ئێران: سەپاندنەوەی سزاکان ڕەت دەکەینەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ، 28ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە پابەندی نابن.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، هەنگاوی وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمەریکای بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، بە نایاسایی و ناڕەوا ناساندووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوووە "بڕیارنامەی 2231 و سنووردارکردنەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا (18ـی ئۆکتۆبەری 2025) بە کۆتاییهاتوو لەقەڵەم بدرێت. ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە، لە کاتێکدا بە هاندانی ئەمەریکا میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان کارا کردۆتەوە کە خۆیان بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەردەوامی پابەندییەکانیانەوە، پێشێلکارییەکی زەقی ڕێککەوتنەکەیان کردووە و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ مەبەستی تر بەکارهێناوە."
 
هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی بڕیارنامە کۆتاییپێهاتووەکان، نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە بێبنەما و ناڕەوایە، بەڵکو لە ڕووی ئەخلاقی و لۆجیکیشەوە بە تەواوی ڕەت دەکرێتەوە. بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران، پێشتر لە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاشکۆکەیدا، واتە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە شێوەیەکی گشتگیر چارەسەر کراوە و ماوەی 10 ساڵەی دیاریکراویشی دەبێت لە 18ی ئۆکتۆبەری 2025دا کۆتایی بێت.

لەلایەکى دیکەوە محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری پێش دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەمان، لە کاردانەوەیدا بەرانبەر کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی دەزانێت، چونکە ڕووسیا و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم هەنگاوە ڕاگەیاند. هیچ وڵاتێک ناچار نییە پابەندی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بێت.

قالیباف، گوتیشی: لەم ڕوانگەیەوە ئێران پابەندی ئەم بڕیارنامە نایاساییە نابێت و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم  نابێت و وەک هەمیشە لە مافی خۆمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام دەبین. 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: وەک پێشتر ڕامانگەیاندووە، ئەم سزایانە بەراورد بە سزاکانی ئەمەریکا، زۆر کەمترن و کاریگەریی ئەوتۆیان نابێت. هەروا لەبەر نایاسایی بوونی بڕیارەکەو دژایەتییکردنی لەلایەن ڕووسیا و چینەوە، بە ئاسانی جێەجێ ناکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار