دانیشتنى دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

8 كاتژمێر لەمەوپێش
دانیشتنى دادگای فیدراڵیی عێراق تایبەت بە دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکى نادیار دواخرا، ئەوەش بەهۆى ئەوەى سبەى سەرۆکى نوێی دادگاکە دەستبەکار دەبێت.
سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن هەریەکە لە عومەر گوڵپى، بەربژێرى سەرکەوتووى کۆمەڵى دادگەرى بۆ پەرلەمانى کوردستان و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوون و بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکان بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەمموز دادبینیان بۆ بکرێت.
بگوتەی عومەر گوڵی بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق پشووە دانیشتنەکە ئەنجام نادرێت و بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکراوە و لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان تۆمارکراوە و تێدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
عومەر گوڵپی داوادەکات، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.
هەروەها داوادەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.
سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.

