تاران: ملكەچی فشارەكان نابین؛ سەپاندنەوەی سزاكان نایاسایین

16 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێران باڵوێزەکانی خۆی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگهێشت دەکاتەوە بۆ ڕاوێژ
میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، ئێران باڵیۆزەکانی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگهێشتکردووەتەوە بۆ ڕاوێژکردن، دوای ئەوەی سێ وڵاتەکە میکانیزمێکیان دەستپێکردووە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردەوە کە "دوای هەنگاوی نابەرپرسانەی سێ وڵاتی ئەوروپی بۆ کاراکردنەوەی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزەکانی ئێران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو بانگهێشتی تاران کران بۆ ڕاوێژکاری".
سەپاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بووە بە ئەنجامێکی پێشوەختە دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی بەدژی دواخستنی ئەو هەنگاوە دا، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی پشکنینی شوێنە ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا لە رووی یاساییەوە نادروستە، ئەوەش دوای شکستی هەوڵێکی روسیاوچین بۆ دواخستنی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران هات.
عراقچی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند: چالاککردنی "سناپباك" لەلایەن ترۆیکای ئەوروپی (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) بۆ سەپاندنەوەی سزاکان لە ڕووی یاساییەوە نادروستە، لە ڕووی سیاسییەوە هەڵەشەییە و لە ڕووی رێکارەکانەوە کەموکوڕی تێدایە.
وتیشی: فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا روبەڕوبونەوەیان هەڵبژاردووە لەبری دیالۆگ، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی بزانێت.
جەختیشكرد: گەمارۆکان زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنن و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەرئەنجامە خراپەكانی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران لەئەستۆ دەگرن.
عراقچی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای وتەکانی لە ئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە: دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان شکست دەهێنێت و چارەسەریش لە گفتوگۆدایە.
رونیشی کردەوە: بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی ئاشتیخوازانەیە و تاران تەنانەت دوای کشانەوەی واشنتۆنیش لە رێککەوتنە ئەتۆمییەكە پابەند بووە.

