ناوەرۆکى وتارەکەى لەتیف ڕەشید لەنەتەوەیەکگرتوەکان

19 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق دۆخی ئاسایی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا گەڕاندووەتەوە، سیاسەتی هاوسەنگی و کرانەوە و هاندانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پەیڕەو دەکات. هەروەها جەختی کردەوە، وڵاتەکەی پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستپێشخەریی وازهێنانی پەکەکە لە چەک دەکات.
لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 80یەمین خولیدا، سوپاس و پێزانینی عێراق و خەڵکەکەی بۆ رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتگیریکردن و بەرگریکردن لە سیستمی دیموکراسی دەربڕی.
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا، "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە باشترین یارمەتیدەر بووە بۆ عێراقییەکان لە مافە دیموکراسییەکاندا و لە سەروویانەوە هەڵبژاردنەکان، کە عێراق خۆی بۆ بەڕێوەچوونی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری کار دەکەین بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان ئازاد و بێگەرد و شەفاف بن."
لەتیف رەشید تیشکی خستە سەر ئەوەی، "عێراق بە پشتیوانیی دۆستان توانیویەتی بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆریستیدا سەربکەوێت، کە جیهان بەخۆیەوە بینیبێت." داواشی کرد، "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر وەکو یەک دۆخ بێت، کە نابێت جیاوازی لەنێوانیاندا بکرێت و پێویستە لەگەڵ پارەدارکەران و پاڵپشتیکارانی تیرۆر بە پارە و چەک لێپرسینەوە بکرێت."
هەروەها جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، هەڵوەشاندنەوەی کەمپەکان و گەڕاندنەوەی خێزانەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کردەوە، ئاماژەی بە پابەندبوونی عێراق بۆ دابینکردنی دادپەروەری و پاراستنی فرەیی کۆمەڵایەتی کرد.
سەرۆککۆمار باسی لە هەوڵەکانی عێراق کرد بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەردەوام و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، لەگەڵ دابینکردنی هەلی وەبەرهێنانی گرنگ لە بوارەکانی ئاو، کارەبا و ژێرخانی ئابووریدا.
هەروەها گوتیشی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە، بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەم دۆسیەیەدا پشتگیریی بکەن، چونکە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو ئاستەنگێکی گەورەیە و عێراق هەوڵی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێران و تورکیا داوە لەبارەی دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فوراتەوە.
لەبارەی دۆخی فەلەستینەوە، سەرۆککۆماری عێراق پێیوابوو، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین تاکە رێگەیە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا. هەروەها پێشوازیی لە دانپێدانانی نێودەوڵەتیی بەربڵاو بە دەوڵەتی فەلەستین کرد و سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە کرد، کە دوایینیان بەئامانجگرتنی قەتەر بوو.
لەتیف رەشید جەختی لە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق کردەوە بۆ پێشێلکردنی سەروەرییەکەی یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هاووڵاتییانی.
هەروەها دووپاتی کردەوە، عێراق سیاسەتی هاوسەنگی، کرانەوە و هاندانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکات. ئاماژەی بە پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستپێشخەریی وازهێنانی پەکەکە لە چەک کرد و هەڵوێستی بنەڕەتیی عێراقی دووپات کردەوە، کە لەسەر رێزگرتن لە دراوسێیەتیی باش لەگەڵ دەوڵەتی کوێتدا بنیاد نراوە.

