تورکیا: هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئازار نەبووە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، بە وردیی چاودێریی گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق دەکەن و گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی پارێزگای حەلەبیش، دەخاتە ئەستۆی هەسەدە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە وەڵامنامەی هەفتانەی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بە هەستیاری و وردییەوە، چاودێریی پەیوەندی، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا دەکەن.
هەسەدە، لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە سنووری پارێزگای حەلەب، هێرشیانکردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هەسەدە بە هۆکاری گرژیەکان ناودەبات و دەڵێت، هێرشەکان کراونەتەوە سەر هێزەکانی سەر بە دیمەشق و ئەو هێرشانە دەریدەخات، هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئازار نەبووە و جارێکی دیکەش پیشانیدا، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
رۆژی 10ی ئازاری 2025، لە شاری دیمەشق، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم دامەزراوە سەربازی، مەدەنی و ئیدارەییەکانی هەردوولا تێکەڵ بکرێن.
دەسەڵاتدارانى تورکیا، چەند مانگێکە بەردەوام داوا لە هەسەدە دەکەن، بچێتە ناو سوپای سووریا و لەو بارەیەوە دەڵێت، لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە، بەردەوامدەبن لە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "گرووپە تیرۆرریستییەکان" و مکوڕیشن لەسەر پشتیوانیکردن لە بنەماکانی "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" لە سووریا.

