هاوڵاتی دوای راگیرانی بۆ ماوەی دوو رۆژ، بڕیارە سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستپێبکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە لە سبەیەوە لە سایلۆکانەوە دەستبکەینەوە بە وەرگرتنی گەنم. وتیشی، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە دوێنێوە سایلۆکان گەنمیان وەرنەگرتووە. نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 هەزار و 375 تۆن و 540 کیلۆ گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە. بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت. ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو. بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران. بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
هاوڵاتی عهممار حهكیم داوا له گشت هێزه سیاسییهكان دەکات، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق به گوێرهی دهستوور و بهشداریی نیشتمانی یهكلایی بكهنهوه، بۆ ئهوهی نهبێته هۆی ناكۆكی و ململانێ لهنێوان پێكهاتهیهكی دیاریكراو. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی2024، عهممار حهكیم، سهرۆكی ڕهوتی حیكمهی نیشتمانی له گوتارێکدا ڕایگهیاند، بە بەتاڵی هێشتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "کێشەیەکی گەورەیە" و داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بە گفتوگۆ کێشەکە چارە بکەن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، "زیاتر له حەوت مانگه پۆستی سهرۆكی پهرلهمان به بهتاڵی ماوهتهوه". دەشڵێت، ئهمه كێشهیهكی گهورهیه و خزمهت به پرۆسهی سیاسی و ئهو سهقامگیرییه ناكات كه بانگهشهی بۆ دهكهین، بۆیه دهبێت ئهم پۆسته به تهوافوقی سیاسی یهكلایی بكرێتهوه. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی پێنج دانیشتنی پەرلەمان و سێ پرۆسەی دەنگداندا؛ پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی لە پۆستەکەی دوور خستەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 224، د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان دەكات و بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات. د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشتر رێككەوتن كرا بۆ ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان، بەڵام حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكان داواكات و تا ئەم ساتە وەختەش چارەسەری ریشەیی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ نەدۆزراوەتەوە. فازڵ نەبی ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی نەوتی هەرێم كێشە بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستناكات، بەڵام دەبێت لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتنی كۆتایی چونكە حكومەتی عێراق بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، غەریب ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەی لە عێراقەوە بە ڤیزای ساڵ چوونەتە سعودیە بەشێكی زۆریان نێردرابوونەوە بۆ شاری جددە كە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و لەلایەن دامەزراوە رەسمییەكانی ئەو وڵاتەوە رێگرییان لێكرا كە لە رێگای دامەزراوە رەسمییەكانەوە نەهاتبێتن. دەشڵێت، لەدوای گفتوگۆكردنی ئێمە لەگەڵ باڵیۆزی سعودیە لە عێراق داوامانكرد كە ئاسانكارییان بۆ بكرێت. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا كێشەی بەشێكی زۆر لەو حاجییانە چارەسەركرا كە بە ڤیزای ساڵ هاتبوونە سعودیە و بەشێكی زۆریان گەیشتوونەتە كێوی عەرەفە".
هاوڵاتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، تۆمەتی هەڵبەستراو دراوەتە پاڵ دەستگیرکراوان. ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق پاڵنەری مهزههبی و سیاسی لەپشتە، زۆرینەی لەسێدارەدراوان لە پێکهاتەی سوننەن. تەنیا لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم 63 کەس لە زیندانی ئەلحوت لە ناسریە لە سێدارەدراون، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن تۆمەتبار دەکەن بەوەی، تێوەگڵاون لە پێشێلکاریکردن بەرامبەر گیراوان و ناچارکردنیان بە دانپێدانی هەڵبەستراو بۆ دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن جێبەجێکردنی سزاکە پاڵنەری سیاسی و مەزهەبی لەپشتە. ئەوەشیان خستۆڕوو، لانیکەم 63 سزای لەسێدارەدانی رانەگەیەندراو لە زیندانی ناسریە جێبەجێکراون، ئاشکرای دەکات دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجە کراون و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تێیاندا رەچاو نەکراوە. لە مانگی نیسانی 2024 رازاو ساڵحی، لێکۆڵەر لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی گوتی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەم دواییانە لە عێراق مەترسیدارە، گوتیشی، سیستەمی دادوەری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تێوەگلاوە، پێویستە حکوومەتی عێراق دەستبەجێ سزاکانی لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە". لە مانگی ئایاری 2024 نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و رڕگەیەندراو بەگوێرەی یاساکانی دژ بە تیرۆر مایەی نیگەرانییە. نایف شەممەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش گوتی،پێویستە پێداچوونەوە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ گیراوانی سەردەمی داعش بکرێتەوە، گوتیشی، زۆینەی گیراوان بە پشتبەستن بە زانیاری نادروست دەستگیرکراون.
هاوڵاتی رێبەرانی وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتووی دونیا ناسراو بە G7 لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا کە رەشنووسەکەی بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیان ئاگادار کردۆتەوە، کە چالاکییەکانی خۆی لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت. ئەسۆشەیتێدپرێس رۆژی هەینی 14ی حوزەیران لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد رێبەرانی G7، لە راگەیاندنە هاوبەشەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، هیچ پاساوێکی نییە بەوەی پیتاندنی لەو ئاستەدا جگە لە مەبەستی سەربازی هیچ مەبەستێکیتری لە پشت بێت. لەم راگەیاندنەدا کە بڕیارە لە کۆتایی دانیشتنی رێبەرانی G7 لە ئیتالیا بڵاو بێتەوە، بە ئاشکرا باس لەوە کراوە ئێران نابێ بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات، یان پەرەی پێبدات. ئەم راگەیاندنەی G7 لە حاڵێکدا بڵاو ئەبێتەوە کە رۆیتەرز رۆژی پێنج شەممە 13ی حوزەیران، راپۆرتێکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بڵاو کردەوەو باسی لەوە کرد ئێران بە خێرایی خەریکی جێگیرکردنی 174 سانتریفیوژە لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی "فێردۆ".
هاوڵاتی بە هۆی لافاوەوە لە چەند پارێزگایەکی ئێران لانیکەم 3 کەس لە پارێزگای مازندەران و سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلێکیش لە پارێزگای ئەردەبیل بێسەروشوێنبوون. غولامعەلی فەخاری بەڕێوەبەری گشتی مانگی سووری پارێزگای مازندەران، رۆژی هەینی 14ی حوزەیران بە میدیاکانی راگەیاند بە هۆی لافاوەوە لە جادەی چالووس و لە ناوچەی " پێچ هەزار چەم" سێ کەس بێسەروشوێنن. هەروەها بەڕێوەبەری مانگی سووری مازندەران رایگەیاند، بە هۆی لافاوەوە رێگای ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان داخراوە. قایمقامی چالووس، بە میدیاکانی راگەیاندووە، کە بە هۆی لافاوەوە رێگای " کەندوان" داخراوە. هەروەها باسی لەوەشکردوە، لافاو زیانی ماددی زۆر بە خەڵک گەیاندووە. کامران پوولادی، نوێنەری چالووس لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە گومان ئەکرێت تەرمی کاسانێک لە ژێر قوڕ و دار وبەردەکاندا مابێتەوە. فوولادی نوێنەری نەوشەهر، چالووس و کەلاردەشت لە پەرلەمانی ئێران دەربارەی لافاوەکەی چالووس وتوویەتی، کەمتەرخەمی ژمارەیەک لە بەرپرسەکان هۆکاری ئەم لافاوە بووە و داوای کردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. هەروەها ئەم نوێنەرەی پەرلەمانە وتوویەتی، بەشێک لە چێشتخانەکانی رێگای "کەندوان" بە هۆی لافاوەوە بە تەواوەتی ئاو بردوونی و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش نوقم بوون. تا ئێستا ژمارەی کوژراوەکانی ئەم لافاوە بە دروستی روون نییە، بەڵام گومان ئەکرێت نزیک 10 کەس بە هۆی ئەم لافاوەوە گیانیان لە دەست دابێت.
هاوڵاتی وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فهرمی دهركرد، تێیدا به گوێرهی پرنسیپی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، دانپیانانی به زانكۆ و كۆلیژه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستانی ههڵوهشاندهوه. ئهمڕۆ ههینی 14 حوزهیرانی 2024، لیژنهی خوێندنی باڵا له پهرلهمانی عێراق، هۆكارهكانی دانپێدانهنانی به زانكۆ و پهیمانگه ئههلییهكان له ههرێمی كوردستان ئاشكرا كرد. لهم بارهیهوه حهیدهر ئهلمهتێری ئهندامی لیژنهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له پهرلهمانی عێراق، له لێدوانێكیدا بۆ "بهغداد ئهلیوم" رایگهیاند،"له ماوهی رابردوودا، لیژنهكهمان پهیوهنیدی كرد به یاریدهدهری ئهمینداری وهزارهتی خوێندنی باڵا بۆ كاروباری زانستی، بۆ زانینی ئهو هۆكارانهی وایكردووه، وهزارهتی خوێندنی باڵا له عێراق، دان به زانكۆ و پهیمانگه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستاندا نهنێت. ئهمەش لە کاتێکدایە، دوای ئهوهی ماوهی دوو مانگه، له لایهن خوێندكارانی پارێزگا جیاوازهكانی عێراقهوه، داواكاری و سكاڵایهكی زۆر لهسهر ئهو بابهته گهشتووهته لیژنهكهمان". حهیدهر ئهلمتێری ئەوەیخستۆتەڕوو، وهزارهت وهڵامی داینهوه ناتهواوییه سهرهكییهكه بۆ وهزارهتی خوێندنی باڵا له ههرێمی كوردستان دهگهڕێتهوه، ئهوان رازینابن دان به ههندێك زانكۆ و كۆلێژی ئههلیدا بنێن كه لهلایهن بهغدادهوه دانیان پێدانراوه، خۆی مهسهلهكه وا دهخوازێت، پێویسته ئهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له عێراق دانیپێدادهنێت، ههرێم پێوهی پابهندبێت". حهیدهر دەشڵێت. "له روانگهی ئهوهی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فهرمی دهركرد، تێیدا به گوێرهی پرنسیپی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، دانپیانانی به زانكۆ و كۆلیژه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستانی ههڵوهشاندهوه، ئهمه دوای ئهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له ناوهند، ماوهیهكی زۆر چاوهڕوانی وهڵامی ههرێم بوو، بهڵام ههرێم وهڵامی نهدایهوه". لێرهوه له بهرواری 23ی ئابی ساڵی 2023، وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی له ناوهند، به ئهنجومهنی راژهی فیدراڵی راگهیاند رازی نییه دهرچووانی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دامهزرێنێت، ئهگهر حكومهتی ههرێمی كوردستان، پابهند نهبێت به دانپیانان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراق كه ههولێر رازینابێت ئیعتیرافیان پێبكات. ئهم ههڵوێسته نوێیه، لهژێر رۆشنایی ناكۆكییهكی چارهسهرنهكراوی نێوان بهغدا و ههولێر دێت كه مێژووهكهی دهگهڕێتهوه بۆ ساڵانێك لهمهوبهر. بهو پێیهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له ههرێم، رهتیدهكاتهوه دان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراقدا بنێت. ئهمه وایكرد وه خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێكهوتنێك واژۆ بكات كه تێیدا ههردوولا دان بهیهكتردابنێن. واته بهغداد دان به زانكۆكانی ههرێمدا دهنێت، له ههمانكاتدا ههولێر دان به زانكۆكانی عێراقدا بنێت. ههرچهنده بهغداد دانی به سهرجهم زانكۆكانی ههرێمداناوه، كهچی حكومهتی ههرێم بهردهوامه له خۆغافڵكردن و رهتیدهكاتهوه دان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراقدا بنێت. ئهم بڕیاره نوێیهی وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێگری دهكات لهوهی له میانهی ئهنجومهنی راژهی فیدراڵی، ههزاران دهرچووی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دابمهزرێن. ئهمهش كێشهیهكی گهوره بۆ حكومهتی ههرێمی كوردستاندا دروست دهكات.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لە راپۆرتی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دەربارەی بڕیاری ئێران بۆ دانانی سانتریفیوژی نێ لە وێستگەی ناوەکی "فێردۆ" دەربڕی و رایگەیاند ئەمریکا وەڵامی گونجاومان دەبێت. رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "ئێران وەک وەڵامدانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، بەخێرایی ژمارەیەکی نوێ سانتریفیوژی IR_6 ی لە دامەزراوەی ناوەکی "فێردۆ" دامەرزاندووە". مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندنێکدا وتی، "راپۆرتی ئەمڕۆی ئەژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم ئەوە ئەخاتەڕوو ئێران دەیهەوێت بەردەوام لە پەرەپێدان بە بەرنامە ناوەکییەکانی خۆی بە شێوازێک کە وا دەرئەکەوێت ئامانجی ئاشتیخوازانەی لە پشت نییە". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی پلانی پێشتری لە پشتە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامییە کە باس لەوە ئەکەن چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران مەبەستی ئاشتیخوازانەی لە پشتە و وا دەرئەکەوێت کۆماری ئیسلامی مەبەستی تری هەبێت لە چالاکییە ئەتۆمی و ناوەکییەکانی. ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی :" ئەگەر ئێران ئەم بەرنامەیەی خۆی جێبەجێ بکات و سانتریفیوژەکان دامەرزێنێت، وەڵامی گونجاومان بۆی ئەبێت". مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :" ئێران ئەبێ دەستبەجێ و بێ هیچ بیانوییەک لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم هاوکاری بکات و پێبەند بێت بەو سنوور دارکردنانەوە کە بۆی دیاری کراوە". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆی لەو چوارچێوە یاساییەی بۆ دانراوە جێبەجێ نەکات، ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، بەردەوام ئەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ناچارکردنی ئێران بە وەڵامدانەوە بە چالاکییەکانی. مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :"ئێمە هاوئاهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان و ئامادەین ئەگەر پێویست بکات و لە ئەگەری ئەوەی ئێران وەڵامدەرەوە نەبێت بە ئاژانس، گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر ئەکەین و وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستمان هاوئاهەنگن لەگەڵمان". ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند:" ئێران رۆژەکانی 9 و 10ی حوزەیران، ئاژانسی ئاگار کردۆتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە 3 بۆ 4 حەوتووی داهاتوودا، 174 سانتریفیوژی IR-6 لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فێردۆ دادەمەرزێنێت. ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە ٥ی حوزەیرانی 2024، بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد دەستبەجێ وەڵامی ژمارەیەک لە پرسیارەکانی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم بداتەوە دەربارەی سەرچاوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی دۆزراوە لەو وێستگانەی پێشتر رانەگەیەندرابوون. ئێران لە رابردوودا بە ناڕەزایەتی بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ساڵی 2022 ئاستی یۆرانیۆمی پیتنراوی خۆی گەیاندە 60 لە سەد کە نزیکە لە ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ چەکی ئەتۆمی. بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی ٥ی حوزەیران بە 20 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی سپی پەسەند کرا. چین و رووسیا دژی ئەم بڕیارنامەیە بوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی ئەندامانی خێزانی هەیە كە ژمارەیان چوار كەسە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەشڵێت، قۆناغی ئەزموونی سەرژمێری دانیشتوان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و كوردستان كۆتاییهات و تیایدا ئاماری زیاتر لە 45 هەزار خێزان كۆكرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامیشدا دەركەوت 91%ی سەرۆك خێزانەكان پیاوبوون و 9%ی تریشیان ژن بوون، هەروەها 50.1%ـی خێزانەكان لە رەگەزی نێر و 49.9% شیان لە كچان و ژنان پێكهاتوون. شوان جەبار یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێری ئەزموونی تێكڕای قەبارەی خێزان لە عێراق شەش كەسە، كە بەرزترینی لە پارێزگاكانی باشوری عێراقە و تێكڕای قەبارەی خێزان لەوێ حەوت كەسن. وتیشی، پارێزگای سلێمانیش لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی خێزانی هەیە كە بە چوار كەس پێوانەكراوە.
هاوڵاتی بانکی جیهانی، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە، پێش بینی ئەوەی کردووە گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی (GNP)ئێران لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر دەبێت. بەپێی ئەم راپۆرتە، گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی ئێران لە شەش مانگی دووهەمی 2024 و شەش مانگی یەکەمی 2025 دائەبەزێت بۆ 3.2%. لە حاڵێکدا پێشتر وا بەراورد کرابوو کە ئاستی بەرهەمهێنای نەتەوەیی ئێران لە ساڵی رابردوودا نزیک لە %5 بووە. بانکی جیهانی هەروەها پێش بینی ئەوەی کردووە لە ساڵانی داهاتوودا ئابووری ئێران گەشەیەکی کەمتری ئەبێت و لە 6 مانگی دووهەمی 2025 و شەش مانگی یەکەمی 2026 ئاستی گەشەی ئابووری ئێران ئەگاتە 2.6 لەسەد و دواتر دادەبەزێت بۆ 2.4 لەسەد. ئابووری ئێران لە ساڵی 2018 ەوە دابەزینی گەشەی بەرهەمهێانی خاوی نەتەوەیی بە خۆیەوە دیوە. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی زانیارییەکانی بانکی جیهانی ئابووری ئێران لە ساڵی 1982 بە بەرزترین ئاست واتە 23.2لە سەد گەیشت. دوای ئەوە جگە لە ساڵی 1990 هیچکات نەگەیشۆتە سەر 10 لە سەدەوە. بانکی جیهانی لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی لە ئێران، کە پشت بەستووە بە هەناردەکردنی نەوت، دەبێت بە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران زۆر زیاتر لە ئێستا تێک بشکێت. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و لە ئێستادا لە چەند دەروازی سنوورییەوە بازرگانی بەردەوام هەیە لە نیوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق. خراپتربوونی باری ئابووری ئێران ، کاریگەری لە سەر بازاڕەکانی کوردستان و عێراق هەیە. گەمارۆ ئابوورییەکان، لە چەند ساڵی رابردوودا کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران داناوە. لە ساڵی 2023 دا تمەن نزیک بە 50% بەهای خۆی لەدەستداوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە غاز و کارەبای بەرهەمهێناوەو هەناردەی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ دابینکردنی بەشێک لە کارەبا و غاز، پشت بە وڵاتی تورکەمەنستان ئەبەستێت.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان و چوار فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا بەهۆی ئەم هێرشەوە کوژران. یەکێک لەو فەرماندە باڵایانە، " تالب سامی عەبدوڵڵا" بووە، لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت تالب عەبدوڵڵا کێ بووەو چ دەور و نەخشێکی لەناو حزبوڵڵادا بووە. تالب سامی کێ بوو؟ تالب سامی عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1969، کە بە " ئەبووتالب" دەناسرا، یەکێک بوو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان. ماڵپەڕی "ارم نیوز"ی ئیماراتی دەربارەی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، ئەبووتالب، فەرماندەی " لیوای النصر" ی حزبوڵڵابووە، لیوایەک کە بەرپرسایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵای لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل گرتۆتە ئەستۆ. ناوچەی کشت و کاڵی "شبعا" کە بە دەست ئیسرائیلەوەیە، ناوچەیەک بووە کە "لیوای النصر" چالاکی تێدا بووە. ئەبووتالب، دیارترین فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی هەشتی مانگی رابردوودا و دوای پەرسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. کێشە و ناکۆکی و شەڕی ناوەناوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل وەک درێژکراوەی کەرتی غەزە دەبیندرێت. حزبوڵڵا ئەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت گوشارەکان لە سەر فەلەستینییەکان کەم بکاتەوە لە کەرتی غەزە، بە درۆن و مووشەک هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە وەڵامدا، بنکە و شوێنەکانی حزبوڵڵا ئەکاتە ئامانج. بە هۆی وەڵامدانەوەو هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن کوژراون. کۆبوونەوەیەکی گرینگ کراوەتە ئامانج ژمارەیەک لە میدیا عەرەبییەکان لەوانە "ارم نیوز" و "العربیە" باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل لەم هێرشەدا بە درۆن کۆبوونەوەیەکی گرینگی فەرماندەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، کۆبوونەوەکە بە بەشداری " تالب سامی عەبدوڵڵا" و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا بەڕێوەچووە کە لەو هێرشەدا لانیکەم 4 فەرماندەی حزبوڵڵا کوژراون. میدیاکانی لوبنان باس لەو ئەکەن، جگە لە "تالب سامی" 3 فەرماندەیتری حزبوڵڵا بەناوەکانی، عەلی سەفوان، محەممەد سەبرا، حسێن محەممەد حەمید لەو هێرشەدا کوژراون. ئەوانە ٣ فەرماندە بوون کە وێڕای تالب سامی عەبدوڵڵا لەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون. پەیوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی تالب سامی، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران بوو. لیوای "سیدالشهدا" یەکێک لە گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، سەرەخۆشی کردووە بە بۆنەی کوشتنی "تالب سامی"ەوەو وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی قاسم سلێمانی ناوی بردووە. بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی لوبنانی " زانیاری نێونەتەوەیی" (International Information) لە 8 مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٤٤٤ کەس لە لوبنان کوژراون. 334 کەسیان ئەندامی حزبوڵلا، 18 کەسیان سەر بە رێکخراوی تەندروستی ئیسلامی حزبوڵڵا، 18 کەسیان سەر بزووتنەوەی " امل" هاوپەیمانی حزبوڵڵا، 7 کەس لە بەشی فریاگوزاری خێرا، 3 هەواڵنێر، 1 کەس سەر بە سوپای لوبنان، یەکێک لە ئەندامانی حزبی سووری نەتەوەگەرانی کۆمەڵایەتی لەم هێرشانەدا کوژراون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، جومانه غلای وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، سبهینێ دهرگای خۆتۆماركردن دادهخرێت، پارتی ئارهزووی نیشانداوه بهشداری بكات. دەشڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان له فهرمانگهی كاروباری حزب و رێكخراوه سیاسییهكان، ئارهزووی خۆی بۆ بهشداریكردن له ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان نیشانداوه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، سبهینێ لهگهڵ كۆتایی دهوامی فهرمیدا دهرگای تۆماركردنی ناوی هاوپهیمانێتیی و حزب و كاندیده تاكه كهسییهكان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دادهخرێت. ئاماژەی بەوەشدەکات، کە ههموو لایهنه یاسایی و كارگێڕیی و دارایی و هونهرییهكان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان ئامادهكراون و كۆمسیۆن به تهنیا لایهنی هونهرییهو پهیوهندی به لایهنی سیاسیی نییه، ئهوهی لهڕووی یاساو پابهندیی و بڕیارهكانی دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكانهوه لهسهریهتی، جێبهجێیان دهكات.
هاوڵاتی كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد رایگەیاند، كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چارەسەدەبێت و دەشڵێت، " ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجامیداوە یاسایین و هیچ گرفتێكیان نییە". فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەرێنی بووە و ئەو گرێبەستانەی پێشتر هەرێم لە بواری نەوتدا ئەنجامیداون یاسایین و گرفتیان نییە و بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە هەرێم و بەغداد زەرەرمەندبوون. سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد جەختیكردەوە و وتیشی، "كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە".
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەرێگەی ئاگادارینامەیەکی ئەلیکترۆنیهوه بڵاویكردهوه داوا لە هاووڵاتیانی کرد ئاگاداری خۆیان بن لە ئەگەری هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئاگادارینامەیەکدا، داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین. دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەکردن دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە پێیانوایە ئەمریکی بن. لە درێژەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا هاتووە، "دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای نێوخۆ بکەن بۆ هەر پێشهاتێک و بە ئاگاوە مامەڵە بکەن لە نزیک ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت کە ئەمریکی بن."