ئەردۆغان: ناتانیاهۆ لەنەتەوە یەكگرتووەكان قسەى بۆ كورسی بەتاڵکرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت: نەزمی نێودەوڵەتی درزو كەلێنی تێكەوتووە، ئەو سیستەمەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لەلایەن براوەكانی جەنگەوە دامەزرا، کاریگەری و متمانەی خۆی لەدەستداوە، رۆژ بە رۆژ کێبڕکێی جیهانی لە توندبونەوەدایە، روبەڕوی ئاڵنگاری جۆراوجۆر دەبینەوە، لە قەیرانی ئاو و کەشوهەوا تا دەگاتە شەڕی بازرگانی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی بۆسفۆرس لە ئیستەنبووڵ کە رۆژی شەممە 27-09-2025 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و بە تووندی رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت.
 
ئەردۆغان، بنیامین نەتەنیاهووی بە کەسێکی "کۆمەڵکوژکار" ناوبردەوە و گوتی، "رێک دوو ساڵە بە بەرچاوی تەواوی خەڵکەوە، کۆمەڵکوژییەکی شێتانە و شەرمەزاری لە غەززە هەیە. نەتەنیاهوو و ستافە کۆمەڵکوژەکەی بە پێشکەوتووترین چەک هێرش دەکەنە سەر بێتاوانەکان و بۆمبیان بەسەردا دەبارێنن."
 
ئەردۆغان گوتی، "بەساڵاچووان و منداڵان، تەنانەت کۆرپەی نێو شووشە لەلایەن ستافی کۆمەڵکوژییەوە بێ بەزەییانە لە غەززە دەکوژرێن. هەروەها برسیەتی وەک چەکێکی قڕکەر بەکاردێ. کارمەندانی تەندروستیی رزگارکەر و ئەو میدیاکارانەی کۆمەڵکەژییەکە تۆماردەکەن، بەبەر چاوی جیهانەوە دەکوژرێن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا کاتی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بەشێکی زۆر لە میوانان هۆڵەکەیان جێهێشت و گوتی، "دوێنێ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەو بکوژەی نەتەنیاهووی پێدەڵێن، ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات. کاتێک ئاهی ستەمدیدە دەتگرێ، بە هێواشی تۆڵەت لێ دەکاتەوە."
 
لەو گوتارەی کە لە هەشتایەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێشی کرد، ئەردۆغان بەشی هەرە زۆری گوتەکانی تایبەت بە غەززە بوو و رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار