شاندى دەم پارتى سبەینێ لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبنەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای هاتنەوەی وەفدی (دەم پارتی) لە دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی، سبەینێ وەكو وادەی دیداری وەفدەكە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دیاریكرا.
كاتی كۆبوونەوەكە كاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی سبەینێیە، (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار) ئەندامانی سەرەکی وەفدی (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی دەچنە دیداری ئەردۆغان.
بەر لە سەردانكردنی ئەردۆغان، وەفدی ئیمرالی لەگەڵ هەریەک لە تونجەر باقرخان و تولای حاتیمۆغولاری هاوسەرۆکانی گشتیی (دەم پارتی) کۆدەبێتەوە.
دوای دیدارێكی (دوو كاتژمێرو نیو)ی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، وەفدی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دورگەی ئیمرالی گەڕایەوە.
بڕیارە وەفدەكە راگەیەندراوێكی نوسراوی لەبارەی دواین دیداری خۆی لەگەڵ ئۆجالان بۆ رایگشتی كوردستان و توركیا بڵاوبكاتەوە.
وەفدی (دەم پارتی) بۆ دیداری ئەمڕۆی ئۆجالان پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (پەروین بوڵدان)، (مەدحەت سانجار)و (فایەق ئۆزگور ئەرۆل)، مەدحەت سانجار كە لە شوینی كۆچكردوو (سری سورەیا ئۆندەر) دانرابوو، ئەمڕۆ یەكەمجار بوو بچێتە دیداری ئۆجالان.
میدیای نزیك لە پارتی كرێكارانی كورستان دەڵێ: رێبەر ئاپۆ راگەیاندراوێکی مێژوویی بڵاودەکاتەوەو دواتر شاندی ئیمرالی (دەم پارتی) لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
بڕیاری ئەم هەفتەیە، گروپێك لە گەریلاكانی پە*كە*كە لە مەراسیمێکی "سیمبولیک"دا ژمارەیەک چەک لەناودەببەن، ئەمەش وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەوازەكەی ئۆجالان و بریاری پارتەكەیان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێی ئاشتی لە توركیا تاوەكو ئێستا وەفدی (دەم پارتی) شەش جار سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردووە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالاندا.

