بۆ یەکەمجار شاندی پارتی دەم لەگەڵ شاندی مەهەپە و دوای 10 ساڵیش لەگەڵ ئاکپارتی بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدى دەکەن. ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، پارتی دەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جەژنە پیرۆزە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا مەهەپە، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و جەژنە پیرۆزە لە یەکدى دەکەن، بەو جۆرەش بۆ یەکەمجار، پارتی دەم و مەهەپە پیرۆزبایی جەژن لە یەکدى دەکەن. هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی مەهەپە دەکاتەوە. دواتر پارتی ئایندە ، بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی دەم دەکات و هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی پارتی ئایندە دەکاتەوە. لە کاتژمێر 12:30 خولەکیشدا، شاندی ئاکپارتی سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەم دەکات و شاندێکی پارتی دەمیش سەردانی ئاکپارتی دەکات. ئەوەش یەکەم سەردانی هەردوو پارتەکەیە بۆ لای یەکدى بۆ جەژنە پیرۆزە لە دوای 10 ساڵ. پاشان لە کاتژمێر 13:30 خولەکدا پارتەکانی دەم و سەعادەت و لە کاتژمێر 14:15خولەکیشدا پارتی دەم و دەڤا بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکی یەکتر دەکەن. سەردانەکەی شاندی پارتی دەم، مەهەپە و ئاکپارتی بۆ جەژنە پیرۆزە بۆ لای یەکدى، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیە تەماشا دەکرێت، کە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین قۆناغی پرۆسەکەش، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ. جەهەپە هیچ پلانێکی بۆ سەردانی لایەنەکان لە رۆژانی جەژندا نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دەم باسی لە سەردانی شاندەکەی بۆ لای ئەو پارتە نەکردووە.

  ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و ژمارەیەک لە نوێژخوێنان، لە کۆشکی گەل لە دیمەشق، بۆ یەکەمجار نوێژی جەژنیان کرد، یەکەمجارە لەو کۆشکە مەراسیمێکی لەو شێوەیەی لێ بەڕێوەبچێت. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لە تەنیشتییەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و شێخ ئوسامە ئەلرفاعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی فەتوای سووریا و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی و دەسەڵاتی نوێێ سووریا و هاووڵاتییان، نوێژی یەکەم ڕۆژی جەژنیان لە کۆشکی گەل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد. گوتاربێژ و پێشنوێژی جەژن، پیرۆزبایی جەژنی لە خەڵکی سووریا کرد و بە جەژنی سەرکەوتنی ئەوانە وەسف کرد کە دیمەشقیان ڕزگار کرد. گوتاربێژ و پێشنوێژ گوتی: ئەو جەژنە، هیچ گەندەلی و سەرکوتکردنێک نییە، بەڵکو جەژنی ئاشتی و خۆشەویستی و ڕێزگرتنە، ئەوە دروشمی ڕزگارکەرانی دیمەشق بوو. گوتیشی: ئەو جەژنەی کە وێنای بەهای بەرز دەکات، بە پشتیوانی خوای گەورە دەوڵەتی نوێمان تێیدا بونیات دەنێین، ئێمە لە قۆناغی بونیاتنانی وڵاتین و پێویستە هەمووان بەشداریی ئەو بونیاتنانە بکەن.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."   ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم."   ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد.    سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات."   سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."   میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە.   ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".   نامەکە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.

كیفاح مەحمود، راوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوەی رودەدات پلانێكی روون و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بەو گروپە سیاسیانەوە هەیە فشار دەكەن لە بەغدادو هەوڵی تێکدانی سیستمی فیدراڵی وڵات دەدەن، كە ساڵانێکی زۆرە کاردەکەن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێم و سەندنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی. راوێژكارەكەی بارزانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە، روونە کە کۆمەڵەی نەوت ناڕازییە لە بیرۆکراتیی و هەنگاوەكانی پەیوەست بە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. وتوشیەتی، بابەتەکە پەيوەستە بە سیاسەت نەک رێکاری تەکنیکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی سەبارەت بە رێکارەکانی دەرهێنانی نەوت پەسەندکرد، سەیركە لەوەدایە، وەزیری نەوتی فیدراڵی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێردا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا. دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان. دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە. واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، وەڵامی ئێران بۆ نامەکەی ترەمپ ئامادەکراوە و گەیەندراوە بە کۆشکى سپی، دەڵێت، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بەرنامەی کار و پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامە. موهاجرانی نەیگوتووە ئەم دانوستانە ناڕاستەوخۆیانە لەڕێی کام وڵاتى نێوەندگیرەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام دەڵێت، تەنها سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت، لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت بەرنامەی مووشەکی و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەش بگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاندووە، ناوەڕۆکی نامەکانی ئێران و ئەمریکا بە نهێنی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بەرژەوەندییەکانی وڵات پێویستی پێیەتی. رۆژی شەممە، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، "لە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەرمان، بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا دەکرێتە ئامانج". دیێگۆ گارسیا، دوورگەیەکە بە رووبەری 30 کیلۆمەتر دووجا، سەر بە بەریتانیایە، دەکەوێتە زەریای هیندی بە دووری سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە باشووری ئێران. لە دوورگەی دیێگۆ گارسیادا بنکەیەکی سەربازی تێدایە بە هەمان ناوی دوورگەکە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە، بەڵام بە رێککەوتنێكی ساڵی 1966، بنکەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا و ئێستا بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمانی بەشی زۆری ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دەکات.

کابینەی نوێی حکومەتی سووریا درەنگانی شەوی رابردوو راگەیێندرا. حکومەتەکە لە 22 وەزارەت پێکهاتووە کە تەنیا یەک وەزیریان کوردە. لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش دەڵێن "نوێنەرایەتی ئێمە ناکات."   هاونیشتمانییەک بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پۆستی وەزیری پەروەردەی لە کابینەی نوێی حکومەتی سووریا پێدرا.   محەممەد تورکۆ کێیە؟   - ساڵی 1979 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەکانی دیمەشق تەواو کردووە. - لە زانکۆی دیمەشق، کۆلیژی یاسای لە ساڵانی 1997-2001 خوێندووە. - لە ساڵی 2003، وەک یاریدەدەری مامۆستا لە کۆلیژی پەروەردە لە زانکۆی دیمەشق دامەزراوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان. - لە زانکۆی لایپزیگی ئەڵمانیا لە 2004-2009 بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان (مافەکانی منداڵ) - لە ساڵی 2009 وەکو ئەندامی دەستەی وانەبێژانی زانکۆی دیمەشق دامەزراوە - 2013 بۆ 2014 سەرۆکی بەشی پەروەردەی منداڵ (باخچەی منداڵان - مامۆستای پۆل) بووە لە کۆلیژی پەروەردە  - 2016 بۆ 2020 جێگری راگری کۆلیژی پەروەردە بووە بۆ کاروباری خوێندکاران و کارگێڕی  - هاوژینی هەیە و باوکی سێ منداڵە   محەممەد تورکۆ لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی دوێنێ (شەممە)، سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی خۆجێیی ئەنەکەسە رایگەیاند، "ئێمە، نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."   هاوکات ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) جەختی لەوە کردەوە، بەشداریی رێوڕەسمی راگەیاندنی کابینەی حکومەتی کاتیی سووریا ناکەن. 

لە سوریا، رێوڕەسمی راگەیاندنی پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو و ناوی ئەندامانی کابینەی نوێ ئاشکرا کرا. لەم رێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەر ئەنجام درا، پلانی نوێ بۆ بوژاندنەوەی وڵات خرایە ڕوو. ئەحمەد شەرع لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سوریا هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو پێشەوە دەنێت و گەلی سوریا لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیان دەبینن."  بەپێی قسەکانی ئەو، راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەر دەرخەری "ئیرادەی هاوبەشی سووریەکانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ و سەربەخۆ و بەهێز و خاوەن سەروەری." سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا جەختی لەسەر چەند ئامانجی سەرەکی حکوومەتەکەی کردەوە و رایگەیاند کە ئامانجی یەکەمیان بریتییە لە دووبارە بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێپرسینەوە و شەفافیەت و پاشانیش چارەسەرکردنی پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شەرع جەختی کردەوە کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان و پاشان کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە بواری پەروەردە و تەندروستی.  شەرع ئەوەشی خستە روو کە کار دەکەن بۆ چارەکردنی کێشەکانی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی ئەو کەرتە و پاشانیش بەهێزکردن و بنیاتنانەوەی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی دەستی ناوخۆیی. شەرع لە کۆتایی وتارەکەیدا رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سوریا بکەنە دڵی عرووبەی جیهانی عەرەبی. ئەم هەنگاوە، دوای تێپەڕینی نزیكەی چوار مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دێت. ناوی بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی راگوزەری سوریا: مورهەف ئەبو قەسرە- وەزیری بەرگری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا مەروان حەلەبی- وەزیری خوێندنی باڵا  مەزهەر وەیس- وەزیری داد  محەمەد بەشیر- وەزیری وزە محەممەد ئەبو خەیر شوکری- وەزیری ئەوقاف  ئەنەس خەتاب- وەزیری ناوخۆی سوریا محەممەد یەسر بەرنییە - وەزیری دارایی  هەند قبوات- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی  نیزال شەعار- وەزیری ئابوری رائید ساڵح - وەزیری بەهانەوەچون و کارەساتەکان عەبدولسەلام هەیکەل- وەزیری گەیاندن  حەمزە موستەفا- وەزیری راگەیاندن محەممەد ساڵح- وەزیری رۆشنبیری موسعەب عەلی_ وەزیری تەندروستی - ئەمجەد بەدر_ وەزیری کشتوکاڵ عەلی کیدە - ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران

  سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوانیان لە ناوچەی ڕەفەح دەستپێکردووە بۆ فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری غەززە. دەروازەی ڕەفەح دەروازەی کەرتی غەززەیە بۆ جیهانی دەرەوە، هەروەها خاڵی سەرەکیی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناو غەززە. بەپێی زۆرێک لە شیکارییەکان، کۆنترۆڵکردنی پەڕینەوەی ڕەفەح سەرەتایەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکە و سنووری لەگەڵ میسر، کە قاهیرە دەڵێت، پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤدە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنێکی هاوەن لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل هێزەکانیان لەچەند شوێنێکى جیاوازى ناوچەکەوە تەقەبان لێکراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شوێنێک لە خان یونس، لەو ناوچەیەی کە هێزەکانی باشووری غەززە پێشتر لە ڕۆژی شەممەوە گولـلە هاوەنیان لێیەوە تەقاندووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناوچەی ئەلجونەینا لە شاری ڕەفەح دەستپێکردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری کەرتی غەززە. بەرپرسێکى بزوتنەوەى حەماسیش دەڵێت ئیسرائیل لە پێناو ڕزگارکردنی حکومەتەکەی ناتانیاهۆی تاوانبار، وەستان و خۆیاندزیەوە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. ئەو بەرسە وتیشى: نەتانیاهۆ ماوەی ساڵێکی تەواو خۆی دەدزێتەوە و هەموو هەوڵەکانی ناوبژیوانان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پووچەڵ کردووەتەوە، ئێمە پابەند بووین بە هەموو مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە. لەوەتەی شەڕ لە غەززە دەستی پێکردووە، ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دیوی فەلەستینی پەڕینەوەکە و چاودێریکردنی هەموو ئەو یارمەتییانەی کە دێنە ناو غەززە، چەندین جارە نەتانیاهۆ هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر ڕەفەح دەکات. سەرەڕای دژایەتیی وڵاتانی جیهانی لە نێویشیاندا واشنتن.

  جەنەراڵ عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد، ئەگەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر. ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری داخستنی گەروەکە لەلایەن فەرماندە باڵاکانی وڵاتەوە دەدرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش بەرپرسیارێتی منە. تەنگسیری وتیشی، ئێران چاوپۆشی ناكات لە هیچ هێرشێک بكرێتەسەری، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بدات و دەربازبێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین بەدوایەوەبین بۆ کەنداوی مەکسیک، ئەوا ئەو کارە دەکەین. ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران جەختیكرد، وڵاتەکەی ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی یان تواناکانی بەرەی مقاوەمە و، ئەم پرسانە بۆ گفتوگۆ نین. ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە چوار خاڵ وەڵامى نامەکەى دۆناڵد ترەمپى داوەتەوە کە تێیدا دوو مانگ مۆڵەتى بۆ تاران دیاریکردبوو کە یان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، یاخود بژاردەی سەربازی هەڵدەبژێرێت. لەدوو رۆژى رابردوودا، ئێران لەڕێگەی میرنشینی عوممانەوە وەڵامى نامەکەى ترەمپى دایەوە كە تێڕوانینی ئێرانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستا و نامەكەی ترەمپ. وەڵامى ئێران بۆ نامەکەى ترەمپ بەسەر چوار خاڵدا دابەشکراوە و بە جیا و بە وردی وەڵامی هەر بڕگەیەکى نامەکەی داوەتەوە، بە بەکارهێنانی زمانێکی گونجاو لەگەڵ ئەو زمانەی کە ترەمپ بەکاری هێناوە، ئەوەش بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئێرانى بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید.

  بە گوێرەى راپرسییەک، کە پاش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کراوە، دەریدەخات جەهەپە 33% و ئاکپارتی 30%ـی دەنگەکانى هەڵبژاردنى داهاتوو بەدەستدەهێنن و ئیمامئۆغڵو لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بەربژێربێت، لانیکەم بە جیاوازیی 7% دەبێتە سەرۆککۆمار. راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا لەلایەن کۆمپانیای "سەر ئار بۆ راپرسی" کراوە، دوو هەزار کەس بەشدارییان کردووە و پرسیاری ئەوە کراوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت دەنگ بە کام پارت و کام بەربژێر دەدەیت. بەگوێرەی راپرسییەکە دەنگی جەهەپە 33.8%، ئاکپارتی 30.2%، پارتی دەم 10.4%، مەهەپە 7.5%، زەفەر 6.4%، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 5.9%، ئیی پارتی 2.4٪ و پارتی کرێکارانی تورکیا 1.6% و دەنگی ئەوانی دیکە 1.8%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنن. هاوکات پرسیار لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان رکابەریی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بکەن، دەنگ بە کامیان دەدەیت، ئیمامئۆغڵو 47.2% و ئەردۆغان 40.3%ـی دەنگەکانی بردووتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردوودا، جەهەپە 37.8% و ئاکپارتی 35.5%ـی دەنگەکانیان هێنا.

  فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەبۆنەى هاتنى جەژنى ڕەمەزانەوە پەیامێکى بڵاوکردوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان. هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى هەسەدا هاتووە: هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. دەقى پەیامەکە پیرۆزە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی چەکدارە خۆپاراستنەکانمان دەکات لەسەر سنوورەکانی نیشتمان، پاسەوانی ئاسایش و سەلامەتی وڵاتەکەی. هەروەها بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوەی ئیسلامی و کەسوکاری شەهیدانمان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین. هیوادارین هەموو لایەک جەژن لە کەشێکی خۆشی و ئاسایش و ئارامیدا بەسەر بەرن. هەروەها هیوادارین جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانمان کە لەمێژە بەدەست بەڵای شەڕ و قەیرانەوە دەناڵێنێت. هیوادارین جارێکی دیکە سوریا ببێتە نیشتمانێک بۆ هەموو سوریاییەکان، بەبێ گوێدانە پەیوەندی و بیروباوەڕ و ئاراستەکانیان.  هەموومان بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری خاکەکانیدا زاڵ دەبێت. هەموو جۆرە شەڕ و شەڕێک کۆتایی دێت و ئاوارە و ئاوارەکان و کۆچبەرەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. داگیرکردنی خاکەکانی کۆتایی دێت و سوریەکان بە دەستی خۆیان ئایندەی وڵاتەکەیان لە قاڵب دەدەن، بەگوێرەی خواستەکانیان و بە شێوەیەکی دیموکراسی. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات

کەجەکە رایگەیاند، پەیامێکی مێژوویی بڵاوکراوەتەوە و هیودارن کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت و برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. کۆمیتەی گەلان و باوەڕمەندییەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بانگەواز لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن، ئەم جەژنە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی و هاوکاریکردنی یەکتریی، پەیامێکی مێژووی دراوە وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی زانایانی ئاینی و رێبەرانی باوەڕدارەکان. دەشڵێت، وێڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تورکیا هەموو رۆژێک بەسەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانی گەریلاکان بۆردومان دەکەن. تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە: "جیهانی ئیسلامی بە تەواوکردنی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئامادەکارییدایە بۆئەوەیی جەژنی ڕەمەزان پیرۆز بکات. وەک تەڤگەر سەرەتا جەژنی ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین و هیواخوازین ئەم جەژنی ڕەمەزانە بۆ هێنانەئارای دادپەروەری، یەکسانی  و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی ئیسلامی، بۆ ئاشتی و یەکسانی لە نێوان گەلان و باوەردارییەکاندا ببێتە سەروەر و ببێتە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە ژیانی دیموکراتیکی. هیواخوازین ئاشتی، ئازادی، یەکێتی، یەکگرتوویی، یەکسانی، خوشک-برایەتی و بەرەکەت بهێنێ بۆ هەموو گەلانی موسڵمان کە ڕۆژەووەکانیان بە نیازی باش، نزای باش و کاری باشەوە تەواو دەکەن. وەک کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەژن لە نێو شەڕێکی سەخت، گرژی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتییدا تێپەڕ دەکەین. کۆمەڵگە موسڵمانەکان کە لە جوگرافیایی جیاوازدا دەژین، ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسەتەکانی کۆڵۆنیالی-زۆرداری و کێشە سیاسییەکان بوونەتەوە. لە چەندین دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە بە تایبەت لە غەززە، سووریا، ڕۆژئاوا، باشوور و هەرێمەکانی گەریلا، جڤاتی موسڵمانان مانگی ڕەمەزان بە تێکۆشان لە دژی هێرشی قڕکاری، فشار، زۆرداری، برسێتی و قەیرانەوە تێپەڕ دەکەن. هێرشەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لەسەر غەززە درێژەی هەیە. گەلی عەلەوی لە مانگی ڕەمەزاندا لە سووریا قڕکران. لە ڕۆژئاوا پەرستنەکانی ڕۆژوو بە بەرخۆدانی گەلی شکۆدار لە دژی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی سەر بەنداوی تشرین بەسەربرا. وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هەموو ڕۆژێک بە سەدان جار لە زەمینەوە بە تۆپ و تانک، لە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان کران. بەم بۆنەوەیەوە دەمانەوێت ئەوە بیربهێنیەوە بەرخۆدانی موسڵمانان لە دژی هێرشەکان وێڕایی ڕۆژووی ڕەمەزانی پیرۆز، هێندەی پەرستشەکانیان پیرۆزە. جەژنی ڕەمەزان لە هەموو موسڵمانان پیرۆز دەکەین کە لە هەموو جێگەیەک لە بەرخۆداندان. بانگەوازی لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە لە ئاینداری حەقیقەت، دادپەروەری، ئاشتی، باشی و ڕاستییدان لە قۆناغەکانی داهاتوودا هاوکاری تێکۆشانی دیموکراسی بکەن کە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئارادایە. کوردستانیانی وڵاتپارێزی هێژا؛ لەم پرۆسەیەدا کە گەواهیدەری پرۆسەیەکی نوێین و ناوەندکەی کورد و کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین. کوردانی موسڵمان زۆرینەیی ڕۆژەکانیان کە ڕۆژوویان تێدا گرتووە بە چالاکی دیموکراتیکی و تێکۆشان لە گۆڕەپانەکاندا تێپەڕ دەکەن. تێکۆشانی مەزنی گەلی کورد کە بە ٨ی ئادارەوە دەستیپێکرد و لە نەورۆزدا گەیشتە ترۆپک، پەیامێکی مێژوویان دا. ئەم پرۆسەیە کە بە ماناداریی مێژوویەوە تێیدا کۆبووینەتەوە، ئیمکانەکانی پێکهێنانی شۆڕشی ئازادی، ڕوانگەیی نەتەوەیی دیموکراتیک، بونیادنانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی لە هێڵی شارستانێتی دیموکراتیکدا زیاتر گەورە دەبێت و پێش دەکەوێت. وەک هەموو کەسێک ئەم پرۆسە مێژووییە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی سەیدانی هێژا، زانایانی ئاینی و ڕێبەرانی باوەردارییەکان. لەسەر بناغەی بونیادنانی ژیانی ئازاد، یەکسانی و هاوبەش دامەزراندنی مۆدێلی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلان و بەڕێوەبردنی تێکۆشانی سەردەمی بە ئامانجی گەورە و پیرۆزی پێکهێنانی ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەش بە مانایی سەرلەونوێ لە دایکبوونەوە دێت. هیودارین کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کوردان بێت، خوشک-برایەتی گەلان بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە زەمینەی شەڕ و ئاڵۆزی ڕزگاری ببێت و دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی تێیدا سەروەر بێت. بەم بۆنەوەیە وەک تەڤگەر جارێکی دیکە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانیان پیرۆز دەکەین و هیواخوازییان نیاز و نزایان قبوڵ بێت. دەبێت لە جەژنی ڕەمەزاندا بەهێزتر خاوەنداری لە شەهیدانمان بکەین و یادییان بکەینەوە. دەبێت بەشێوەی کۆمەڵ سەردانی گۆڕستانی شەهیدان بکەین و یەکگرتووی خۆمان بە بنەماڵەی زیندانیان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانەوە لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەین. بە بۆنەی جەژنەوە جارێکی دیکە وەک تەڤگەر بە ڕێز و منەتدارییەوە لە ئاست یادکرنەوەی شەهیدانماندا بەژنمان دادەنەوێنییەوە و بەڵێنمان دووپاتەکەینەوە بۆ دۆزی مافداری کۆمەڵگەی دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد بدەین. بانگەوازی لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جێگەیەکی جیهان دەکەین، ئەم جەژنی ڕەمەزانە بکەنە ئامرازی بەهێزکردنی یەكێتی، پەرەدان و مەزنکردنی هاوکاری و یەکگرتوویی. بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەموو لایەنەکانی موسڵمانی دیموکراتیک دەکەین بە هۆشمەندی نەتەوەیی دیموکراتیکییەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و یەکێتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیک بەهێز بکەن. دیسانەوە هیواخوازین ئەم جەژنە دادپەروەری، ئاشتی، خوشک-برایەتی و ئازادی بۆ گەلان بێنێت و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلانی موسڵمان و بە تایبەت گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین."

  باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم هاوڵاتییانی لە سوریا دەکات، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە هاوڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداردەکاتەوە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە جەژنی رەمەزاندا، کە لەوانەیە باڵیۆزخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی دیمەشق، بکرێتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، داواش لە هاوڵاتییانی ئەمریکیی دەرەوەی سوریاش دەکات، بەهۆی مەترسیی شەڕ، نائارامی، رفاندن، بەبارمتەگرتن و ئاڵۆزییەکان بەگشتی، لەپێناو سەلامەتییان، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012ـەوە چالاکییەکانی راگرتووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەریی فریاگوزاری، پێشکەش بە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە سوریا بکات، لەئێستادا کۆماری چیک نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات. هەر بۆیە باڵیۆزخانەکە دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە سوریا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە، پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی کۆماری چیک بکەن”.

دەم پارتی بڕیاری داوە کە بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە بکات کە لەسەر بانگەوازی جەهەپە ئەمڕۆ شەممە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ، جەهەپە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار لە کەناری ماڵتەپە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات. دەم پارتی بڕیاری خۆی سەبارەت بەگردبوونەوەی ماڵتەپە ڕاگەیاند لەهەژماری سۆشیال میدیای پارتەکە لەئەستەنبوڵ لێدوانێکی لەبارەی گردبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک هێزەکانی کرێکاری و ئاشتی و دیموکراسی ئەستەنبوڵ، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئازار کاتژمێر ١٢:٠٠ لەگردبوونەوەی ماڵتەپە کۆدەبینەوە، ئێمە بەرگری لەدیموکراسی و ئیرادەی گەل دەکەین!". پێشتر هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا دەم پارتی بەشداری لەگردبوونەوەی ماڵتەپە دەکات کە لەلایەن جەهەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو ڕێکخرابوو یان نا. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی دەم پارتی لەئێستاوە حکومەتی ئاکەپەی توڕە کردووەو بەدووری نازانن کاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەبێت کە چەند مانگێکە قسەی لەسەر دەکرێت. پێشتر سەبارەت بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد، تونجەر باقرخانی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەشداریی کردبوو، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەناڕەزاییەکان‌و وتی “ئێمە گروپی چالاکوانی جەهەپە نین، ئێمە پشتگیریان دەکەین، بەڵام بۆ ئەمە ناچینە سەر شەقامەکان”.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە نوسینێکیدا کە لە رۆژنامەى نیۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە تورکیا رژێمێکی سەرکوتکەر هاتووەتە کایەوە و تورکیا بووەتە کۆماری ترس. بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، ئیمامئۆغڵو کە هاوکات کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لە وتارەکەیدا نوسیوویەتی، ئەردۆغان باش دەزانێت کە لەسەر سندوقی هەڵبژاردن ناتوانێت هەڵبژاردن لە ئەو بباتەوە، بۆیە رەوانەى زیندانی کردووە، دەشڵێ، لەبەرئەوەی رکابەری سەختی ئەردۆغانە، زیندانی کراوە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی 2024ـدا، بۆ جاری دووەم بە زۆرترین دەنگ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرایەوە و لە 19 ی ئەم مانگەش لە ماڵەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دۆسیەى گەندەڵی و هاوکاریکردنی رێکخراوى نایاسایی دەستگیرکرا.