جەمال کۆچەر: کێشەی مووچە چارەسەر نەبووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، ڕایگەیاند، کێشەی مووچە لە رەگەوە چارەسەر نەبووە و ئێستا بابەتی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووەتە کێشەی سەرەکی. هۆشداریش دەدات لەوەی بەغداد کەمکردنەوەی ئەو بڕە رەتدەکاتەوە و پێویستە هەرێم پابەند بێت، ئەگەرنا بەغداد دەیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە.
تاوبراو ئەوەشى خستەڕوو هێنانە پێشەوەی بابەتی کەمکردنەوەی 120 ملیار دینار بۆ 80 یان 90 ملیار، دوو مەترسیی هەیە: "یەکەم، حکومەتی عێراق دەڵێت پێویستە وردبینی لە داهاتەکانتدا بکەم، کە ئەمەش دەستوەردان دروست دەکات. دووەم، پێویستە ئەم بابەتە زۆر بەپەلە یەکلابکرێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێی وایە بەغداد بە کەمکردنەوەی بڕی داهاتە نانەوتییەکە رازی نابێت و دەڵێت: "ئەوانیش کێشەی کەمیی داهاتیان هەیە، بودجەی سێ ساڵەیان داناوە و تەنها لە ساڵی 2023 بڕی 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانیان هەبووە، بۆیە ئێستا 6 هەزار پڕۆژەیان راگرتووە و ناتوانن پارەی بەڵێندەر و پارێزگاکان بدەن".
جەمال کۆچەر هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بەغداد رازی نەبوو و هەرێمیش پابەند نەبوو بە ناردنی 120 ملیار دینارەکەوە، ئەوا دەبێتە بیانوو بۆ بەغداد و دەڵێن هەرێم پابەند نییە. یان هەنگاوی دووەم دەنێن و بەرەو 'مەقاسە' دەڕۆن، واتە راستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە لەو 956 ملیارەی مووچە دەبڕن".
سەبارەت بە توانای دارایی هەرێم، کۆچەر دەڵێت: "مەنتیقی نییە حکومەتێک بڵێت من 120 ملیار دینارم نییە بیدەم بە بەغداد بۆ ئەوەی مووچەمان بۆ بنێرن. نە داهاتەکانمان ئەوەندە کەمە و نە لە بنەڕەتدا ئەمە پارەیەکی زۆرە کە ملیۆنێک و 150 هەزار کەسی لەسەر سزابدەیت".
جەمال کۆچەر پێی وایە رێککەوتنەکە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە بووە و دەڵێت: "هەردوو حکومەت پێویستیان بەیەکە. حکومەتی داهاتووی بەغداد پێویستی بە پشتیوانیی لایەنە کوردییەکانە، بۆیە ئامادەیە مووچە بنێرێت ئەگەر هەرێم پابەند بێت. لەبەرامبەریشدا هەرێم پێویستی بە بەغدادە، چونکە ناتوانێت بە تەنها 956 ملیار دینار مووچە دابین بکات".
لە کۆتاییدا، کۆچەر ئاشکرای دەکات کە لە بەغداد پرسیار لەسەر چارەنووسی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکرێت و دەڵێت: "پرسیار دەکەن بۆ تا ئێستا 'هەژماری من' رادەست نەکراوە و ناخرێتە سەر سیستمی فیدراڵی؟ ئەوان دەڵێن ئەگەر بابەتەکە بۆ چارەسەری لێبڕین و بندیوار نییە، بۆچی رادەستی ناکەن؟".
