فواد حسێن: زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت دەگاتە 25 ملیار دۆلار

15 كاتژمێر لەمەوپێش
فوئاد حوسێن: بە ئەگەری زۆرەوە هەناردەکردنەوەتی نەوت لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکاتەوە
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە بە بلومبێرگی گوت، عێراق بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان 22 بۆ 25 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
فوئاد حوسێن پێشبینی کرد کە هەناردەکردن "بە ئەگەری زۆرەوە لەم هەفتەیەدا" دەستپێبکاتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی پێشوو، زیانەکان کە تاوەکو مانگی شوباتی ئەم ساڵ 19 ملیار دۆلار بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و زۆربەی کۆمپانیاکانی نەوت رێککەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن واژۆ کردووە، بەڵام هێشتا پێویستی بە رەزامەندی فەرمیی بەغدا هەیە، ئەمە بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ بڵاویکردەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵین، لە کاتێکدا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە لە "قۆناخی کۆتاییدا"یە.
پێش وەستانی هەناردەکردن لە مانگی ئاداری 2023، هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.
لە مانگی تەممووزدا، هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر رادەستکردنی نەوت بە "سۆمۆ" بۆ ئەوەی لە بازاڕی نێودەوڵەتی دا بیفرۆشێت.
بەغدا هەروەها داوای لە هەولێر و نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی نوێ بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و دڵنیابوون لە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان.
کۆمپانیاکانی "دی ئێن ئۆ" (DNO)ی نەرویجی و "گەنەل ئینەرجی" (Genel Energy) دووپاتیانکردەوە کە دەیانەوێت گەرەنتی روون بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 24-09-2025، گوتەبێژێکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر حەزمان بە وەرگرتنی نەوتە لە بری پارەی کاش، چونکە وەک یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین کۆمپانیا سەربەخۆکانی جیهان بۆ گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، سیستمێکی بازرگانیمان هەیە و دەتوانین بە بازاڕکردنی پشکی خۆمان لە نەوتی تاوکێ، بەهای زیاتر بەدەست بهێنین."
لەبارەی فرۆشتنی ناوخۆیی یان هەناردەکردن، گوتەبێژەکە گوتی: "ئامانجی DNO ئەوەیە کە نەوتەکەی بە بەرزترین نرخ بفرۆشێت، کە کڕیارێک بتوانێت وەریبگرێت و ئامادە بێت بەپێی رێککەوتنەکە پارە لە کاتی وەرگرتن بدات."

