پاسەوانی سنور: ئێمە دیواری کۆنکرێتی لەسنوری سوریا دادەنێین

2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایدەگەیەنێت کارەکانی تایبەت بە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەلایەن فەرماندەییەکەی ئەوانەوە سەرپەرشتی دەکرێ. دەشڵێت، پلانەکە سەرجەم رووبەری سنووری عێراق – تورکیا – سووریا دەگرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دیواری کۆنکرێتی لە سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق راگەیاند، دانانی دیوارە کۆنکرێتییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا "لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "پلانەکە بەو جۆرەیە کە لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور و سەرجەم سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق – تورکیا – سووریا بە دیواری کۆنکرێتی تووند و تۆڵ بکرێ."
عەمید حەیدەر کەرخی ئاماژە بەوە دەکات "بۆ دانانی دیوار و پرۆسەکانی چاودێریکردنی سنوورەکانی تورکیا و بەشێکی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا، هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە."
ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دانانی دیوارێکە بە بەرزیی 3 مەتر و پانی 75 سانتیمەتر لە سنووری باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
عێراق لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر، لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر و لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر سنووری هەیە.

