ماکرۆن: کاردەکەین شەڕی غەززە کۆتایی بێت و دیلەکان ئازاد بکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى ئەلعەرەبیە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە کار لەسەر دەستپێکردنی پلانێک دەکات بە ناوی "ئاسایش و ئاشتی بۆ هەمووان" بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە.
ماکرۆن وتی پلانەکە "ئاگربەست و ئازادکردنی زیندانییەکان و پێکهێنانی ئیدارەیەکی ئینتقالی لە غەززە و ڕێکخستنەوەو نوێکردنەوەى هێزەکانی پۆلیس لەخۆدەگرێت". هەروەها داوای بوونی "هێزێکی نێودەوڵەتی" دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری لە غەززەدا.
سەرۆکی فەرەنسا ڕوونی کردەوە کە "ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی کە بۆ غەززە پلانی بۆ دانراوە، ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "وڵاتانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بەشداری لە پلانی ئاسایش و ئاشتی بۆ غەززە دەکەن".
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا کە "دانوستاندنەکان لەسەر خاکەکان یەکێکە لە قۆناغەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی"، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمانەوێت دەوڵەتێکی فەلەستینی داماڵراو دابمەزرێنین کە دان بە ئیسرائیلدا بنێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "دەبێت حکومەتی (بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) ئەم جەنگە خوێناوییە ڕابگرێت"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی متمانەی ئیسرائیل".
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها ڕایگەیاندووە کە "نابێت هیچ کەسێک ڕازی بێت بە لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "لکاندنی ئیسرائیل بۆ کەناری ڕۆژئاوا هیچ پەیوەندییەکی بە حەماس و هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە نییە".
سەرۆکی فەڕەنسا، لە میانەی وتارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە، دانی بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا نا و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژە جوولەکە، ئەمەش دوای ڕەخنەی ئیسرائیل و ئەمریکا.

