینەوە، چاودێریی و وردبینی بکەین، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک دوو دڵ نەبێت لە چەکی ئەتۆمی". عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە وتاری نوێژی هەینیدا پەیامێکى توندى ئاڕاستەى ئەمەریکا کرد و هەڕەشەى گورزى کوشندەى کرد ئەگەر بێت و هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەى. جەختی کردەوە، گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە سەربەخۆن، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ بەرپرسانى ئەمەریکا کە دەڵێن گروپەکان سەر بە ئێرانن و لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئاڕاستەدەکرێن، کە زۆرجار هێرشدەکەنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی (20ـی ئاداری 2025) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: نامەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران هەلی پێشنیاز كردووە، بەڵام زیاتر نزیكە لە هەڕەشەوە، ئێران ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی نامەكەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی دەداتەوە.

  ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چەند چەکدارێک تەقەیان لە کونسوڵخانەی عێراق لە ئیستەنبوڵ کردووە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن. وەزارەتەکە دەڵێت: کاتژمێر 9:00ی شەوی هەینی، تەقەکراوە لە بینای کونسوڵخانەی عێراق لە ئەستەنبوڵ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەوانەى تەقەکەیانکردووە تفەنگی کڵاشینکۆفیان بەکارهێناوە و پێش هەڵاتن هەشت فیشەکیان ئاراستەی ڕووبەری بیناکە کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، کونسوڵی گشتی عێراق و نوێنەرانی کونسوڵخانەکە بەرەو شوێنەکە ڕۆیشتن بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان. دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا شەقامی دەوروبەری کونسوڵخانەکەیان داخست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نوێنەری دیپلۆماسی عێراق. وەزارەتی دەرەوەى عێراق جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەوان بەدواداچوونی بەردەوامی خۆیان دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە ئاشکرابوونی بارودۆخی ڕووداوەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە.

  سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئێوارەى ئەمڕۆ براوەتە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ئیستەنبووڵ و لەلایەن چەند ئەفسەرێکەوە وتەى لێوەرگیراوە لەسەر ئەو دۆسیانەى کە دەستگیرکراوە، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەموو تۆمەتەکانى ڕەتکردوەتەوە. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا. لەسێیەم ڕۆژى دەستگیکردنیدا وتەى لێوەرگیراوە، دواى تەواوبونى وتەکانیشى داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند، سبەی کاتژمێر نۆى بەیانى بەکاتى تورکیا ئیمامئۆغڵو ڕەوانەی دادگا دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە، لە پارێزگاکانی ئەنقەرە و ئیزمیر بۆ ماوەی پێنج رۆژ چالاکییەکانی وەک، گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کران.   هەردوو پارێزگەی ئەنقەرە و ئیزمیر رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، ''بەمەبەستی پاراستنی دۆخی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە لە سەرتاسەری پارێزگاکە، لە رۆژی 21ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو  25ـی ئاداری 2025 هەموو جۆرە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراوە". یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.   بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە. تاوەکو ئێستا 87 کەسیان دەستگیرکراون.

  وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، سوپاکەی ڕاسپاردووە دەست بەسەر ناوچە زیادەکانی غەززەدا بگرن و دانیشتووانی غەززە چۆڵ بکەن و ناوچە ئەمنییەکان لە دەوروبەری غەززە فراوان بکەن بۆ پاراستنی شارۆچکە و سەربازەکانی ئیسرائیل. رۆژی هەینی 21-03-2025 یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "فەرمانم بە سوپا کردووە رووبەری زیاتری غەززە کۆنترۆڵبکەن. حەماس چەند ئازادکردنی بارمتەکان رەتبکاتەوە، خاکی زیاتر لەدەستدەدات کە بە ئیسرائیلەوە دەلکێندرێت."   ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چوار رۆژە، ئەو ئاگربەستەی لە 19ـی کانوونی دووەم کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، شکاندووە و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە.   بەرگریی شارستانیی غەززە دوێنێ پێنجشەممە گوتی، 504 کەس لە بەرەبەیانی سێشەممەوە کوژراون.   کاتس گوتی: "ئەگەر حەماس پابەند نەبێت، ئێمەش ناوچەی دابڕێندراو لە دەوروبەری غەززە فراوانتر دەکەین بۆ ئەوەی سڤیلی ئیسرائیلی بپارێزین؛ هەروەها سەربازەکانمان بۆ هەمیشە لەوێ جێگیردەکەین."   کاتس گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکان لە زەوی، دەریا و ئاسمانەوە چڕتر دەکەینەوە؛ ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین و حەماسیش لەنێودەبەین."   بەگوتەی ئەو وەزیرە، یەکێک لە بژاردەکان بریتییە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی.    لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئادار، ئیسرائیل ویستی قۆناخی یەکەم درێژبکاتەوە و حەماسیش ویستی بچنە قۆناخی دووەم. دوو لایەنەکە پێکنەهاتن و بەرەبەیانی 18ـی مانگ ئیسرائیل بۆردوومانی دەستپێکردەوە.   ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دوێنێ پێنجشەممەدا نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "دەستپێکردنەوەی شەڕ شتێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا بەدوای ئەرکی پیرۆزی گەڕاندنەوەی بارمتەکانمانین."   لەو 251 بارمتەیەی حەماس لە 07-10-2023 رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.

  ئاهەنگی  نەورۆز لە پارکی نەورۆز لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد ئەنجام دەدرێت. بۆ ئاهەنگی نەورۆزکە بە دروشمی 'ڕێبەرێتی ئازاد کۆمەڵگەی دیموکراتیک' و 'کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادی' ئەنجام دەدرێت، لە بەرەبەیانی لە شارەکە، ناوچە، شارۆچکە، گوندەکانی دەوربەری بە هەزران کەس بە ڕێکەوتن. جۆش و خرۆش لە چوارلای شارەکە بڵابووتەوە و بە ١٠یان هەزار کەس بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز چوون. چوونە گۆڕەپانی نەورۆز لە ٦ خاڵی پشکنینەوە بەردەوامە. گەنجان لە چەندین خاڵەوە بە کاروان چوونە گۆڕەپانی نەورۆز. چەندین دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "زیندانیانی سیاسی شکۆمانن" بەرزکرایەوە. ژنان بە جل و بەرگی کوردی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێپێوانیان کرد. لە ٧ ساڵ تاوەکو ٧٠ ساڵ لە هەموو تەمەنەکان گەل بەشداری ئاهەنگەکە بوو. دایکانی ئاشتی بە دروشمی "بژی نەورۆز، بکی ئاشتی" چوونە گۆڕەپانی نەورۆز. گەنجان لەگەڵ دایکان ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "بژی دایکانی ئاشتی" بەرزکرایەوە. لە دەروازەکان چەندین هاووڵاتی لە چاوەڕوانی تێپەڕینن بۆ گۆڕەپانەکە. لە هەندێک خاڵی پشکنینی پۆلیس دەستیان بەسەر ڕەنگەکانی سەوز، سوور، زەرد گرت. ئەمەش ڕێگەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە.  بە دەیان هەزار کەس چوونە گۆڕەپانی بە دەهۆڵ و زوڕنا و گۆرانی کوردی هەڵدەپەڕن. پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانەکە دەشەکێنرێتەوە و جۆش و خرۆش لە گۆڕەپانەکە تا دێت زیاتر دەبێت.

  ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە حوسییەکان لە یەمەن بۆردومان نەکات و ئەو ئەرکە بۆ ئەوان بەجێبهێڵێت، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى پێنج شەممە دوو موشەک لە یەمەنەوە ئاڕاستەى ئیسرائیل کران. ڕۆژنامەکانی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت و ئۆرشەلیم پۆستى ئیسرائیلى بڵاویانکردەوە، ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حوسییەکانى یەمەن بەدوور بگرێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل تاوتوێى وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانى ئەم دواییەى لە یەمەنەوە دەکرد. بەپێی ئۆرشەلیم پۆست، پێدەچێت ئیسرائیل لەم قۆناغەدا ئەو داوایەی ئەمەریکا قبوڵ بکات و ئەرکەکە بۆ واشنتۆن جێبهێڵێت، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی گەورەی دژی حوسییەکان ڕاگەیاند. رۆژی پێنجشەممە، دوو مووشەک لەیەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، ئەوەش بۆ یەکەمجاربوو لە ماوەی دوو مانگدا حوسییەکان ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بەرەنگاریان بووەوە. رۆژی هەینی ئەمەریکا بە ئامانجگرتنى حوسییەکانى لە یەمەن دەستپێکردەوە، دواى دەستپێکردنەوەى هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گروپە بۆ سەر ئیسرائیل. سەرچاوە خۆجێییەکان لە یەمەن دەڵێن، هێرشەکانی ئەمەریکا باشوری پارێزگای حودەیدەیان لەسەر دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

  عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك هاوڵاتیانی ئێران و بەرپرسان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی هەتاوی رایگەیاند، لە ململانێی نێوان هەق و ناهەقدا سەرکەوتن بۆ هەقە، بەڵام بەرەی هەقیش باج دەدات و گومان لەوەدا تێدا نییە، ئەم بەرهەڵستكارییە دواجار دەبێتە هۆی شکستی دوژمن و قەوارەی زایۆنی. عەلی خامنەیی وتیشی: دەبێت ئەمریکییەکان بزانن، بە هەڕەشەکردن لە گەلی ئێران ناتوانن هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن، دەبێت ئەوەش بزانن ئەگەر هەر کارێکی خراپەکارانە لە دژی نەتەوەی ئێران ئەنجام بدەن، گورزێکی توندیان پێدەگات. ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەڵەیەکی گەورە لە لایەن سیاسەتمەدارە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە دەکرێت کە ناوەندەکانی بەرخۆدانی ناوچەکە بە هێزی بە وەکالەتی ئێران دەزانن و سوکایەتییان پێدەکەن. وتیشى: نەتەوەی یەمەن پاڵنەری خۆى هەیە ئێران پێویستی بەوەنییە جێگرەوەی هەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکان کرد، پێگەی حووسییەکان لە 6 پارێزگای یەمەن کرانە ئامانج.    دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران: "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆریستەکان بوەستێت و ئەگەر ئێران هەڕەشە بۆ ئەمریکا دروست بکات، ئەوا ئەمریکا بە بەرپرسیاریان دەزانێت و نەرمیش نابێت".   ئەو هێرشانە لەکاتێکدان، ترەمپ دەستی بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران کردووە، لە کاتێکدا داوای دانوستاندنیش لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەکات.  دۆناڵد ترەمپ دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن.   بەڵام رۆژی شەممە، خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە."   لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی، "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو.    لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.    رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.    لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن. 

  لەسەر بانگێشتى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا لە دیمەشق، شاندێکى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات(مەسەدە)بە سەرۆکایەتى لەیلا قارەمان، هاوسەرۆکى مەسەدە، لەگەڵ ئانالینا بێربوک وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەى کورد لەژیر رۆشنایی رێککەوتنى مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع کراوە. مەسەدە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، جگە لە لەیلا قارەمان، عەلى رەحمون، جێگرى هاوسەرۆک و ژمارەیەک کەسایەتیى کورد لە شاندەکە بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەى قۆناغى راگوزەر لە سووریا و گفتوگۆى نێوان لایەنە کوردییەکان و دۆسیەى کورد لەو وڵاتە کراوە. مەسەدە دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیى خۆیان دەربڕیوە لە شێوازى دیارییکردنى سەرۆک، کە هیچ بەشدارییەک بە سوورییەکان نەکراوە و پشت بەو گوتەیە بەستراوە کە دەڵێت(کێ ئازادیکرد، ئەوەبڕیار دەدات) لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە، شاندى مەسەدە رایگەیاندووە، راگەیەندراوە دەستوورییەکە کە ئیدارەى نوێ پەسەندیکردووە، درێژەدانە بەهەمان سیاسەتى پێشوو، بەهێزکردنەوەى حکومەتى ناوەند و پێدانى دەسەڵاتێکى فراوان بەو حکومەتە و رێگرى لە کارى سیاسى دەکات. هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسەدە ئەگەرچى نیگەرانبووە لەو کردەوانەى ئیدارەى نوێ، هاوکات پشتیوانیى خۆى بۆ رێککەوتنى نێوان مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر دەربڕیوە. لایخۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربوک، بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ یەکپارچەیی سووریا و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی و دادپەروەریی کرایەوە.

  فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جەژنی نەورۆز لە هاونیشتمانییان پیرۆز دەکات و دەڵێت: "باوەڕمان وایە نەورۆزی ئەم ساڵ لە سووریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ".    ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-3-2025 فەرماندەیی هەسەدە لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دەڵێت: "نەورۆز هێمای خۆڕاگری و ئاشتییە. ئاگری نەورۆز سەرکەوتنە بەسەر نادادپەروەری. ئاگری نەورۆز هێمای بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییە".    فەرماندەیی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەکی گەش و ئارامی هەبێت و "خۆشەویستی و برایەتی لەسەر بنچینەی دادپەروەری، یەکسانی و یەکدی قبووڵکردن" لە وڵاتدا هەبێت، کۆتایی بە هەموو شەڕێک بێت، ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.    دەقی پەیامەکەی فەرماندەیی هەسەدە    بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و گەلی سووریا بە گشتی و جیهان دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو شەڕڤانە خۆڕاگرەکانمان دەکەین کە لەم رۆژە پیرۆزانەدا خاک و ئارامی وڵات دەپارێزن. ئێمە باوەڕمان وایە کە نەورۆزی ئەمساڵیش وەک سەری ساڵی کوردی و سەرەتای بەهار، لە سووریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ.   نەورۆز خاوەنی واتای قووڵی خۆڕاگری و ئاشتییە. ئاگری نەورۆز خۆی سەرکەوتنە بەسەر نادادپەروەری و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییەکە دواتر دەبێتە موڵکی هەموو گەلانی ناوچەکە و لەم رۆژەدا خۆشحاڵیی خۆی بە بەدەستهێنانی ئازادی نیشان دەدات.   ئێمە بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی واتاکانی رۆژی نەورۆز لە سووریا بەدیبهێنین و بیگەیێنینە داهاتوویەکی گەش و ئارام کە هەموو گەلانی لەخۆبگرێت و تێیدا هەر جۆرە پارچەبوون و شەڕێک بووەستێت و خۆشەویستی و برایەتی لەسەر بناخەی دادپەروەری، یەکسانی و قبووڵکردنی یەکدی سەروەر بێت و هەموو کەس بەشداری لە بنیاتنانیدا بکات. لەم نەورۆزەدا هیوادارین کە هەموو ئاوارە و دەربەدەرێک بگەڕێتەوە زێدی رەسەنی خۆی و ناونیشانی سەرەکی سووریا ئەوە بێت کە سووریا بۆ هەموو خەڵکی خۆی بێت و هیچ کەس لە بنیاتنانیدا دوورنەخرێتەوە.   هەروەک چۆن نەورۆز بە واتای پابەندبوون بە خاک و وڵاتەوە دێت، پێویستە ئێمە هەموو بەها مێژووییەکانی نەورۆز بپارێزین، وەریبگێڕین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە هەموو مەترسییەکان و یەکڕیزی و زیندوێتی کۆمەڵایەتی ئەوان بگەڕێنینەوە و بە هەستی سەرکەوتنی نەورۆز بتوانین ئەو شتەی کە سووریا لەم ساڵانەی دواییدا لەدەستی داوە جارێکی دیکە بگەڕێنینەوە.   جارێکی دیکە نەورۆزی ئەم ساڵ لە هەموو کەس پیرۆز دەکەین و هیوادارین هەموو کەس ئەم جەژنە نەتەوەییە لە کەشێکی شادی و بەختەوەرانەدا پیرۆز بکات. بەم نەورۆزە قۆناخێکی تاریک لە مێژووی سووریادا تێدەپەڕێنین و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەست بە سەردەمێکی نوێ دەکەین. نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت.   فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 20ـی ئادار، 2025

  ناوەندی هەواڵی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەپەشە) ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شنگال لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقەوە كەوتونەتە بۆسەوە، دەشڵێت، "داوای ئازادكردنی دەستبەجێی دەستگیركراوەكانمان دەكەین ". هیزەكانی یەپەشە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد،" شەوی ١٨ی ئادار، نزیكەی كاتژمێر ١١:٠٠ی شەو، سوپای عێراق هێرشێكی خیانەتكارانەیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەر بەهێزەكانمان لە یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)". ئەوەشیخستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج شەڕڤان بە دیل گیران، هەرچەند بەشێكیان برینداربون، لێیان دراوە و ڕوداوەكە وێنەگیرا و بڵاوكرایەوە، تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە، سەرەڕای ئەم ڕووداوە هەوڵماندا لە نێوان هێزەكانمان و سوپادا چارەسەری بكەین، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ وەڵامێكیان نەبوو. یەپەشە باسی لەوەشكرد،" ئێمە هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ كێشەكانی ناوچەكە كردوە‌و هەوڵمان داوە چارەسەری دۆستانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ئێمە پێمان وایە پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكەمان زۆر گرنگترە لە هەندێك بابەتی بچوك". هێزەكانی یەپەشە رەخنەی توند لە فەرماندەكانی سوپای عێراق دەگرێت و دەڵێت "هەندێك لێدوانی سەركردایەتی سوپا كە هەڤاڵانی دیلمان بە تیرۆریست و بەكرێگیراو وەسف دەكەن، جێگەی قبوڵكردن نین و بە یەكجاری ڕەتیان دەكەینەوە ".

  میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەكدارەكانی عێراق، كۆبووەتەوە، دەشڵێن، قائانی ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی بێدەنگ نابێت بەرامبەر هەر هێرشێك ئیسرائیل بۆ سەر عێراق ئەنجامی بدات. میدیاكانی عێراق سەبارەت بە سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەن و گرووپە شیعەكان زانیاری نوێیان بڵاو كردەوە. میدیاكان بڵاویان كردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ هەر یەك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبی كۆبووەوە. دەشڵێن، قائانی پەیامی حكومەتی ئێرانی گەیاندووە بە عێراق و وتویەتی: بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی بێلایەنبونیان لە ناكۆكییەكانی ناوچەكە، هەروەها وڵاتەكەی بێدەنگ نابێت بەرامبەر بە هەر هێرشێكی ئێران بۆ سەر عێراق، پشتگیری هەر هەڵوێست یان كاردانەوەی گرووپە چەكدارەكان دەكات. لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم لایەنەكان هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی، دەبێت عێراق بێلایەن بێت لە بارودۆخی سووریا و پێشهاتە نوێیەكانی ناوچەكە، هەروەها دەبێت ڕێگری بكرێت لە هەر هەڵوێستێك لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەبێت.

  ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە پەیامێكدا لە سەكۆی (ئێكس) نوسیویەتی،  ئێوە شەرەف و کەرامەتی ئێمە پێشێل دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر داهاتووی منداڵەکانم، هەموو ئەمانە لەگەڵ كەمینەیەكی ناشایستەدا ئەنجام دەدەیت، هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم کارە پیسەدا. دەقى نوسینەکە بە گەلەکەمم وت و ئاگادارم کردن، ئەم عەقڵە کە دەستی بەسەر بڕوانامەكدا گرتووە، دەستدرێژی دەکاتە سەر موڵک و ماڵی ئێوە، شەرەفتان، سەروەت و سامانتان و هەموو جۆرە دەستدرێژییەک ئەنجام دەدات، ئێمە وەک نەتەوە دەبێ لە بەرامبەر ئەم خراپەیە بوەستین، ئەمە بانگەوازی منە بۆ میللەتەکەم، میللەتی مەزن. بانگەوازم هەیە بۆ ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری، داوا لە دەیان هەزار داواکاری گشتی و دادوەری دەسەڵاتی دادوەری جوامێری تورکیا دەکەم ئەوانەی خاوەنی شكۆ و رەوشت و پەرۆشن بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەیان، دەبێت دژی ئەو هاوکارانەتان بوەستن دەسەڵاتی دادوەری كە تورکیایان وێران کردووە، لەبەردەم هەموو جیهان ناشرینیان كردوین و ناوبانگیان شێواندوین. متمانەم بە دەسەڵاتی باڵای دادوەری تورکیا هەیە، ناتوانن و نابێ بێدەنگ بمێننەوە، لە کۆتاییدا دەخوازم بانگهێشتنامەیەک ئاڕاستەی هەموو ئەو سیاسەتمەدارانە بکەم کە لە پارتی داد و گەشەپێدان خزمەت دەکەن و ئەوانەی سەر بە هاوپەیمانی دەسەڵاتدارن، ئەم روداوانە حیزب و بەها سیاسییەکانمانی تێپەڕاندووە، ئەم پرۆسەیە ئێستا پەیوەندی بە میللەتەکەمانەوە هەیە، بەتایبەتی خێزانەکانتان، کاتی ئەوە هاتووە دەنگمان بەرز بکەینەوە، هیچ پەندێک لەم وڵاتەدا نییە بڵێت "ئەو مارەی دەستم لێنادات هەزار ساڵ بژی" و نابێت هەبێت، هیوادارم هەمووان دەنگیان بەرزبكەنەوە و بڵێن "تەنانەت مارێک کە نەتوانێت پێوەم بدات، نەتوانێت لەسەر ئەم خاکە بژی"، میللەتەکەمان مەزنە، سەروەری بێ مەرج هی میللەتە.

  هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان -دەم پارتی-  لە میانی ئاهەنگی نەورۆزی سێرت داوای لە حکومەت کرد "جدی بێت" و ڕایگەیاند، دەبێت تورکیا هەنگاوبنێت لە وەڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی -دەم پارتی- لەکاتى بەشداریکردنى ئاهەنگى نەورۆز پەیامێمى خوێندەوە، ڕایگەیاند نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێکی مێژوویی و بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' لە نەورۆزی ٢٠٢٥ جێپەنجەی خۆی بەجێهێشت.  ئەو وتیشى: ئێمە هەرگیز ئەوەندە لە ئاشتی و ئازادی نزیک نەبووینەوە، بەڕێز ئۆجالان داوای کرد کۆتایی بە سیاسەتەکانی نکۆڵی و ڕەتکردنەوە بهێنرێت و گەلی کورد بە زمان و کولتووری خۆی بژی، هاوسەرۆکی -دەم پارتی- ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئەگەر ئێمە مەرجەکانی ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکەین و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین، پێکەوە دەرگا بەڕووی تورکیایەکی دوور لە شەڕ و ئازاردا دەکەینەوە. هەندێ کەسی نەزان دەڵێن کورد شکستی هێنا، هەر بۆیە ئەم بانگەوازە کرا. تونجەر باکرهان ڕوى لەدەسەڵاتدارانى تورکیا کرد، وتى: بانگەوازی من بۆ پارتی دەسەڵاتدارە؛ ئەگەر دڵسۆزیت، ئایا ڕازیت بە بنیاتنانی ئایندەی دیموکراسی تورکیا و جێبەجێکردنی مەرجەکانی بانگەوازەکە؟ ئەگەر لەگەڵ ئەمەدایت، ئەوا هەنگاوى کردارى بنێنـ ئەو ئەمیندارەی کە بۆ سێرت داتمەزراندووە، بکیشێنەوە. بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە دڵسۆزیت. ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سیرت دەگرن. ئەو وتیشى "ئێمە ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، هەموو ڕۆژێک، کاردەکەین بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بێتە دی." نەورۆز لە سێرت بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو، ئەو هاووڵاتیانەی بە جلوبەرگی کوردی بەشداریان کرد، ئاڵای سەوز و سوور و زەردیان هەڵگرتبوو. هاوڵاتییان بۆ ماوەیەکی زۆر لە گۆڕەپانەکەدا سەمایان دەکرد. ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان جەماوەرەکە بە کۆی دەنگ دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان وتەوە. سیاسەتمەداران و بەرپرسانی هەڵبژێردراو سڵاویان لە جەماوەرەکە کرد.

  سەرۆکی لیژنەی حکومەتی سوریا، کە ئەرکی کۆتایهێنان تەواوكردنی ئەو  ڕێککەوتنەکەی پێسپێردراوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەڵێت،  لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا هەردوولا پابەندبونی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا، بەتەواوی پێکهاتەکانەوە دەربڕیووە. حسێن سەلامە، سەرۆکی لیژنەکە بە تەلەفیزیۆنی سوریای راگەیاند، کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەرپرسانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری شەدادی لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامدراوە. سەلامە وتوشیەتی: گفتوگۆکە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئیرادەیەکی هاوبەش ئەنجامدراوە، ئامانج لێی گەیشتن بە یەکێتی خاکی سوریا و لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پەراوێزبخرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەی سەرەتادا رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی لیژنە کاری تایبەتمەندو هاوتا، کە لە سەرەتای مانگی نیساندا دەست بە کارەکانیان دەکەن. جەختی لەوەشكرد، دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کاروباری ناوخۆی سوریایە و هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشێکە لە پرۆسەیەکی تەواو نیشتیمانی. رۆژی 10 ی شوباتی 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە. رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە. خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا. لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز. بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا. لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.