پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند و مامەڵەکردنی تارانی بە 10 کانزای پێویست بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بواری سەربازیی قەدەغەکرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کەرتی وەبەرهێنان لە ئێران لەژێر دەستی سوپای پاسداراندایە، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ. بەگوێرەی سزاکان، کانزاکان بریتیین لە نیکڵ، کرۆم، ئالۆوی مەگنیسیۆم، پیرکلۆراتی سۆدیۆم و ئەلەمنیۆم. سزاکان بەجۆرێکە هەر کەسێک بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەو کانزایانە لە ئێران هاوردە یان هەناردە بکات ئەوا رووبەڕووی سزاکانیان دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا بەردەوامدەبێت جێبەجێکردنی سیاسەتی توندترین فشار بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی هەڕەشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نامێنێت و بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی سنووردار دەکات و کۆتایی بە پارەدارکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان دەهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نامەبەری دانوستانە ناڕاسەتەوخۆکەی تاران و واشنتن لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، رایگەیاند، رۆژی هەینی، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە رۆما بەڕێوەدەچێت.

  بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، وادەی پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای راگەیاند.  بوسەعیدی، لە سەكۆی " ئێكس" نوسیویەتی: پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەینی داهاتوو (٢٣)ی ئایار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ‌ رایگەیاند، وڵاتەکەی تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە رۆژ و شوێنی پێنجەمین دانوستانى لەگەڵ ئەمریکا. هەر دوێنێ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە وتارێكدا وتی، پێموانیە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەرنامە ئەتۆمییەکەی سەركەوتوبێت. هەر ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی گەڕی پێنجەمەوە رایگەیاند، "تاوتوێی ئەوە دەکەین کە لە گەڕی پێنجەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا قبووڵ بکەین یاخود نا."   سێشه‌ممه‌ 20ـی ئایاری 2025 له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی گیانله‌ده‌ستدانی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌یدا، عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتارێكی پێشكه‌شكرد و گومانی خسته‌سه‌ر دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ و وتی، "پێموانییه‌ وتووێژی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا بگاته‌ ئه‌نجام، نازانم...". خامنه‌یی ڕاشیگه‌یاند، "مادام باسی دانوستاندن ده‌كه‌ین، به‌ بیری لایه‌نی به‌رامبه‌ری ده‌هێنمه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌شداریی دانوستاندنه‌كان ده‌كات، گفتوگۆ بكات و دانوستاندن بكات، هه‌وڵبدات قسه‌ی بێمانا نه‌كات". پێشتر ستێڤ ویتكۆف نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاندبوو، "واشنتن ڕێگه‌ به‌ ئێران نادات به‌ هیچ جۆرێك یۆرانیۆم بپیتێنێت". لە 12ـی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون. سەڕەرای ناکۆکییەکان، هەردوو لایەن جەخت لە سەر درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەکەنەوە.

   وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە. رۆژی دووشەممە، 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد، هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەتی نەوتی عێراق تێبینی خۆی لەبارەی ئەو رێككەوتنە تۆماركردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردویەتی بۆ وەبەرهێنان لە چەند كێڵگەیەك لەناوخۆی هەرێمدا.  ئەوەش دەخاتەڕوو ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدرالییەوە بكرێن؛ بەوپێیەی دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەودایە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان." هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم جۆرە هاوبەشییان بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکەن و سوود بە گەلی هەردوولامان دەگەیێنن. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز. وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت. لەلایەکى دیکەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

  عەباس عێراقچی وزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە حاڵەتی پێداچونەوەیە ئایا بۆ خولی پێنجەمی دانوستانەکان بەشداری دەکات یان نا. دەشڵیت، پیتاندنی یۆرانیۆم بە گەیشتن بە رێککەوتن یان نە گەیشتن بەردەوامدەبێت. عێراقچی  دەڵێت، لەپشت  مێزی دانوستانەکان رووبەرووی داواکاری زیادەڕۆ دەبنەوە، بەڵام هەرگیز وازیان لە رێگای دیپلۆماسی نەهێناوە. قسەکانی عێراقچی لە کاتێدایە لە دوایین لێدوانیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم چاوەڕێی رێگەپێدانى ئەمریکا نییە. گوتیشی، نازانن ئەم جارەش لە دانوستانەکان بە ئەنجام دەگەن یان. وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەکاتەوە مەبەستی بەرنامە ناوەکییەکەی تاران بە تەواوی روونە و دەشڵێت، ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەیانەوێت دڵنیایی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەربگرن ئەوا ئامادەن، بەڵام بە مەرجی هەڵگرتنی ئەو سزایانە کە بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکە بەسەریان سەپێنراوە. گوتیشی، هێشتا لە پێداچوونەوەی ئەوەن بزانن ئایا دانوستانێکی بەسوود لەو کات و شوێنە دانراوە ئەنجام دەدرێت یاخود نا بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بکەن. لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوون. سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، عەلی خامنەیی لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و یاوەرانی، سەرنجی خستە سەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کە بە ناوبژیوانی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."   عەلی خامنەیی ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی کرد و گوتی، "لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بە روونی گوتی کە ئێمە راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەین."   خامنەیی هەروەها گوتی: "بێگومان لەسەردەمی شەهید رەئیسیدا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەبوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو."   رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆنیش کرد و رایگەیاند، "ئێستاش پێمانوانییە بگاتە ئەنجام و نازانین چی روودەدات."

  کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا لە دوو گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هاوتەریب بە یەکدی ئەنجام درا، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری کۆتایهێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری درا، لە کۆنگرەکەدا موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لەسەر چەندین بابەتی گرنگ هەڵسەنگاندنی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی موراد قەرەیلان بەم شێوەیەیە: “شتی هەرە باش لەم قۆناغە گرنگەدا یەکدەستی و یەکهەڵوێستییە، وانەمان لە ئەزموونەکانی ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ وەرگرتووە، وێڕای کەموکوڕییەکان بە گوێرەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ نزیکبوونەوەیەک لەئارادایە، لە سەردەمی نوێدا دەمەوێت زیاتر تێبگەم، لەو باوەڕەدام ڕووناکی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دەمانگەیەنێت بە ئامانج، دەبینین ڕێبەر ئاپۆ بەوپەڕی مۆراڵ بەرزی و بڕیاردارییەوە دەستی داوەتێ، ئەوکاتە شتەکان لە جێگەی خۆیەتی، لە هەر ساتێکی تێکۆشانماندا زۆر باش دەزانم گەر ڕێبەر ئاپۆ لە بابەتێکدا دڵنیایەتی نەبێت، ئەوە ناچێتە ئەو کارەوە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا دڵنیایە، کەواتا مسۆگەرە، هەربۆیە ئێمەش باوەڕمان پێیەتی، پەیوەست بە دەوڵەتی تورکەوە ناتوانین باسی باوەڕ و متمانە پێبوون بکەین، پراکتیکی دەوڵەتی تورک لەبەرچاوە، بەڵام بە هەموو جۆرێک باوەڕمان بە ڕێ و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیە. هۆکاری یەکەم بارودۆخی کۆنژونکتوورییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر خاکی کوردستان شەڕێکی چەکداری بەڕێوەدەچێت بۆ؟ هەڤاڵانیش ئەوەیان هێنایە سەرزمان، ڕێبەرێتیش ڕایگەیاند، چونکە شەڕی سێهەمی جیهانی لە هەرێمەکدا دەگێڕدرێت، لە ناوەڕۆکی خۆییدا ناوەندی ئەم شەڕەش کوردستانە، لەسەر خاکی کوردستان هیچ هێزێکی هاوشێوەی پەکەکە نییە، کە ئەوەندە ساڵ شەڕی کردبێت و بەرفروان بووبێت، دەرفەتی ئەمە هەیە، بە پوختی کەس ناتوانێت گەمارۆمان بدات، سەرکوتمان بکات و لەناومان بەرێت. هۆکاری دووەم لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی فەرماندەیی ڕێکخرا، ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەم کۆبوونەوەیەدا گەیشتینە بڕیار و عەقیدە (شێوازی شەڕی تایبەتی خۆپاراستن)، هەموومان باوەڕمان بەمەیە، ئەم عەقیدەیە شتێکی ئاسایی نییە، ڕوانگەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ڕێبەر ئاپۆیە، هەروەها بە ئەزموونی ٤١ ساڵەی شەڕکردنمان ڕەخسێندراوە. زۆر باوەڕمان بەو هەنگاوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، بەڵام گەر ناچاربین، بە عەقیدەی شەڕی نوێ باوەڕیشمان بە ئامادەکارییە، ئەمە دەمانگەیەنێت بە ئەنجام، بەڕاستی درەنگ دەکەوین، بەڵام گەر درەنگیش بێت، لە ئاستێکی کاریگەردا خاوەن هێزیین، ئیدی شەڕ بە ژمارە نییە، شەڕ بە تەکنیک و تاکتیک دەکرێت، هەموو ئەم تایبەتمەندییانەمان هەیە، لە پەکەکە و گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا تەکنیک و تاکتیک هەیە. لە تاکتیکی داهێنانی شەڕی تونێلدا پسپۆی تەواومان هەیە، پێنج ساڵە هەڤاڵانمان بەڕێوەی دەبەن، شارەزایی هەیە، ئەزموونمان هەیە و قوربانی زۆمان داوە، واتە ئەم موعجیزەیەمان لە ئاڤاشین، مامڕەشۆ، گردی سوور؛ واتە لەو کاتانەوە بە ئەزموونمان گەیشتووین بە ئێستا، ئەزموونمان بونیادناوە. لەلایەکی ترەوە لە هێزەکانماندا ڕۆحی فیدایی و ئاپۆچێتی بەهێزتربووە، نەک تەنها هەندێک لە هەڤاڵانی فیدایی و هێزە تایبەتەکان چالاکییەکی وەها دەکەن؛ وەک هەڤاڵان ڕووکەن و ساریا، ڕۆژهات و ئەرداڵ، ئاسیا و ڕۆژگەر، بەڵکو هەموو هەڤاڵێک لە گۆڕەپانەکانی شەڕی فیداییدان، ئەو چالاکییەی کە شەهید باگەر گەڤەر و ئەڤزەم لەگەڵ چوار هەڤاڵدا ئەنجامیان دا، بڕیاری فیداکارییە، شەڕزان و ئارینیش لەگەڵیان بوون، چوار هەڤاڵ بوون، ئەو ڕۆحە هەیە، ڕۆحییەت بڵند بووتەوە. لە فەرماندەییدا دەتوانین نموونەی گابار بۆتان نیشان بدەین، فەرماندەی بەرخۆدانی قەڵای شەهید مونزور، واتە پێکەوە بەکارهێنانی تاکتیک و تەکنیک، چاودێری دووژمن بە پێی ئەو تاکتیکە پەرەی پێدراوە، واتە ئەم ئاستە لە هەڤاڵاندا دروست بووە، پەکەکە تەنها گەریلا نییە، پەکەکە گەلە، ملیۆنان کەسە، پەکەکە ئێستا لە سەردەمی زۆر بە هێزی خۆیدایە. خاڵیکی دیکە دەستنیشان دەکەم، دووژمن بە تەکنیکە ئاسمانییەکان، دۆخی خۆی بەهێز کرد، بەڵام لە سەردەمی نوێدا بۆ پوچەڵکردنەوەی تەکنیک و هەواڵگری دووژمن، گەشتووین بە ئاستێک، هەم ئاستێکی تەکنیکی پەرەی سەند، بۆ نموونە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی سیخوڕیی، بەوپێیەی ئێمە دەیزانین لە هەرێمەکە ئێران، تورکیا، ئیسرائیل دەتوانن ئەو کارە بکەن و ئێمەش چوارەمین، لە هەرێمەکەدا دەوڵەت هەیە ئەم تەکنیکەیان نییە و ناتوانن، بابەتی ئەوەی کە کێ داوویەتی و کێ نەیداوە شتێکی بێ بنەمایە، گەیشتوینەتە ئاستێک کە بتوانین لە تەکنەلۆژیای سەردەم بکۆڵینەوە، زیرەکی دەستکرد بخەینە خزمەتی شەڕەوە. کچان و کوڕانی کوردی ئاپۆیی، ڕۆحی ئاپۆچێتی نەک تەنها لە فیداکارییدا بەڵکو لە ئافراندنیشدا گەیشتووەتە ئاستێکی کاریگەر، ئێستا دەتوانن پەرە بە تەکنەلۆژیای سەردەم بدەن، ئەمەش ڕاستییەکەیە، لە ساڵی ڕابردوودا بۆ شەڕی درۆن، درۆنی جۆراوجۆر کە دەتوانن ئامانجە دوورەکان بپێکن، ئاستێک بە دەستهێنراوە، هەموو ئەمانە لە کۆتاییەکاندا بەدی هاتوون، بێگومان ئەمە جێی ڕەخنەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر ئەمەمان بە هەڤاڵانی پەیوەندیدار وت؛ ‘هەڤاڵ، دوای ئەوەی هەموومان شەهید دەبین، ئینجا پەرە بە تەکنەلۆژیا دەدەن!.’ چونکە زۆر درەنگ کەوت، بەڵام ئێستا ئەم دەرفەتە هەیە، پێشتر شەڕی ژێر زەوییمان نەبوو، لەسەر زەوی شەڕمان دەکرد. پێشتر شەڕ فیدایانەی تیمە پسپۆرییەکان بەم ڕۆحییەت و تێگەیشتنەوە لە ئارادا نەبوو، پێشتر تەکنیکی ئاسمانی نەبوو دەشتوانین زیاتر پەرەی پێبدەین، پێشتر هێزەکانمان ئەزموونیان لەم ئاستەدا نەبوو، بەڵام ئێستا هەمانە، بەم پێیە دەتوانین لە سەرەمی نوێدا بە گوێرەی سەردەمی نوێ پەرە بە شەڕی گەریلایەتی سەدەی ٢١ بدەین. ئێمە پابەندین بە هێڵ و ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆوە، هێڵی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکەین، ئەم کۆنگرەیە ئەم بڕیارە دەدات، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورک سەرەڕای ئەمەش، پێداگری لەسەر توندوتیژی بکات ئەوا دەتوانین بەو زمانەی کە لێی تێدەگات وەڵامی پێویستی بدەینەوە، پێویستە هەمووکەسێک ئەمە بزانێت.

  سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی سڵایادی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، هێرشی کردە سەر ترەمپ و  وتیویەتی؛ سەیرە گەورەترین دزەکانی سەر زەوی بە ئێمە دەڵێن دز لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەرلەمان، مەسعود پزیشکیان، ڕایگەیاند؛ لە سعودیە ترەمپ وتی "ئێمە دەخۆین و دزی دەکەین، با بێن بزانن ئێمە چۆن دەیخۆین"،  ناوبراو دەڵێت؛ ئەوان "خۆیان گەورەترین دزی سەر زەوین"، کەچی ئێمە تۆمەتبار دەکەن بە دزی. پزیشکیان باسی لە لێدوانەکەی ترەمپ کردوە  و وتویەتی؛ ترەمپ بە ئێمە دەڵێت دز و تاڵانچی، بەڵام خۆیان سەروەت و  سامانی وڵاتان تاڵاندەکەن و بانگەشەی شەری تیرۆر و گەندەڵێش دەکەن. سەرۆکەکەی ئێران،  باسی لە  سەردانەکەی بۆ شوێنی نیشتەجێبون و ماڵی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، دایکی ڕەئیسی و بنەماڵەکەی لە گەڕەک و ماڵێکی سادەدا دەژین نەک وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا باسی دەکات. ئەمە لەکاتیكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە وتی: لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی سەرنجیان لەسەر بون بە پایەی سەقامگیری ناوچەکە و بازرگانی جیهانییە، سەرکردەکانی ئێران سەرنجیان لەسەر دزینی سامانی گەلەکەیانە بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و خوێنڕشتن لە دەرەوەی وڵات.

پارێزگاری پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەڵەبجە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنە. نوخشە ناسح لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی پارێزگاکانی هاوسنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق لە شاری سنە ڕایگەیاند: 38 ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەرگاى خۆی بەڕووی بنەماڵە و بریندارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردەوە، داواش لە حکومەتی ئێران دەکەین هاوکاریمان بکات بۆ پەرەپێدانی ئەم پارێزگایە. ناوبراو زیادی کرد: پارێزگای هەڵەبچە لە ڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵەوە توانایەکی زۆری هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا کاری گەورە لەو بوارەدا بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. پارێزگاری هەڵەبجە بە ئاماژە بە سنووری 118 کیلۆمەتری نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئێران دەشڵێت: هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، بەڵام ئەمڕۆ ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری نێوان هەردوو وڵاتە. ناسح ئاماژەی بە هاتوچۆی حەوت هەزار گەشتیار لە سنووری هەڵەبجە لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا و ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمەش جێگەی پێزانینە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پارێزگایەکی نوێ هاوکارمان بێت بۆ کردنەوەی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان. هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، پرسی کولتووری و بازرگانیی تاوتوێ دەکەن.   شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.   هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتى: ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و کولتورییەکان تاوتوێ دەکەن.   شاندەکە لەسەر بانگهێشتی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەی خولیی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سنە، کرماشان و ورمێ".   لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، رەحمان رەزایی، پارێزگاری ورمێ، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن.  

  وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی سێشەممە رێگەیان بە چوونە ژوورەوەی 93 بارهەڵگری دیکەی هاوکاریی مرۆیی داوە بۆناو غەززە. دەزگای رێکخستنی چالاکییەکانی وەزارەتی بەگریی ئیسرائیل، کە سەرپەرشتیی پەیوەندییە مەدەنییەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە دەروازەی کەرەم شالمۆنەوە رێگەیان بە تێپەڕینی 93 بارهەڵگری دیکەی هاوکاریی مرۆیی داوە بۆناو غەززە، کە ئارد، خۆراکی منداڵان، کەلوپەلی پزیشکی و دەرمان و چارسەری تێدابووە. ئەمە لەکاتێکدایە، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلەوە فشارەکان لەسەر تەلئەڤیڤ بەردەوامن بۆ دەستهەڵگرتن لە پێشێلکارییە مرۆییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدایە، بەریتانیا سزای بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند و گفتوگۆ بازرگانییەکانی لەگەڵدا هەڵپەسارد، سوید پشتیوانیی لە هەوڵەکان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک وەزیری ئیسرائیلدا دەربڕی، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە فشارە دەرەکییەکان دووریانناخاتەوە لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان و بەرگرییکردن لە خاکەکەیان.

  تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی نوێی بەدەست گەیشتووە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە سی ئێن ئێنیان گوتووە، هێرشی لەم شێوەیە دەرچوونی ئاشکرایە لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، جگە لەوەش دەبێتەهۆی فراوانترکردنی ململانێ و ناکۆکییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش ئەو بژاردەیەیە کە ئەمریکا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە ساڵی 2023ـەوە خۆی لێ بەدووردەگرێت. ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەشکردووە، هێشتا روون نییە ئایا سەرکردایەتیی ئیسرائیل لەمبارەیەوە بڕیاری کۆتاییداوە یان نا، لەنێو حکومەتی ئەمریکاشدا ناکۆکی قوڵ لەسەر ئەگەری ئەوە دروستبووە ئیسرائیل بڕیار لەسەر هێرشەکە بدات. پێشتر ترەمپ هەڕەشەی کردبوو گەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکستبهێنن، ئەوا ئۆپراسیۆنی سەربازیی دژی ئێران دەستپێدەکات، مانگی ئازاری رابردوو ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران کرد تێیدا 60 رۆژ دەرفەتی دایە ئێران بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی، بەڵام وا زیاتر لە 60 رۆژ بەسەر ئەو دەرفەتەدا تێپەڕیووە و هێشتا بەرەوپێشچوون نییە.

  محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند. بەگوێرەی بەیاننامەیەك، ئەمڕۆ لە شاری بەغداد پێکهێنانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بەمەبەستی رکابەریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا. ئەو هێزانەى بەشدارن لە هاوپەیمانێتییەکە پێکهاتوون لە، تەیارى فورات، هاوپەیمانى عەقدى وەتەنى، هاوپەیمانى نیشتمانى، هاوپەیمانى ئیبداعى کەربەلا، گردبوونەوەى سۆمەر، گردبوونەوەى ئەجیال، هاوپەیمانى چارەسەرى نیشتمانى. هەروەها جەختیکردووەتەوە، بەرژەوەندى عێراق و عێراقییەکان ئامانجى یەکەمیانە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى ئابورى نیشتمانى، بنیتنانى ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان، دابینکردنى ئارامى و سەقامگیریی و پەیوەندى پتەو لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبی و جیهانى. هاوپەیمانێتییە نوێیەکە دەشڵێت، هاوپەیمانێتییەکە "لەسەر ئەو هەنگاوە بەرچاوانە بنیاتنراوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێنراوە، لەژێر رۆشنایی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان، رەخساندنی هەلى کار،  گرنگیدان بە خێزانەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ڕەچاوکردنی خواستەکانی هاوڵاتییان. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.

وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی دۆخی سووریاوە هۆشداریدەدات و دەڵێت، سووریا چەند هەفتەیەک لە شەڕی ناوخۆوە دوورە، ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک دەبێت ترەمپ و شەرع چاویان بەیەکدیی کەوتووە. مارکۆ روبیۆ، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەڵسەنگاندنمان بۆ قۆناغی راگوزەری سووریا ئەوەیە، بە راشکاوی و لەسایەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بووەتەوە، سووریا نەک چەند مانگێک، بگرە چەند هەفتەیەک دوورە لە ئەگەری داڕووخان و جەنگی ناوخۆیی سەرتاسەریی و دابەشبوون". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: حکومەتی نوێی سوریا لە رووخان نزیکە، سوریا لە شەڕێکی ناوخۆی گەورە نزیکە. ئەم گوتانەی مارکۆ روبیۆ، پاش چەند رۆژێک دێت لە دیدارى نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا. ترەمپ پێشتر لەسەر داواکاریی شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیاریدابوو بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرفەتدان بەو وڵاتە بۆ بووژانەوە. هەڵسەنگاندنی (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دۆخی سوریا؛ لەوتەیەكیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی  و دوای چەند رۆژێك لە دیدارەكەی لەگەڵ سەركردەكانی قۆناغی راگوزەریی سوریا ڕوبیۆ ئەو دۆسیەیەی بۆ بەشداریکردنی حکومەتی نوێی سوریا و شەرع، یاخیبووی پێشووی خستەڕوو کە پێنج مانگ لەمەوبەر سەرکردایەتی هاوپەیمانی گروپە یاخیبووەکانی کرد بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری دێرینی سوریا، بەشار ئەسەد. ئیدارەی ترەمپ پێشتر خۆی لە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ شەرع بەدوور گرتبوو، کە گروپە چەکدارەکەی - تەحریر شام - بەهۆی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە، تا ئێستاش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکا دەمێنێتەوە. سەبارەت بەئێرانیش رۆبیۆ رایگەیاند: هیوادارن لەگەڵ ئێران بگەن بەرێككەوتن، ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی کەڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لەسەر جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەبارەت بە بژاردەی كۆچكردنی دانیشتوانی كەرتی غەززە بۆ لیبیا گفتوگۆی نەكردوە.

  باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دانی بەوەدا نا کە لە دوای شکستهێنانی دانووستانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەتەشە بەسەرکردایەتی ئەحمەد شەرعیان هەڵبژاردووە کە ببێ بە شوێنگرەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە چوارچێوەی سیمینارێک لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی شاری بۆڵتیمۆر کە ڕۆژانی ڕابردوو لە ویلایەتی مێریلاند لە ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئەحمەد شەرع زانیاری نوێی ئاشکرا کرد. ڕۆبەرت فۆرد ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا پسپۆران و باڵیۆز و ئەفسەرانی هەواڵگری ئەمریکی و بەریتانی پڕۆگرامێکی چڕی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ هەتەشە ئەنجامداوە. فۆرد ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەحمەد شەرع دوو خولی ڕاهێنانی لە ساڵەکانی ۲۰۲۳ و ۲۰۲٤ دا لەسەر دەستی خۆی بینیوە، واتە چەند مانگێک پێش ئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتی سووریادا بگرێت. ڕوونیشیکردەوە، سێهەمین خولی ڕاهێنان بۆماوەی ۱۰ ڕۆژ بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا لەسەر دەستی ڕۆبەرت فۆرد دوای دەسبەکاربوونی شەرع وەک سەرۆکی کاتی سووریا. باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا باسی لەوەشکردووە، خولی مەشق و ڕاهێنانەکان بۆ هەتەشە لە ڕابردوودا دەربارەی لایەنە سیاسی و ستراتیژییەکان بووە لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام بەرواری ئەو خولانەی ئاشکرا نەکرد. فۆرد ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی هەتەشە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕێکخراوتر بوون.

  هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای تورک بە چەکی قەدەغەکراو، تۆپ، هاوەن لە ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی زاپ، خواکورك، مەتینا و گارە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆنگرەی پەکەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ١٧ و ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی هەرێمی مەتینا جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و هەرێمی گارە جارێک بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون. باسی لەوەشکردوە، لە ١٣ تا ١٨ـی ئایار تونێلەکانی گەریلا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار و لە هەرێمی مەتینا سێ جار، هەوڵی هێرشکردنیان داوە بە حەفارە و هەوڵەکانیان تێکشکێندراوە. دەشڵێن، ڕۆژانی ١٤ و ١٨ـی ئایار، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی گارە، هەرێمی مەتینا و هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هاوەن تۆپباران کراون. لە بەردەوامیدا باسی لەوەشکردووە، لە نێوان ١٥ و ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و هەرێمی مەتینا، سوپای تورک هەوڵیاندا شەڕبگێڕن بە هێزەکانمان و بەم ئامانجە بانگەوازییان دەکرد، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە چوارچێوەی مافی پاراستینی ڕەوادا بە تەکنیکی تایبەتی خۆی وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. زانیاریی بەرفراوانی وەڵامدانەوەی گەریلا بەم شێوەیە؛ ١٦ـی ئایار لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریی هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە ئامانجێک درا، کە لە پێگەی هێرشکردندا بوو؛ ئۆتۆمیبلێکی زرێپۆش و سیستەمێکی چەکی کۆرکووت لەناوبردران؛ گورزیش لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کریپی درا. ١٦ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لەو ئامانجانە درا، کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ لە پێگەی هێرشکردندا بوون و هاوکات گورز لە حەشارگەیەک درا. ١٨ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەکنیک گورز لە حەفارەیەک، تۆپهاوێژێک و چەکێکی قورس درا، کە لە هێرشکردنە سەر تونێلەکانماندا بوون لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٥دا لە دەوروبەری گوندی موسی لە سنووری ماکوی، وڵاتپارێزی هێژا تاهیر ئاشرون لە ماڵی حوسەین بەکی لە هۆزی ساکی بەهۆکاری ڕوداوێک گیانی لە دەستدا، بەهۆی ئەوەی تاهیر ئاشرونی هێژا بە هەڵە و لە ئەنجامی ڕوداوێکدا گیانی لە دەستدا، زۆر نیگەران بووین، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی دڵسوتاویان دەردەبڕین، با گەلەکەمان، هۆزی ساکی وڵاتپاریز و بنەماڵەی هێژای ئاشرونمان بزانن هیچ دژایەتی و نەیارێتییەک لە نێوان ئێمە و تاهیر ئاشرودا نییە و بە هیچ جۆرێک بە ئامانج نەگیراوە، شتەکە لە ئەنجامی ڕوداوێکەوە ڕوویدا، جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی ئاشرون، کە ڕۆڵەکەیان لە دەستدا و ماڵی حوسەین بەکی دەکەین.

  وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: ژمارەیەك لە میدیاكانی هەرێم هەواڵێكیان لەسەر وەرهێنان لە بواری نەوت و غازدا بڵاوكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی نوێی واژۆ كردوە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵە. لە رونکردنەوەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردوەتەوە؛ ئەو گرێبەستانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردمیر لە پارێزگای سلێمانی پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەرچوە و گرێبەستەكان پوچەڵن. رونیكردوەتەوە، سەرباری پێویستی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە غاز و دابینکردنی پێداویستی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام خاوەندارێتی سامانی نەوت بۆ عێراقییەكان دەگەڕێتەوە و هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقە، بۆیە وەزارەتەكە بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەخت لە پوچەڵبونەوەی گرێبەستەكان دەکاتەوە. رۆژی دووشەممە، 19-5-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پێشنیارەکان بۆ کات و شوێنی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە خراوەتەڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە: "هێشتا کات و شوێنی وردی دانوستانەکان دیار نییە". ئەمڕۆ سێ شەممە ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە کۆڕبەندی وتووێژی تاران درێژەدانە بە نەریتێکی لە مێژینە کە سێ چوار دەیە لەمەوبەر لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دامەزراووە. ناوبراو زیادیکرد لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ئاماژەی بە دیدارە باشەکانی وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتاکانی لە عومان و قەتەرەوە کرد وتی: لەم دیدارانەدا دوایین پرۆسەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرجەستە و زۆر بابەت باس و ئاڵوگۆڕ کرا. لەلایەکى دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەگەر ئەمریکا ئارەزووی دڵنیابوونەوەی هەیە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی نەبرێت، رێککەوتن نزیکە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی جیدی بکەین ئەوەی بگەینە چارەسەرێک کە هەمیشە ئەو دڵنیاییە بدات."   عێراقچی گوتیشی: "بەڵام پیتاندن لە ئێران، بە رێککەوتن بێت یان نا، بەردەوام دەبێت."   ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67٪ـی دیاریکراوە کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015 ئاماژەی پێکرابوو، بەڵام کەمترە لە رێژەی 90٪ـی پێویست بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی. ئێران و ئەمریکا لە 12ی نیسانەوە چوار جار کۆبوونەتەوە.   دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت."   ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.