بۆ تاوتوێى هەناردەى نەوت وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنقەرە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا لەڕێگەی هێڵی بۆری عێراق - تورکیاوە ئامانجێکی سەردانەکەیە.

باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا بڵاوی کردەوە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە ئەنقەرە و لەلایەن ماجد ئەلجماوی، باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە پێشوازیی لێکراوە، لە کۆبوونەوەیەکیشدا گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەبوارەکانی وزە، وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژیی تاوتوێ کراوە، گفتوگۆش لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە.

دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و دوو ڕۆژ لە وەستانی، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 جارێكی دیكە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێكردەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هاوکار دەبێت بۆ ئارامی بازاری وزەی جیهانیی، جگەلەوەش ئەم هەنگاوە پشتیوانیی بەرنامەی عێراق دەبێت بۆ زیادکردنی هەناردە و باشترکردنی توانای وەبەرهێنانی نەوت.

 لای خۆیەوە باڵیۆزی عێراق لە تورکیا باسی لەوەکردووە، هەوڵە هاوبەشەکانی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەشێوەیەکی ڕێک و پێک جێگەی پێزانینە و بەغداش لەهەر هەوڵێک لەگەڵ ئەنقەرە درێغی ناکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و ئارامی و خۆشگوزەرانی ناوچەکە بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار