ئێران: هیچ پلانێکمان نییە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێران دووپاتی کردەوە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەختیشی کردەوە کە "سواڵ ناکات بۆ دانوستان".
ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "لەم قۆناغەدا وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی نییە، لە ئێستادا سەرنجی لەسەر لێکۆڵینەوە لە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی هەنگاوەکانی سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکایە"، بە ئاماژەدان بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوونیکردەوە کە "دیپلۆماسی وەک پرۆسەیەک کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و ڕاوێژکاری دامەزراوە، هێشتا بەردەوامە". وتیشی: هەرکاتێک ئێران هەستی بەوە کرد کە دیپلۆماسی دەتوانێت بەرهەمدار بێت، بڕیارەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و قازانجی نەتەوەیی دەدرێت.
جگە لەوەش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوابوو کە هەندێک " لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی کە شانازی دەربڕین بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی تاوانکاری تەنها بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی حکومەتی ئەمریکا زیاد دەکات".
جەختى کردەوە کە "دانپێدانان بە ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی هیچ ئیعتبارێک بە ئەمریکا نابەخشێت، بەڵکو جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی ئێران دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا پابەند نییە بە ڕێسا نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانەوە".
هەروەها ڕەخنەکانی لە "ترۆیکا ئەوروپی" (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) نوێکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا دەسەڵاتی پەنابردنە بەر میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا نییە. ئەو کارەکەیان لە دەستپێکردنەوەی میکانیزمی "سناپباک" بە نایاسایی وەسفکرد.
وتەبێژەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە "ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی نەبوونی کۆدەنگییەوە بڕیارێکی یاسایی سەبارەت بە سزاکان نەداوە".
