ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا، لەسەردانێکی لەناکاودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆککۆمار لە ئیستەنبوڵ کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەبوون، هەروەها ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە تورکیە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی نێوان نوێنەرانی ئیدارەی نوێی سوریا و لایەنی ئیسرائیلی. هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئەم کۆبوونەوانە "ئەرێنی" بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی سوریا ئاماژەی نیازپاکی پێشکەشکردووە کە دواتر بەرامبەریان دەبێتەوە. مانگی ڕابردوو تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە سووریا ڕوونەدات، بەتایبەتی لەکاتی پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا لەو وڵاتە، کە تەلئەبیب نیگەرانی خۆی لەو وڵاتە دەربڕی. ئەنقەرە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە دژی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد. ڕۆڵەکەی زیاتر گەشەی کرد لە دوای ڕووخان و هەڵاتنی ئەسەد بۆ ڕووسیا، چونکە لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە چالاکی کرد لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە سبەینێوە پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن دەست پێدەکات، دەشڵێت: پڕۆسەکە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوەتەوە: لە سبەینێ 25ـی ئایارەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەشکردوە: وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن، بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و لە 24ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت. تاوەکو ئەمڕۆ لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو، 25 یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشانداوە و پێنج هاوپەیمانێتى نوێ پەسند کراون. 11 هاوپەیمانێتى نوێى دیکە لە چاوەڕوانى پەسندکردندان. جومانە غەلاى دەڵێت: "ئەو 11 هاوپەیمانێتییە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە و تەنیا پەسندکردنیان ماوە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە." هاوکات 16 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە کە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت. لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون. بڕیارە 11ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
لە دوای ڕەخنە توندەکانی لە بەڕێوەبردنی شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە سێشەممەی ڕابردوودا، گرژییەکی زۆر لە نێوان یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و یائیر گۆلان سەرۆکی چەپ و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل سەریهەڵداوە. کاتز دووپاتیکردەوە، بەنیازە ڕێگری بکات لە خزمەتکردنی گۆلان لە سوپای یەدەگدا. هەر بۆیە شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا گوتی: هەڵسوکەوتی گۆلان ناوبانگی سەربازانی ئیسرائیلی لەکەدار کردووە بە دانانی تۆمەتی نابەرپرسانە و درۆ بەرامبەریان. هەروەها ڕوونیشیکردەوە، گۆلان بڕیاریداوە فەرمان بە سوپا دەربکات کە بانگی نەکات بۆ خزمەتی یەدەگ، لەگەڵ ئەوەش دا ڕێگری لە پۆشینی جلوبەرگی سوپا و چوونە ناو بنکە سەربازییەکانیش بکرێت. گۆلان لە وەڵامدا دەڵێت: دوایین جار کە جلوبەرگی سوپام لەبەر کرد لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کاتێک بەرەو باشوور ڕۆیشتم بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دوای شکستە ترسناکەکەی ئەمنیی حکوومەتەکەت. ڕاشیگەیاند "بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەموو کارێک کە لە توانایدا بێت بۆ ئیسرائیل و ئاسایشەکەی". لەلایەکى دیکەوە رۆژنامەى يوديعۆت ئەحرۆنۆت لە سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە گرژى لە نێوان پەرلەمانتار عميت هلێڤى و یسرائیل كاتس وەزیرى بەرگریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەى کنێست دروست بووە. رۆژنامەکە دەڵێت هلێڤى بە وەزیرى بەرگریی ئیسرائیلى گوتووە؛ هیچ پلانێکت بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتى حەماس لە غەزە نییە. ئێمە 20 مانگە بە پلانێکى شکستخواردووەوە شەڕ دەکەین، بۆیە ناتوانین کۆتایی بە حەماس بهێنین هلێڤی وتوشیەتى لە هەموو شەڕەکانى پێشتر دەمانتوانى چۆن دوژمن لەناوبەرین، بەڵام ئێستا ناتوانین حەماس لەناوبەرین، دەمانتوانى لەماوەى دوو مانگدا حەماس لەناوبەرین، بەڵام نەمانکرد، ئەوەش بەهۆى بێ پلانییەوە بووە.
كۆشكی سپی رایگەیاند دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئەرێنیی بووە و ترەمپ پێی وایە ئەو دانوستانانە لەسەر رێڕەوی خۆی و هەنگاوی باشیان بڕیوە.. كارۆلین لێڤێت، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكان گەشبینە بەو دانوستانانە و پێی وایە پێنج خولی دانوستان لەگەڵ ئێران هەنگاوی باشی بڕیوە و رێككەوتن لەگەڵ تاران دەتوانێت ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە. لێدوانی وتەبێژی كۆشكی سپی لە كاتێكدا دانوستانەكانی خولی پێنجەمی نێوان ئەمریكا و ئێران رۆژی رابردوو لە رۆما بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عوممان زیاتر لە سێ سەعاتی خایاند و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی رایگەیاند، پیشەییترین قۆناغی دانوستانەكان بوەە و داواكاری وبنەماكانی ئێرانیان بەڕوونی خستووەتەروو. عراقچی وتیشی بەهۆی دەستپێشخەرییەكانی عوممانەوە پێدەچێت دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام كێشە و گرفتەكان لەوە ئاڵۆزترن بە چەند كۆبوونەوەیەك بگەنە ئەنجام.
کەمێک لەمەوبەر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان، کۆتایی هات سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران. بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێت: "کۆبوونەوەکە هەندێک پێشکەوتنی تێدابوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە رۆژانی داهاتوودا روون دەبنەوە." دەشڵێت، "هەندێک پێشکەوتن هەبوو." وەزیری دەرەوەی عومان ئەوەشى خستەڕوو هیوادارین چەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بن، لەم گەڕەى دانوستانی ئەمریکا و ئێران هەندێک پێشکەوتن هەیە. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران لەدواى کۆبوونەوەکەیان وتى: ئێستا تێگەیشتنی باشتر هەیە لەنێوان ئێمە و ئەمریکا، هەردوولا رێککەوتین دانوستانەکان بەردەوام بن. هاوکات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند پیێش تەواوبوونى دانوستانەکان سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆف، بەهۆی خشتەی گەشتەکانەوە دانوستانەکانی بەجێهێشت، و وەزیرى دەرەوەى ئێران دواى کۆبونەوەکە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی لەسەر چەند پرسێک. ئەم دانوستانەی ئەمڕۆ کە پاشنیوەڕۆ بەڕێوچوو لەسەر بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە ساڵی 2015ـەوە کە تێیدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران واژۆکرا و دواتر لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە. لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بەردەوام ترەمپ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەدات و ئێستاش هەوڵ بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران دەدات هەتا بتوانێت سزاکانی لەسەر لابەرێت. عێراقچی پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ رۆما لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر دژایەتی تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە و گوتی، ئەمڕۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆما دەبێت و دۆزینەوەی رێگەی گەیشتنیش بە رێککەوتن کارێکی ئاڵۆز نییە، بەڵام لەبارەی پیتاندن یۆرانیۆم لە ئاستی سفردا، رێککەوتنیان نییە و کاتی بڕیاردان گەیشتووە.
سوپای ئیسرائیل بەنیازە لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا دەست بەسەر لە نێوان 70% بۆ 75%ی کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا بگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییە فراوانەکەیدا. ڕاپۆرتێکی نوێی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، سوپا پلانێکی نوێی هەیە بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی خاکی غەززە و دواتر دەست بە قۆناغێک دەکات کە ناوی دەنێت "پاککردنەوە" کە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، بەپێی ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم. هەروەها بەپێى پلانەکە کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەی کەرتی غەززە لە ماوەی ٣ مانگدا لەخۆدەگرێت. پێنج تیم بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن: چوار تیمی هێرشبەری و یەک تیمی بەرگری. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی کردووەتەوە کە سوپا کار بۆ جێبەجێکردنی مۆدێلی ڕەفعەت دەکات لە هەموو ناوچەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل پێی دەگەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەژێر فشاری ئەمریکا و چەقبەستوویی دانوستانەکاندا ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بۆ ناو کەرتی غەززە. لەلایەکى دیکەوە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئیسرائیل لە جەنگێکی سەختدا لە حەوت بەرە تێوەگلاوە و ئەم جەنگە لەلایەن ئێران و هێزە نزیکەکانییەوە دەستیپێکراوە. نەتانیاهۆ هۆشدارییدا کە بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا هیوا بە حەماس دەدەن کە دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستبکات و دووبارە هەوڵبداتەوە بۆ لەناوبردنی جووەکان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییدا کە کاتێک دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستدەبێت، ئێران توندڕەوەکان دەنێرێت و ئەوان دەسەڵات دەگرنەدەست، بۆیە ئەمە ئاشتییانە نابێت. گوتیشی، ئێستا رەنگە ئەم سەرکردانە پێیانوابێت کە ئاشتی بەرەوپێش دەبەن، بەڵام ئەوان حەماس بوێر دەکەن کە جەنگ بۆ هەتاهەتایە بەردەوامبێت.
سەرچاوەیەک رایگەیاند، لە سنووری ئێران و تورکیا تەقە لە ژمارەیەک کۆچبەر کراوە و بە هۆیەوە دوو گەنجی کورد کوژران، کە خەڵکی سلێمانین. یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە تەقەیان لێکراوە وتى، ژمارەمان 15 کۆچبەر بووە و ویستوومانە لە سنووری ئێرانەوە بچینە تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە کاتی پەڕینەوە لە سنووری ئێرانەوە بۆ تورکیا، لە لایەن هێزێکی ئەمنیی تورکیاوە تەقەمان لێکراوە و بەو هۆیەوە دوو کەسمان کوژراون کە خەڵکی سلێمانین. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، دەمانەوێت کەسوکاریان ئاگادار بکرێنەوە لە رووداوەکە و لە ئێستادا تەرمی ئەو دوو گەنجە لە پزیشکی توێکاری وانە.
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لەکارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان لەڕێگەی پەیوەندی و گرێبەستی ڕاستەوخۆ دەکات، بەڵام دەڵێت مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان "نادەستوورییە". ئەمڕۆ هەینى 23ـی ئایارى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە." وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە کەرتەکانى دیکەى نەوت بەردەوامە، وەک هەڵکەندنى بیرە نەوت و خزمەتگوزارى نەوتی و راوێژکارى. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە، گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە کەرتەکانى دیکەى نەوت بەردەوامە، وەک هەڵکەندنى بیرە نەوت و خزمەتگوزارى نەوتی و راوێژکارى، وەزارەتى نەوت هیچ رێگری و تێبینییەکى نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ئەوە نەبێت کە راستەخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدەر لە حکومەتى فیدراڵى و کەناڵە فەرمییەکانى، کە ئەوە پرسێکە پێچەوانەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
ترەمپ لەڕیگەی وەزیری دەرەوەی عێراقەوە نامەیەكی ئاڕاستەی تاران كردوە كە تیایدا مۆڵەتی دو هەفتەی بۆ گروپە چەكدارە ئێرانییەكان دیاریكردوە كە لەو ماوەدا عێراق بەجێبهێڵن. كەناڵی سۆمەییە نیوز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی باڵای عێراقییەوە بڵاویكردەوە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لەڕێگەی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پەیامێكی ئاڕاستەی بەرپرسانی ئێران كردوە كە تیایدا داوایكردوە لە ماوەیدو هەفتەدا سەرجەم گروپە چەكدارە ئێرانییەكان عێراق بەجێبهێڵن. سەرچاوەكە رونیكردوەتەوە؛ پەیامەکەی واشنتۆن ئەوەشی خستوەتەڕو، بەمەبەستی پشكنین پێویستە هەفتەكانی داهاتودا تاران دەرگای (31) دامەزراوە ئیتۆمییەكان و شوێنی سەربازی بەڕوی پشكنەرە ئەمەریكی و نێودەوڵەتییەكاندا بكاتەوە. راشیگەیاندوە: لە پەیامەکەیدا، سەرۆكی ئەمەریكا هۆشداری دراوە لە ماوەكانی داهاتودا لەسەر بنەمای گرتنە بەری ئەو رێكارانە لەلایەن ئێرانەوە هەوڵكشانی گرژییەكان دیاری دەكرێت، بۆیە پێویستە بە خێرایی داواكارییەكانی جێبەجێبكەن. سەرچاوەكانی كەناڵی سۆمەرییە نیوز ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، هۆكاری مەرجە توندەكانی واشنتۆن بۆ تاران،. بەهۆی بەرزبونەوەی تۆنی دەنگی بەرپرسانی ئێرانەوەیە كەلەم دواییانەدا، رەتیانكردوەتەوە گفتوگۆ لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بكەن. ڕاشیگەیاندوە: لەكاتی سەردانەكەی تۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیامەكەی ترەمپی پێشكەش بە بەرپرسانی تاران كردوە.
لەڕاپۆرتێکدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاویکردوەتەوە کە ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری کورد دەڵێت، پارتە کوردییەکانی سوریا بەمزوانە شاندێک دەنێرن بۆ دیمەشق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئایندەی سیاسی ناوچەکەیان، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، سەرەڕای دژایەتی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان نوێیەكانی سوریا. مانگی رابردوو گروپە کوردە رکابەرەکان لە سوریا، دیدگایەکی هاوبەشیان راگەیاند، كە داوای یەکخستنی ناوچە کوردییەکانیان دەكات وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا، بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستیهێناوە لە کاتی شەڕدا. ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، هێزی باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بە رۆیتەرزی وتووە: بەڵگەنامەی دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق و شاندەكە نزیكە لە ئامادەبون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق. بەڵام رەنگە روبەڕروی هەندێک زەحمەتی ببینەوە، چونکە هەڵوێستیان هێشتا توندە. خەلیل، ئەو هەنگاوانەی كە دیمەشق لە رابردودا گرتویەتیەبەر بە تاکلایەنە وەسف کرد، وتيشى: بەڵام ئێمە بەدوای گفتوگۆ و بەشداریکردندا دەگەڕێین. لەدوای کوشتنی بە کۆمەڵی ئەندامانی کەمینەی عەلەوییەکان لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکانەوە لە ناوچەی کەنارەکانی رۆژئاوای سوریا، داواكارییەكان بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی لە سوریا پەرەیسەندووە و، بەشێک لە عەلەوییەکانیش داوای حوکمڕانی ناناوەندێتی دەکەن. خەلیل دەشڵێت، رۆڵی ئەو هێزە ئەمنییانەی کورد سەرکردایەتیان دەكات دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی ئەم ناوچەیەیە، ئەگەر ئەمە لە رووی دەستوری و یاسایی و سیاسییەوە گەرەنتی نەکرێت، ئەوا گفتوگۆکردن لەسەر پرسی چەک بێهودە دەبێت. پێشبینیش دەکات ئەو هەنگاوەی پەکەکە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی تورکیا هەبێت سەبارەت بە سوریا. وتیشی: تورکیا بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو گروپانەی كە نزیك لێوەی، كردووەتە بیانوو بۆ هێرش بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، چیتر تورکیا پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکەمان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ناردنی لیستی مووچە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، واتا ڕۆژی یەکشەممە کە دەکاتە 25ـی مانگ یان ڕۆژی دواتر دووشەممە. ئەمەش لەکاتێکایە دوێنێ پێنج شەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی چوار خستە سەر هەژماری بانکی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. کارکردن لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بەردەوامە، بە ئامانجی ئەوەی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت. ئەو سەرچاوەیەى وەزارەتی دارایی هەرێم پێنجشەممە ئامادەکردنی لیستی مووچە تەواو کراوە، بەڵام هێشتا لیستەکە بۆ بەغدا نەنێرداوە بۆ بەغدا بەهۆی پشووی هەفتانەوە. ئەندامێکی شاندی کوردستان کە مانگانە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ پرسی مووچە، ئەگەر تاوەکو یەکشەممە لیستی مووچەمان بەدەست بگات، ئەوا یەکشەممە دەچینە بەغدا و لیستی مووچەش لەگەڵ خۆمان دەبەین. ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی نانەوتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە بەغدا، یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەمساڵ بۆ ناردنی مووچە، بۆ مانگی سێ نزیکەی 50 ملیار ڕادەستی بەغدا کرا. ئیتر هەفتەی داهاتوو لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیکردن لە لیستی مووچە دەستپێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت. بەپێی ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 50%ـی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، دوای هەموو 10ـی مانگێکیش دەبێت تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشتر ئامادەبکات و ڕەوانەی بەغدای بکات. ئەمە ئەرکەکانی حکومەتی کوردستانن لەبارەی مووچە، ئیتر ناردنی پارە دەکەوێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات دابەزیوە، ئاڵنگاریی گەورەش لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، ئەگەر رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى نەگات، بڕى کەمبوونەوەى کارەبا دەگاتە پێنج هەزار و 500 مێگاوات. وەزارەتى کارەباى عێراق لە راگەیەندراوێکدا لە زارى سەعد فەریح، بەڕێوەبەرى سووتەمەنى لە وەزارەتی کارەبا ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگى ئایاردا هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق بەشێوەیەکى بەرچاو کەمیکردووە و لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە دابەزیوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا، ئەوەش وایکردووە، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات کەمبکات. بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتى کارەبا، ئاڵنگاریی گەورە لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، بەو پێیەى پێویستە رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى لە ئێرانەوە بگاتە عێراق، لە حاڵەتى بەردەوامبوونى دۆخى ئێستاش، بەرهەمێنانى کارەبا پێنج هەزار و 300 مێگاوات کەمدەکات. گوتیشى، چاوەڕێی تەواوبوونى پرۆژەى سەکۆى سەرئاوکەوتوون کە لە ئێستادا لە بەندەرى خۆرزوبێر جێبەجێدەکرێت بۆئەوەی گازى سروشتى لە وڵاتانى کەنداو و وڵاتانى دیکەى عەرەبى و بیانییەوە لێ بهێنرێتە ناو عێراقەوە. بەگوێرەى بڕى گازى هەناردەکراو لە ئێرانەوە، بەرهەمهێنانى کارەبا لەعێراق، دەگۆڕێت و رۆژانە لەنێوان 18 بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا دابیندەکات، لەکاتێکدا عێراق پێویستى بە 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو دەبێتە هەڵم و بەهەوادا دەچێت، گوتی: " لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و هەڵبژاردنێکی مێژووییداین". ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆژەڤەکان لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆبوونەوە، هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکە تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەیان کرد. پێش کۆبوونەوەکە باقرخان قسەی کرد و گوتی: "جیهانێکی نوێ، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بنیات دەنرێت. لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، سیاسەتی نێونەتەوەیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدوای ڕێگەیەکی نوێدا دەگەڕێن. ئۆکرانیا بەهۆی شەڕەوە دەسووتێت، غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە وێران بووە. ڕەوشی عێراق نادیارە، سوریا پارچە پارچەیە. هەروەها بەهۆی هێرشەکنی ئیسرائیل و سیاسەتی ئەمنییەوە، ئێران لەنێو گرژیی هەمەلایەنەدایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دۆخەدایە. ڕووداوی مەزن هەن و هەموومان دەگرێتەخۆ. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرکردایەتی وڵاتانی کەنداو لەڕێگەی شەڕەوە دیزاین دەکرێتەوە". ڕێککەوتنە کۆنەکان هەڵدەوەشێنەوە، هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو لەناودەچێت باقرخان گوتی: "ڕێککەوتنەکانی پێشوو یەک بە یەک هەڵدەوەشێنەوە، ڕێککەوتنی نوێ بنیات دەنرێن. گەڕانی دیپلۆماسی و ئەمنی نوێ بەردەوامە. بێگومان لەم نێوەندەدا، ڕێڕەوی وزە و هاوسەنگیی هێز هەن. ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم جۆرەیە، ئەوانەی ناگۆڕێن ناتوانن بمێننەوە. هەموو شتێکی وشک و نەگۆڕاو دەبنە هەڵم و لەناودەچن. دەبێت ئەمە بەباشی ببینرێت. بڕیاری گۆڕانە مێژووییەکەی پەکەکە، دەرئەنجامی تێگەیشتنە لەم ڕەشەبا جیهانییە. هەم تورکیا و هەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم جیهان، لەم تۆفانە جیۆپۆلەتیکییەدا دەیانەوێت ڕێگەیەکی نوێ بۆ خۆیان دیاری بکەن. لەم خاڵەدا، دوو ڕێگەمان لەپێشە: یان قەیران و پشێویی بەردەوام دەبێت، یان ڕێگەی سەلامەتی و ئاشتی دەگرینەبەر کە ڕێگە درووستەکەیە. دۆخەکە تا ئەم ئاستە هەستیار و چارەنووسسازە". ئێمە ڕێگەی سەلامەتیمان هەڵبژارد، نەوەک کارەسات باقرخان ڕایگەیاند هەنگاوەکەی باخچەلی و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێستی ئەردۆغان و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، گرنگ بوون، گوتی: "ئەم هەنگاوانە گرێکوێرەیەکی سەدساڵەی کردەوە، ڕووگەکەی لە شەڕەوە گۆڕی بەرەو ئاشتی. ئێمە ڕێگەی سەلامەتیمان هەڵبژارد نەوەک ڕێگەی کارەسات. بەرپرسیارێتییەکی مەزن لەئەستۆی هەموومانە، دەبێت بێ دواکەوتن، ئاشتی بەدی بهێنین". ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژووییداین باقرخان ڕایگەیاند درەنگکەوتنی بەدیهاتنی ئەم ئامانجە زیانی ماددیی و گیانی لێ دەکەوێتەوە، گوتی: "لەبەردەم هەڵبژاردنێکی مێژووییدایین. یان پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک لەسەر بناغەی دیموکراتیک دادەڕێژینەوە، یان لەنێو سیناریۆی کارەساتباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناودەچین".
ئەمڕۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەڕێوەدەچێت و ناکۆکیی سەرەکیش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئەم دانوستانەی ئەمڕۆ بەڕێودەچێت، لەسەر بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە ساڵی 2015ـەوە کە تێیدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران واژۆکرا و دواتر لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە. لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بەردەوام ترەمپ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەدات و ئێستاش هەوڵ بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران دەدات هەتا بتوانێت سزاکانی لەسەر لابەرێت. عێراقچی پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ رۆما لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر دژایەتی تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە و گوتی، ئەمڕۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆما دەبێت و دۆزینەوەی رێگەی گەیشتنیش بە رێککەوتن کارێکی ئاڵۆز نییە، بەڵام لەبارەی پیتاندن یۆرانیۆم لە ئاستی سفردا، رێککەوتنیان نییە و کاتی بڕیاردان گەیشتووە. ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ هەڵوێستی دژبەری ئێران لە دانوستانەکاندا و ئاستی جیاوازییەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشاندەدات کە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم قبوڵناکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و باسیان لە کوشتنی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کردووە لە واشنتۆن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستراوەتەوە، ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە هەردوو سەرکردە باسیان لە شەڕی کەرتی غەززە کردووە، هەروەها ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ ئامانجەکانی نەتانیاهۆ دەربڕیوە، لەوانەش ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دروستکردنی یەکەم ناوچەی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە تەواو دەبێت. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕێگەی بە ١٠٠ بارهەڵگری بارهەڵگری خۆراکی منداڵان و کەرەستەی پزیشکی دا بۆ چوونە ناو غەززە. کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ترەمپ لە کاتی پەیوەندییەکەدا بابەتی "رێکەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران" وروژاندووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک پێیوایە گفتوگۆکان "بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن". وتەبێژەکەى کۆشکی سپی ئەوەشى خستوەتەڕوو گفتوگۆکانى ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهۆ بەرهەمدار بووە، وتیشى: ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران دەتوانێت بە دوو شێوە کۆتایی پێبێت، دەکرێت بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی زۆر ئەرێنی کۆتایی پێبێت، یان دەتوانێت بە دۆخێکی زۆر نەرێنی بۆ ئێران کۆتایی بێت. بۆیە هەر بۆیەشە ئەم گفتوگۆیانە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن. لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژران بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە مۆزەخانەکەدا سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون. هەروەها، کوژراوەکان ژن و پیاوێکن. سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە ئیلیاس رۆدریگێز کە تۆمەتباری کوشتنی دوو کارمەندەکەی ئیسرائیلە دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ سەر شوێنی رووداوەکە 10 خولەک وەستاوە و دواتر خۆی بەدەستەوە داوە. سی ئێن ئێن ئاماژەى بەوەکردوە سەرەتا ئیلیاس رۆدریگێز لەنێو خەڵکدا وەک شایەتحاڵ مامەڵەی کردووە بەڵام دوای 10 خولەک هاواری کردووە و گوتوویەتی: من کردم، من ئەوانم لەپێناو غەزە کوشت.
