کاتى بانگەشەى هەڵبژاردن دیاریکرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی 3ـی 10ـی 2025 وەک یەکەم ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.

كۆمیسۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستەی کۆمسیاران لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی عێراق پەسەند دەکات. دەستەی کۆمسیاران ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەر وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکات.

بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 7900 کاندید ناوی خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردووە. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان زۆربەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە. تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواوکراوە. ژمارە دراوەتە قەوارە و هاوپەیمانی و کاندیدەکان. پڕۆسەی وردبینیکرنی ناوی کاندیدەکان دەستیپێکردووە. دەنگدانی ئەزموونی ئەنجامدراوە. رێکار و رێوشوێنەکانی دیکە بەردەوامە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە . بەپێی ئامارەکان 21.404.291 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە 20.063.773 ملیۆن دەنگدەرانی گشتییە و 1.313.980 دەنگدەرانی تایبەته.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ کردوەتەوە و لەکۆی زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر کە مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەسانی لە دایکبووی ساڵی 2007 کە ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە ژمارەیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس، رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەش تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە و بڕیارە مانگی ئەیلول کارتی دەنگدانەکانیان تەواو بێت و رادەستیان بکرێتەوە.

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆن بەکارهێنانی پەنجەمۆری دەنگدانی هەڵوەشاندوەتەوە.

رۆژی (16ـی تەمموزی 2025) کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدانى هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بۆ پاراستنى تایبەتمەندى دەنگدەران لەکاتى دەنگداندا، بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست "سبەى" کەوتووە، ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیاریداوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدان.

جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە "سبەى" راگەیاند: بەپێی یاساى هەڵبژاردن کۆمسیۆن بەفەرمى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیارى دەکات، ئەوەش بەپێی خشتەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و لایەنەکانەوە پێویستى بە مۆڵەتى فەرمى کۆمسیۆنە و هێشتا بەفەرمى هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

حەسەن هادى ئەندامى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند: بەپێی خشتەى هەڵبژاردن، چاوەڕواندەکرێت بانگەشەى هەڵبژاردن لە 10ـى تشرینی یەکەم دەستپێبکات و تا هەشتى تشرینى دووەم و 24 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت بخایەنێت.

وتیشى: "سزاى پێشێلکاریی بانگەشەى هەڵبژاردن، سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تا سەپاندنى ملیۆنێک بۆ 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و دورخستنەوەى کاندیدەکە، ئەوەش بەپێی جۆرى پێشێلکارییەکە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار