لەسەر درۆنەکان عێراق وەڵامى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى دایەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەڵامی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و تۆمەتبارکردنى حەشدى شەعبى بە هێرشە درۆنییەکان سەرکۆنە دەکات.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتى "تۆمەتبارکردنى دامەزراوەیەکى ئەمنیی فەرمى، لەژێر هەر پاساوێکدا بێت رەتکراوەیە، سەرکۆنەى دەکەین و داوای پێدانی بەڵگە بەلایەنی حکومەتی فەرمی دەکەین".
شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە بە درۆن هێرشکرابێتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل لە هەولێر و دەشڵێت، "ئەو هێرشانە لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن".
سەباح نوعمان جەختیکردووەتەوە "حکومەتی عێراق بە دامەزراوە ئەمنییەکانییەوە، دووپاتیانکردووەتەوە دوودڵ نابن لە گرتنەبەرى رێکارى یاسایی توند بەرامبەر ئەوانەى هەوڵى تێکدانى سەقامگیرى دەدەن لە تەواوى عێراق".
دەشڵێت، ئاڵنگارییەکانی ئێستا دەخوازن، هەماهەنگی و هاوکاریی لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە هەبێت لەبری پەنابردن بۆ میدیا و بە راپۆرت و لێدوان دەرفەت بدەن بەوانەی لە بۆسەدان بۆ سوکایەتی بە دامەزراوەکانی عێراق.
وەزارەتی ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردبوو "لە چەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی پێنجشەممە لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە راستییەوە، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەیە و نە ئۆپراسیۆنی وەهاش ئەنجامدراون".
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "شەوی پێنجشەممە درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتەخوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن". بەپێویستى زانى بوو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.
