ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى مەسرور بارزانی و مەحموود مەشهەدانی

7 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوەچوو کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بەردەوامن، بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

