دووساڵ بەسەر شەڕی غەززە تێدەپەڕێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دوو ساڵ لەمەوبەر، كەتیبەكانی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، لە كەرتی غەززەوە هێرشێكی لەناكاو و فراوانیان كردە سەر ئۆردوگا جولەكە نشینینەكان و سەربازگەكانی ئیسرائیل، كە بە قورسترین هێرش دادەنرێت كرابێتە سەر ئیسرائیل لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، ئەوەش دەرگای بۆ گەورەترین هەڵمەتی سەربازی سوپای ئیسرائیل كردەوە دژی كەرتی لەمێژوویی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستییەكان.

لە ماوەی چەند کاتژمێرێى هێرشەكەی حەماس، زیاتر لە هەزار سەرباز و هاوڵاتی لە ناوخۆی ئیسرائیل کوژران و نزیکەی ٢٥١ كەسيش بەدیل گیران و گواسترانەوە بۆ غەززە. 
لە رۆژی دوای هێرشەكەی حەماسەوە ، غەززە بوو بە گۆڕەپانێكی كراوەی جەنگ، دوای دوو ساڵ لە بۆردومان و لەشکرکێشی زەمینی ئاسمانی و تەنانەت هێرشی دەریایش، کۆی ژمارەی قوربانی و بێسەروشوێنەكان گەیشتووەتە (76)هەزار و (639)کەس.

بەپێی داتا فەرمییەکان، ژمارەی منداڵانی قوربانی (٢٠) هةزار منداڵی تێپەڕاندووە، ژمارەی ئەو ژنانەشی لە شەڕەکەدا كوژراون، گەیشووەتە (12)هەزار و (500)ژن.

هەزار و (٦٧٠) کارمەندی پزیشکی و (١٤٠) کارمەندی بەرگری شارستانی و (٢٥٤)رۆژنامەنوس و (١٧٦) کارمەندی شارەوانی کە چواریان سەرۆکی شارەوانین و زیاتر لە (٧٨٧)کارمەندی پۆلیس و فریاگوزاری کوژراون، هەروەها (٨٩٤)وەرزشەوان لە سەرجەم بوارەكان وەرزش.

لە لایەنی ئیسرائیلیش، بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا هەزار و (١٥٢)سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، ، تائێستاش نزیكەی (45) بارمتە لای بزوتنەوەی حەماس ماون، كە بەشێكین گیانیان لە دەستداوە.

لەبارەی قەبارەی وێرانکارییە مادییەكان لە غەززەش، زیاتر لە (60%)ی باڵەخانەكانی بە تەواوی وێران بوون یان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، 350 هەزار بۆ 400 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونيش بە كەڵكی ژیانكردن نەماون.

لە ئێستادا نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە چادر یان پەناگەی کاتیدا دەژین، کە هەندێکیان سێ یان چوار جار لە کاتی جەنگدا ئاوارە بوون،  جگە لەوەش زیاتر لە 70%ی قوتابخانەکان پەكیان كەوتووە، یان کراون بە پەناگەی ئاوارەکان، هەندێکیشیان وەک نەخۆشخانەی کاتی بەکاردەهێنرێن.

 لەبواری تەندروستیشدا، 90%ی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییەکان یان زیانیان بەرکەوتووە یان داخراون.
رێژەی  وێرانکاری بە گشتی لە غەززە گەیشووەتە نزیکەی 90%، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل 80%ی ناوچەكانی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردوە، ناوچەی ئەلمەواسی کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات ناوچەیەکی مرۆیی سەلامەتە، 136 جار بۆردومانی کردووە، زیاتر لە 200 هەزار تۆن تەقەمەنی بەسەر کەرتی غەززەدا بەرداوەتەوە.

فەرمانگەی میدیایی حکومەتى غەززە زیانەکانی سەرەتایی راستەوخۆكانى بۆ (١٥) کەرتی گرنگ بە 70 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  میدیاکانی میسر بڵاویان کردووەتەوە، دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەر دوو شاندی حەماس و ئیسرائیل لە شەرم شێخ بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەڕێوەچوو.

کەناڵی "قاهیرە"ی میسری، لەو بارەوە ڕایگەیاند، شاندەکان "گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن. ئاماژەشی داوە، "میسر و قەتەر لەگەڵ هەر دوو لایەن کار دەکەن بۆ دامەزراندنی میکانیزمێک" بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و زیندانییەکان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرکردایەتی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: ئەم خولەی دانوستانەکان، لەوانەیە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، گوتیشی: پێشبینی دەکەین دانوستانەکان قورس و ئاڵۆز بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار