شاندى هەرێم و لەگەڵ بەرپرسانى خانەنشینى عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد لەتیف، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و هۆشیاریی هێزەکانى 70 راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى عێراق لە بەغداد کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەى مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینیى هێزەکانى پێشمەرگە کردووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، شاندەکە ناگەڕێتەوە تاوەکو دەگەن بە دەرئەنجامێک و مەبەستییانە یاسای خانەنشینى بەجۆرێک بێت کە لە بەرژەوەندى خانەنشینانى هەرێمى کوردستاندا بێت و خانەنشینى هێزەکانى پێشمەرگەش بەگوێرەى یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ـ بکرێت.
لە دوێنێوە شاندێک کە پێکهاتووە لە نوێنەرى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایی و هێزەکانى حەفتا و هەشتا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینى هێزەکانى پێشمەرگە سەردانى بەغدادیان کردووە.
لە ساڵى 2024-2025 حەوت هەزار پێشمەرگە خانەنشین بوون، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەر بکرێت. تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت.
هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، نزیکەی 20 هەزار پلەداری خانەنشینی پێشمەرگە، لە پلەکانی (ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە.
ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە لە یاساکەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە. بەمەش مووچەی پلەدارەکان لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە.
لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان بڕیاردراوە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە بکرێت. پاشان گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
یاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان: ئەم یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و دەرماڵەی ژن (70 هەزار دینار)، منداڵ (15 هەزار دینار)، و دەرماڵەی ترسناکی بۆ پلە سەربازییەکانی پێشمەرگە کە خانەنشین کراون تاوەکو دوو ملیۆن دینار هەژمار دەکات.
یاسای ژمارە (9)ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە 2014: ئەم یاسایە هیچ دەرماڵەیەک بۆ سەرباز بوون، یان دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی بۆ پلە سەربازییەکان لەخۆ ناگرێت.
