میلیشیاكانی عێراق: دەستبەرداری چەكەكانمان نابین

11 كاتژمێر لەمەوپێش
میلیشیاكانی عێراق جەختدەكەن، دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و، بە بژاردەیەكی ستراتیژی دەزانن و سازشی لەسەر ناكەن.
ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنی میلیشیاى حزبوڵای عێراق، لە پەیامێكدا لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە: با هەموو جیهان بزانێت، چەكەكانمان سپاردەی ئیمامی مەهدیە و بڕیاری وازهێنانیش لێی، تەنها بەدەستی ئەوە.
راشیگەیاندووە: زەحمەترین دۆخ كە كەسانی شەرفمەندو ئازاد پێیدا تێپەڕبن ئەوەیە، گوێیان لە داوێن پیس بێت باس لە پاكێتی و شەرەف بكات، لە شورەییەكانی دونیاش ئەوەیە، ناپیاو و ژنانی بڕیار لەوە بدەن، چەكی بەرەنگاری دەبێت چۆن بێت.
ئەو بەرپرسەی میلیشیای حزبوڵا دەشڵَێت: پێویستە ئەوانەی گومانی باشیان پێدەبەین، قسە لەسەر چەكی داگیركەری ئەمریكاو بنكەكانی بكەن، باس لە چەكی داگیركەری توركیا بكەن لە وڵات، باس لە چەكی پێشمەرگە بكەن، كە پەیوەیستە بە قەوارەی زایۆنی.
ئەم لێدوانەى عەسكەری دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، رۆژی هەینی جەختی لە بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو کردەوەو، داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و داماڵینی چەکەکانی کردن، لە چەند رۆژی رابردوشدا، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، جارێكی تر داوای لە بەرپرسان كرد، سنورێك بۆ گەندەڵی دابنێن و چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆبكەنەوەو، رێگە لە دەستوەردانی دەرەكی بگرن.
