ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لەمیری قەتەرکرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش
پێش کۆبونەوەکەى ئەمشەویان، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ بنیامین ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە میرى قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی دۆحە کە کرایە سەر سەرکردەکانى حەماس لە چەند هەفتەى ڕابردوودا.
پێگەیەکی هەواڵی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبەرانبەر هێرشەکانی بۆ سەر دەوحە، داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، ناتانیاهۆ لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی وڵاتەکەی بۆ سەر دەوحە داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرەوەی ئەو وڵاتەی بەزاندووە، هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی ئەفسەرێکی قەتەری لە هێرشەکەدا پیشانداوە.
لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی ١٢ ئیسرائیل بڵاویکردەوە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەی وەزیرە ڕاستڕەوەکانی دەبێتەوە بەهۆی داوای لێبوردنەکەی لە قەتەر، هاوکات ئەوەشى خستوتەڕوو سوپا خۆی بۆ ئەگەری چۆڵکردنی گەڕەکەکانی غەززە ئامادە دەکات ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و بڕیاری پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە تاوتوێ بکەن.
ڕۆژەی سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا شاندی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، تەنانەت ئەمەریکا هێرشەکانی بە قبووڵ نەکراو زانی، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە، نەوەک من."
