جێگرى ترەمپ:  ئێستا زیاتر گەشبینترم بە ڕێککەوتنی غەززە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



جەی دی ڤانس  جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕوونیکردەوە، دۆناڵد ترامپ "بە ڕوونی دیدگای خۆی دەربڕیوە و جەختی لەسەر خواستی خۆی کردووەتەوە کە غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانەدا بێت کە لەوێ دەژین، هەروەها کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو نالکێنرێت بەئیسرائیلىەوە".

ڤانس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ترەمپ هەوڵدەدات تۆڕە تیرۆریستییەکانی دەوروبەری ئیسرائیلییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە  لە هەموو کاتێک گەشبینترم بە ڕێککەوتنی غەززە.

لەلایەکى دیکەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە: شڵەژاوییەكی بەرچاو لەناو بازنەی نزیك بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەیە، پێش دیدارەکەی سبەینێی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی.

رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە: ئەمە چوارەم کۆبونەوەی ناتانیاهۆ دەبێت لە دوای دەستبەكاربونی ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ئەمساڵ ، بێ گومان گرنگترین و چارەنووسسازترینە لە هەموویان، چونکە ئەمجارە بەڕاستی رەنگە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و گەڕانەوەی دیلەکان، مەرجیش نییە بە خواستى ئیسرائیل بێت.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە وردەکارییەکان، رایانگەیاندووە: ناتانیاهۆ لە حاڵەتێكی دەرونی خراپدایە " هیستریا" پێش کۆبونەوەکە، پەشۆكاویی دەوروبەرەكەشی لە ترسی ئەوەیە دووچاری ملكەچپێكردن بكرێن لەلایەن ترەمپەوە سەبارەت بە دەستپێشخەرییە (٢١)خاڵییەكەی، لەکاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەندێك دەستكاری بكرێت.

رۆژنامە عیبرییەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: ترەمپ زۆر پێداگرە لەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و پێیوایە ئێستا كاتی یەكلاكردنەوەیەو رێگە نادات نەتانیاهۆ پلانەکەی لەناوببات.

ترەمپ بە تەواوی ئەو پلانەی پەسەند کردووە کە لەلایەن جارێد کوشنەری زاوای و ستیڤ ویتکۆفی نوێنەرییەوە داڕێژراوە.
 لە ئیسرائیل نیگەرانی ئەوە هەیە،  دەوڵەتانی عەرەبی لەسەرویانەوە  قەتەر، سەرکەوتوو بوبێتن لە هەموارکردنەوە پلانەكە، كە  داواكاری داماڵینی چەکی لە حەماس سوكتر كردبێت، لە ئێستادا تەنها باسی چەکی هێرشكردن دەكرێت نەک هەموو چەکەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار