یەکەمین بارەنەوتی هەرێم دەگاتە بازاڕەکانی جیهان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، یەکەمین نەوتگوێزەرەوە ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغداد.

لەداوی رێککەوتنی سێقۆڵی نێوان حکومەتی عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، لە 27ـی ئەیلوولى 2025 نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەکرایەوە، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیرابوو.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە پرۆسەی بارکردنی نەوتەکە دەستپێبکات و بۆ ئەو مەبەستەش نەوتگوێزەرەوەی "ڤالێسینا" (Vallesina) لە بەندەری جەیهانی تورکیا لەنگەری گرتووە. دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کەشتیی ڤالێسینا دەبێتە یەکەم نەوتگوێزەرەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە دەستی کڕیاران لە دوای رێککەوتنەکەی 27ـی ئەیلول.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو دوێنێ سێشەممە، رۆژانە 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووەتە بەندەری جەیهان و پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو بڕە بۆ 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزببێتەوە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای رێککەوتنێکی سێقۆڵیی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیپێکردەوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت بەرەو بەندەری جەیهان رەوانە دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت.

بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێ.
 
رۆژی یەکشەممە، عامر خەلیل، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە رووداوى راگەیاند: "ئێستا تەنیا نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێ و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکووک هەناردە بکرێ، ئەگەر پێویست بکات و ئەوەش بەندە بە سیاسەتەکانى وەزارەتى نەوتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار