حەماس: پێویستمان بە کاتێکی زیاترە بۆ وەڵامەکەى ترەمپ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەی فەلەستینی "پێویستی بە ماوەیەکى زیاتر هەیە" بۆ لێکۆڵینەوەو وەڵامدانەوەى لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە.

ئەو سەرکردەیە وتیشی، “حەماس هێشتا بەردەوامە لە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بەو پلانەی ترەمپ کە پێشکەشی بزووتنەوەکە کراوە، هەروەها نێوەندگرانی ئاگادارکردووەتەوە کە ڕاوێژکارییەکان بەردەوامن و پێویستی بە ماوەیەک هەیە”.

ترەمپ ڕۆژی سێشەممە مۆڵەتی "سێ بۆ چوار ڕۆژ"ی بە حەماس دا بۆ ئەوەی ئەو پلانە قبوڵ بکات، کە بە وتەی خۆی ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە ناوچە وێرانبووەکەی فەلەستین.

پلانەکەی دۆناڵد ترەمپیش رۆژی دووشەممە ئاشکرا کرا و بنیامین نەتانیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەردا، پێشنیازی راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە کەرتی غەززە دەکات ، هەروەها لە پلانەکە داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە کەرتی غەززە و سەدان زیندانی و دیلی فەڵەستینی دەکات.

ئەم پلانە لە 20 خاڵ پێکدێت، لەوانەش چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس و چوونەدەرەوەی چەکدارەکانی لە کەرتی غەززە بۆ وڵاتانی دیکە، بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی فەڵەستینی لە تەکنۆکرات و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنێک کە ترەمپ خۆی سەرۆکایەتی دەکات و تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا یەکێکە لە ئەندامەکانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار