عێراق: ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش



حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بە ئامانجی ئەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی سەرجەم داهاتەکان بکرێت

هەروەها وتیشى:  پڕۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و لە رۆژانی داهاتوودا رێژەکە زیاتر دەبێت

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانە."

عەبدولغەنی جەختی لەوەشکردەوە، "لە رۆژانی داهاتوودا ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە."

هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد."

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.

دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی و بە چاودێری وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بەهاوکاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار