حـ.ـە.ما.س: هیچ پێشنیارێکی نوێمان پێنەگەیشتووە بۆ ئاگربەست

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرپرسانى بزوتنەوەى حەماس ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هیچ پێشنیارێکی نوێیان لە لایەن نێوەندگرانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و جەختی لەوە کردەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج و گفتوگۆکان وەستاون.

بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەیی دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی هەر پێشنیارێک کە لە برا نێوەندگیرییەکانمانەوە وەریبگرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە، بە شێوەیەک کە مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بپارێزێت، لەبەرچاو بگرێت".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردبوو کە حەماس بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە بەدەستیەوەیە لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینی و کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ئەمەش بەپێی پلانێک کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردووە.

بڕیارە سبەی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن کۆببێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رەشنووسی پلانی نوێی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگە 23 مانگییەکەی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاشکرا دەکرێت. 
 
پلانەکە 21 خاڵی لە خۆگرتووە و لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، باسکراوە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی کە نێوەڕۆکی پلانەکەی بڵاوکردووەتەوە، پلانەکە بە "پێشنیازی ویتکۆف" ناسراوە و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، داڕێژراوە، دیدگەیەکی گشتگیری ئیدارەی ترەمپە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا باسکردووە.

پلانەکە، خاڵی سەرەکیی پێشنیازی دیکەش لەخۆدەگرێت کە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە خراونەتەڕوو، لەوانە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵاتی کەرتی غەززە. 
 
خاڵێکی دیار و گرنگی ئەم پلانە ئەوەیە بە ئاشکرا هانی فەلەستینییەکانی غەززە دەدات لە کەرتی غەززە بمێننەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ لە شوباتی رابردوودا، رایگەیاند پلانی هەیە غەززە بگرێتەدەست و هەوڵی گواستنەوەی هەمیشەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەدات و ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد. 
 
هەروەها، پلانەکە باس لە دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتوودا دەکات، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و تەواوکردنی چاکسازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین. ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەردەکەوێت، چونکە پێشتر لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆی بەدوورگرتبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار