وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشە لە حـ.ـە.ما.س دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاگربەست بۆ کەرتی غەززە، بەڵام یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل دووپاتیکردەوە کە سوپای ئیسرائیلی ڕاسپاردووە کە "بە هێزێکی زۆرەوە توندەوە وەڵام بداتەوە" بۆ هەر هەوڵێکی حەماس بۆ زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئیسرائیل لەناو کەرتی غەززە، وەک خۆی دەڵێت.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە نووسینگەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کاتز "ئاڕاستەی سوپاى ئیسرائیلی کردووە کە بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک یان هێرشێکی حەماس بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل بداتەوە لە ماوەی کاتی پێش بڕیارەکەی حکومەت و تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت".
ئەمەش دوای ئەوە هات کە کاتز هەڵسەنگاندنێکی بارودۆخی لەگەڵ هەرزی زامیر سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای ئەنجامدا، پێش کابینەی ئاسایش و کۆبوونەوە تەواوەکانی حکومەتی ئیسرائیل کە بڕیارە ئێوارەی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، کە بڕیارە ڕێککەوتنی ئاگربەست پەسەند بکەن.
لەلایەکى دیکەوە پەیامنێری ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە ئاوارە گەڕاوەکان کردووە لە نزیک نەتزەریم، سەرچاوەیەکی پزیشکیئەوەى خستەڕوو، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 17 کەس بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون.
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست، میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، سوپا دەستیکردووە بە هەڵوەشاندنەوەی کەمپە سەربازییە گەورەکانی لە غەززە و کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی.
هەر بەگوێرەی ئەو میدیانە بێت، بزووتنەوەی حەماسیش ئێستا ئامادەکارییەکانى بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەستپێکردووە.
هاوکات ئێوارەى ئەمڕۆ نوێنەرەکانی ترەمپ، ویتکۆف و کوشنەر، گەیشتنە ئیسرائیل و بڕیاریشە ڕۆژى یەکشەمە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل بکات.
