ئێران دەستی کردووە بەنۆژەنکردنەوەى پڕۆژە مووشەکییەکەی

12 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسی ئەی پی ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە پشتبەستن بە وێنەکانی مانگی دەستکرد بڵاویکردەوە، ئێران دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی کە لەشەڕى ١٢ ڕۆژەدا ئیسرائیل بەتوندى لێیداوە.
شارەزایان دەڵێن پێکهاتەیەکی سەرەکی، ئەو میکسەرە گەورانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەق بۆ موشەکەکان هێشتا نەماوە؛ ئێران پێی وایە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی مووشەک کلیلی ڕێگریکردن لە ئیسرائیلە.
ئەمەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوای نوێکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە چالاککردنی میکانیزمی سناپباک دەستکەوتنی بەشێک لەو پێداویستیانەى بۆ نۆژەنکردنەوەى ئەو پرۆژە موشەکیانە زۆر قورستر بێت.
پێکهێنانەوەی بەرنامەی مووشەکی بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گرنگە، کە پێی وایە ڕەنگە خولێکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕووبدات. ئەم مووشەکانە یەکێکە لە کەمترین ڕێگری سەربازی ئێران دوای ئەوەی شەڕەکە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لەناوبرد - شتێک کە تاران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەرگیز ناخرێتە ناو دانوستانەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا.
هاوکات شەوى ڕابردوو ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوکرایەوە، دوا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕایگەیاند و بە هەموو جۆرێک دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە، گوتی: ئەمە دوا چانسی ڕێگرییە لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران.
خامنەیی گوتیشی "ئێران بە هیچ جۆرێک لە بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، ملکەچی گوشارەکانی ئەمەریکا نابێت، دەشڵێت: تاران بەهیچ شێوازێک نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم نییە."
ڕاشیگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمەریکا، تەنیا لەبەرژەوەندی سەرۆکی ئەو وڵاتەیە و جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ ئێران نابێت، چونکە دەیکاتە دەستکەوتێک خۆی پێ دەنوێنێت، وەک ئەوەی بە زەبری هێز و هەڕەشە، ئێرانی بۆ گەڕانەوەی سەر مێزی دانوستان ناچار کردبێت.
ئەم قسانەی ڕێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە نیویۆرک، بەڵام ئەم هەڵوێستەی خامنەیی ڕێگری دەکات لە ئەگەری دروستکردنی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا.
ئەم پەیامە ڤیدیۆییەی ڕێبەری باڵای ئێران چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکانی ترەمپ دێت، کە وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئێران و چەکی ئەتۆمی، گوتی "بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر نادەین، مەترسیترین چەکی جیهانی بەدەستەوە بێت".

