حـ.ـە.ما.س: ئازادکردنی دیلەکان پەیوەستە بەکۆتاییهاتنی جەنگ

2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا حەماس تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە نەداوە، بەڵام تاهیر نونو یەکێک لەسەرکردەکانى بزووتنەوەکە "ئامادەکارییەکان بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە کەرتی غەززە" پشتڕاستکردەوە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاند: ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە کە دەتوانێ ساڵانێک درێژ بێتەوە.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە "ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی جەنگ و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە".
ئەو بەرپرسەى حەماس جەختیشی لەوە کردەوە کە بزووتنەوەکە "جددییە لە ئازادکردنی دیلەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل مسۆگەر دەکات".
بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە "چەکەکانی بەرخۆدان پەیوەستن بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینەوە"، وەک خۆی دەڵێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە ترەمپ سێ بۆ چوار ڕۆژی مۆڵەتی بە حەماس دا تا ڕۆژی سێشەممە وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا پێشکەش بکات ، ئەگەرنا وەک خۆی وتی "ڕووبەڕووی چارەنووسێکی تاریک دەبێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، قەتەر و میسر و تورکیا چالاکانە لۆبییان بۆ بزووتنەوەکە کردووە بۆ ئەوەی ڕێکبکەون و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئێستادا باشترین دەرئەنجامی مومکینە، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان لەگەڵ ئەکسیۆس کردووە.
