دەم پارتى:پێویستە کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجالان کۆببێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکی دەم پارتى:پێویستە کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجالان کۆببێتەوە
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خەڵکی ئیزمیر، چەند داواکارییەکی گرنگی بۆ چارەسەری پرسی کورد خستەڕوو، کە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و دەرکردنی یاسای تایبەت و رێگەخۆشکردن بۆ بەشداریی سیاسیی پەکەکە لەخۆدەگرێت.
هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند، یەکەم و بەپەلەترین داواکارییان ئەوەیە، لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە و بۆچوونەکانی وەربگرێت، چونکە "ئۆجەلان لایەنی سەرەکیی پرۆسەکەیە". هاتیمئۆغوڵڵاری پێشنیازی ئەوەشی کرد، کە دەکرێت هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان بڕەخسێندرێت.
سەبارەت بە رۆڵی پەکەکە، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "پێویستە لیژنەکە یاسایەکی تایبەت بەو ئەندام و بەرپرسانەی پەکەکە دەربکات، کە چەک دادەنێن، بەجۆرێک دەرگا بەڕوویاندا بکاتەوە، بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بەشداری لە کاری سیاسییدا بکەن".
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای سزاداندا بکرێت. گوتیشی: "داوای ئازادکردنی هەزاران زیندانیی سیاسی دەکەین کە بە ناحەق سزادراون"، جەختیشی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کردەوە.
هاوسەرۆکی پارتی دەم باسی لە بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان کرد و رایگەیاند: "بەبێ دیموکراسیی ناوچەیی، دیموکراسیی ناوەندی نایەتەدی". لەو چوارچێوەیەشدا داوای کرد، "گرنگترین هەنگاو هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایبەت بە دانانی قەیوومە، کە بەها بۆ ئیرادەی دەنگدەران دانانێت".
