سۆمۆ: رێككەوتنەكە چارەسەری كۆتایی كێشەكان دەکات

دوێنێ



بەڕێوەبەری سۆمۆ جەخت دەكاتەوەلەوەی  بنەماكانی رێككەوتنە سێقۆڵیەكە چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی كێشەكانی رابردوو.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق-سۆمۆ  راگەیاند، بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كراوە، پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق، نەوتەكەیان رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكەن، بەوەش هیچ گرفتێك لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی  موچەخۆرانی هەرێم نامێنێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنەكە بۆ ناردنی موچە نەبووە لەبەرانبەر وەرگرتنی نەوتدا، بەڵام ئەو بنەمایانەی رێككەوتنەكەی لەسەر جێگیر كراون چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی ناكۆكی و گرفتەكانی پێشوو

لەبارەی توركیاشەوە دووپاتیكردەوە، ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێككەوتوون 

سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراقیش  راگەیاند،  لە قۆناغی یەكەمیدا حەوت لە  كێڵگەكانی خورمەڵە، تاوكێ، شێخان، ئەتروش، سەرسەنگ، هەولێر و  گەرمیان، نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت. 

هاوکات ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت و سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتیی بەکارهێنانی دەکات.

دوێنێ پێنجشەممە 25ى ئەیلوول محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "گەیشتینە رێککەوتنێکى مێژوویی، کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ، نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت و لە رێگەى بۆریى عێراق - تورکیاوە هەناردە دەکرێت."

بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژە بەوە دەکات، "کۆبوونەوەکان زیاتر لە 30 مانگیان خایاند و رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە بوو."

لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار