حەماس وەڵامی پلانەکەی ترامپى دایەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵی جەزیرەى ڕاگەیاندوە ئەمشەو بزوتنەوەى حەماس وەڵامی خۆی بۆ پلانەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا پێشکەشی نێوەندگران کردووە.
بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان حەماس ڕەزامەندە لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو مردووەکان بەپێی پێشنیازی ترەمپ.
هاوکات ئەوەشیان خستوەتەڕوو ئێمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی فەلەستین، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی ئۆرگانێکی سەربەخۆی فەلەستینی دەکەین.
لەبەشێکى دیکەى وەڵامەکەیدا حەماس دەڵێن: ئامادەین دەستبەجێ لەڕێگەی نێوەندگرانەوە بچینە ناو دانوستانەکانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ترەمپ دواهۆشدارى توندى دایە حەماس بۆ ئەوەى بەزووی وەڵام بداتەوە.
بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی پێشکەشی نێوەندگران کردووە سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و هێنانی ئەوەی کە ترەمپ بە "ئاشتی" وەسفی کردووە بۆ ناوچەکە.
محەمەد نەزال ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دووپاتی کردەوە کە بزووتنەوەکە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پلانی ئەمەریکا "زۆر بە زوویی" ڕادەگەیەنێت، جەختی لە جددییەتی خۆی کردەوە لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا کاتژمێر 6ی ئێوارەى یەکشەممە لەگەڵ بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) مۆڵەتە بۆ ئەوەى ڕێککەوتن بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی غەززە ژیانی سەرجەم چەکدارانی حەماس کە ماونەتەوە ڕزگار دەکات، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمە دوا دەرفەتە بۆ حەماس.
ترامپ هۆشداریی بە حەماس دا و وتی: ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە دواجارە لەسەر غەززە نەکرێت، دەروازەکانی دۆزەخ بۆ حەماس وەک پێشتر کراوە دەبن.
سەرۆکى ئەمریکا داوای لە فەلەستینییەکان کرد دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە پێدەچێت ببێتە تەڵەی مردن لە داهاتوودا بەرەو ناوچە ئارامەکان لە غەززە.
لەلایەکى دیکەوە سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەی فەلەستینی "پێویستی بە ماوەیەکى زیاتر هەیە" بۆ لێکۆڵینەوەو وەڵامدانەوەى لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە.
