ئیدارەى خۆسەر: لەسەریەکخستنی هێزەکان رێککەوتنی زارەکی کراوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیدارەی خۆسەر چوار ئەنجامی بەرایی ئەو كۆبونەوەیە ئاشکرا دەكات کە شاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق ئەنجامیاندا، لە کۆبونەوانەكاندا باسیان لە پرسە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکان کراوە کە ئامانجیان سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتی بووە لە وڵات.

بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادە بووە.

راگەیێندراوەکە دەڵێت، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر "هەنگاوی کرداری بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار."

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان راگەیاندنی ئاگربەستێکی "دەستبەجێ و سەرتاسەری"یە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب، بە ئامانجی ئەوەی "هەموو سووریاییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین.

هەروەها گفتوگۆ لەسەر بنەمای "یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" کراوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم رێککەوتنە زارەکییە دەتوانێ ببێتەهۆی دروستبوونی "سوپایەکی رێکخراو و کارا کە خزمەت بە پاراستنی هەموو سوورییەکان بکات."

خاڵێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە "دەستووری سووریا هەموار دەکرێتەوە." راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەستووری وڵات دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانەکەی بکات و هەموو تاکێک بپارێزێت."

گفتوگۆکان هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لەخۆگرتووە، کە وەک "پرسێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام لە سووریا" وەسف کراون.

لە کۆتاییدا، راگەیێندراوەکە سوپاسی فەرەنسا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی کردووە بۆ "پشتیوانییە بنەڕەتییەکەیان لەم دیالۆگەدا."

شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.

دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە سەر شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەک، ئاگربەستیان راگەیاند.

دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق.

مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا گوتی، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە.

وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار