رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ" ئاشکرایکردووە، ئەمریکا لەم دواییانەدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەڵكشانی ململانێیەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی رێژەیش دەكات لە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە کورد و کەمینەکانی دیکە. بەگوێرەی رۆژنامەکە، واشنتۆن فشارەکانی پێشوی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموكرات کەمکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر داواكاری سیستمی نا ناوەندێتیان رەتدەکردەوە، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت کورد سازشی جەوهەری بکات. سەرچاوەکانی رۆژنامەکە پێشبینیان كردووە، لە کۆتاییدا هێزەکانی سوریای دیموکرات ناچار بكات دەستبەرداری کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچەی زۆرینەی عەرەبی ببن لە رۆژهەڵات ، هەروەها لە پرسی بەرهەمهێنانی نەوتیش. سەرچاوەیەک بۆ رۆژنامەکەی رونکردووەتەوە، هەوڵی حکومەتی سوریا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگاری سوەیدا، هۆكار بوو لە گۆڕینی هەڵوێستی واشنتۆن، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەدان قوربانی لێكەوتەوە كە زۆربەیان هاوڵاتی دروز بوون، وەستاندنی هێرشەكانيش دوای دەستوەردانی سەربازی ئیسرائیل. سەرچاوەیەکە راشیگەیاندوە: ئەمریكییەكان زیاتر لە پێشوو گوێیان لێدەگرن (وەك ئاماژەیەك بۆ گوێگرتن لە کورد)... بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت لە یەک کاتدا بەرگری لە دوو کەمینە بکات، هەمیشە دروزەکانیشی بەلاوە گرنگترە. سەرچاوەکانی رۆژنامەکە ئاماژەیان بەوە شکردووە: ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتەوە دیمەشق بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی هێزەکانی هەسەدە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. رۆژنامەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی رۆژئاواییەوە بڵاویكردووەتەوە: دانوستانەکانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوام دەبن لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رازیكردنی ئەمریکییەکان، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ سازشێكی راستەقینە بكەن لەسەر پرسی هەژمونیان لە ناوچەكە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی وردبینیی لەناوی کاندیدی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و تائێستاش هیچ وادەیەک بۆ ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی کاندیدەکان دیاریینەکراوە. بیلال ئەکرەم عەباس، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، پرۆسەی وردبینیی لەناوی کاندیدەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوامی هەیە، تائێستاش هیچ وادەیەک بۆ ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی کاندیدی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان دیاریینەکراوە. پێشتر بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئاشکرایانکردبوو کە 30 ڕۆژ پێش ڕۆژی دەنگدان، پرۆسەی وردبینیی لە لیستی کۆتایی کاندیدەکان تەواو دەکرێت، دواتریش بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات بەو پێیەش پرۆسەی وردبینیی لەناوی کاندیدەکان سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێت. مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە حەوت هەزار کاندید کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن، تا ئێستاش کۆمیسیۆن بەهۆکاری جیاواز ژمارەیەک کاندیدی دوورخستووەتەوە و وردبینیش لە ناوی کاندیدەکان بەردەوامە.
ئەرجان کایهانی، داواکاری گشتیی کۆمار کە لە کۆشکی دادوەریی ئیستەنبوڵ کاری دەکرد، لەلایەن کەسێکەوە لەناو چێشتخانەیەکدا لە ناوچەی چەکمەکۆی ئیستەنبوڵ بە چەقۆ کوژرا. روداوەکە سەعات 9:19ی شەو لە چێشتخانەیەکدا رویداوە و بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە بە ناوی مستەفا جان گ. کە لەلایەن پۆلیسەوە لە شوێنی روداوەکە، دەستبەجێ دەستگیرکراوە. بەپێى هەواڵێکى کەناڵى سى ئێن ئێنى تورکیا، داواکاری گشتی هەر لە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوەو. زانراوە کە هێرشبەرەکە و پێشتر کێشەی لەگەڵ کەیهان هەبووە. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنادۆڵ لێکۆڵینەوەی لەبارەی کوشتنی داواکاری گشتی ئەنادۆڵ دەستپێکردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشكرایكرد؛ هێزەكانیان هەڵهاتنێكی بەكۆمەڵی نێو كامپی هۆلی تایبەت بەكەسوكاری چەكدارانی داعشی پۆچەڵكردوەتەوە. بەپێی راگەیەنراوێكی ناوەندی ناوبراو هێزە ئەمنییەکانیان لە کەمپی هۆل، هەوڵێکی هەڵهاتنی بەکۆمەڵیان پووچەڵ كردوەتەوە كە لەلایەن كەسوكاری داعشەكان دراوە" کە کۆی گشتییان 56 کەس بوون و بەنیازبوون ا بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی گەورەی جۆری هیۆندا (ئینتەر) بچنە دەرەوەی كامپەكە. ئاماژە بەوەشكراوە كە بەهۆی وریایی و هەوڵی بەردەوامی هێزەکانی ئاسایشی کەمپەکەیان، کە بە درێژایی کاتژمێر چاودێری کەمپەکە دەکەن و دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلەكە تەواوی ئەو كەسانەی لەنێو ئۆتۆمبیلەكەدا بوون دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ بەشە ئەمنییە تایبەتمەندەکانمان بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان و ئاشکراکردنی بارودۆخی ئەم ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووە.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ کە گفتوگۆکانی ئاژانسەکەی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لەو شوێنانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومانیان کردوون، نابێت لەوە زیاتر درێژە بکێشێت. گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ زانیارییەکی لە ئێرانەوە دەستنەکەوتووە لەبارەی دۆخ و شوێنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، لەو کاتەوەی ئیسرائیل یەکەم هێرشەکانی لە 13ی حوزەیراندا بۆ سەر شوێنەکانی پیتاندن دەستپێکردووە." ئێران کراوەیە بۆ دانوستان، بەڵام بە مەرجەوە: لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە ئێران کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر سنوردارکردنێکی بۆ پڕۆگرامە مووشەکییەکەی رەتکردەوە. لاریجانی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیبووی: "رێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کراوەیە، بەڵام ئەمریکییەکان تەنها باسی گفتوگۆ دەکەن و نایەنە سەر مێزی دانوستان، بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران دانوستان ناکات." وتیشی: "ئەوان شتگەلێک دەوروژێنن کە دەزانن ناتوانرێت بەدەست بهێندرێن، وەک سنوردارکردنی موشەکەکان، نموونەیەک پێشکەش دەکەن کە بە کردەیی دەبێتە هۆی داخستنی ڕێگەی دانوستان." ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە چالاککردنی ئەو میکانیزمەی کە بە "میکانیزمی لێدان" (Trigger Mechanism) ناسراوە لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، کە رێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا دەدات، بەپێی رێککەوتنی 2015ی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران (پلانی گشتگیری کاری هاوبەش). شایەنی باسە، دەرفەتی دوبارە چالاککردنەوەی سزاکان لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر کۆتایی دێت. ئەمریکاش پێشوازی لەم هەنگاوە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران. هۆکاری وەستانی دانوستانەکان دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی حوزەیران/یۆنیۆدا وەستان، ئەمەش دوای هێرشە ئیسرائیلییەکەی سەر ئێران کە تیایدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشدار بوو. واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە، ئەمەش لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بوو. لەو کاتەوە، تاران پاشگەز بووەتەوە لە هەندێک لە پابەندبوونەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە. وڵاتانی ڕۆژاوا گومان دەکەن کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، بەڵام تاران ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی شارستانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە داوای لە گرووپی فەلەستینی حەماس کرد دەستبەجێ ئەو بارمتە ئازاد بکات کە لە غەززە دەستبەسەر کراون و هۆشداریشی دا کە "شتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن". لەپەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تروس دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا نووسیویەتی: "بە حەماس بڵێن یەکسەر هەر ٢٠ بارمتکراوەکە ئازادبکات و بیدانداتەوە بە ئیسرائیل (نەک ٢ یان ٥ یان ٧!)، شتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن، ئەگەر بارمتەکان ئازادبکرێن بەیەکجار شەڕ کۆتایی دێت!. ساڵێک و 11 مانگ بەسەر دەستپێکی جەنگی غەززە تێپەڕیوە، دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی فەلەستین بووەتە داروپەردوو و زۆربەی دانیشتووانەکەشی چەند جارێک ئاوارەبوون. سەرۆکى ئەمریکا وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو کە ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکرێن چ ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر، ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل داوای لە سەربازە یەدەگەکانی کرد، وەڵامی فەرمانەکان بۆ چوونە ریزی سوپا بدەنەوە و خۆیان بۆ چوونە بەرەکانی جەنگ ئامادە بکەن، ئەوەش پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە دێت. سەرەڕای گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە دەکات. دوای هێرشی سنووربەزاندنی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، نزیکەی ٢٥٠ بارمتە بردرانە غەززە. تەلئەبیب مەزەندە دەکات کە ٤٨ بارمتەی ئیسرائیلی هێشتا لە غەززە هەن کە ٢٠ کەسیان لە ژیاندا ماون. لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە ١٠ هەزار و ٨٠٠ فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل لە ژێر ئەشکەنجە و برسێتی و پشتگوێخستنی پزیشکی ڕاگیراون. ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە نزیکەی ٦٤ هەزار فەلەستینی لە غەززە کوشتووە، ئەو هەڵمەتە سەربازییە ئەو ناوچەیەی وێران کردووە کە ڕووبەڕووی برسێتی بووەتەوە. مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل، بە تاوانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە دەرکرد. هەروەها ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دۆسیەی جینۆساید دەبێتەوە بەهۆی شەڕی دژی ئەو ناوچەیە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی لە مانگی ئازاردا شکاند، تا ئێستا شکستی هێناوە.
دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە دەتوانێت لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ملیار شیکڵ (٥.٩-٧.٣ ملیار دۆلار) تێبچێت. ئاژانسەکە ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دارایی تاوتوێی پێویستی زیادکردنی بودجەی بەرگرییان لەژێر ڕۆشنایی ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت حکومەت هەموارکردنەکان پەسەند بکات کە بڕینی بودجە بۆ وەزارەتەکانی دیکە لەخۆبگرێت لە بەرژەوەندی وەزارەتی بەرگری. ئەو ڕوونیکردەوە کە سوپای ئیسرائیل گەورەترین وەجبەی سەربازانی یەدەگی لە سەرەتای جەنگەوە کۆکردۆتەوە کە ٣٥ هەزاریان تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی "ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی گیدۆن ٢". پێشبینی دەکرا لە هەفتەکانی داهاتوودا نزیکەی ٢٥ هەزار سەربازی دیکە پەیوەندییان پێوە بکەن و کۆی ژمارەی سەربازانی یەدەگ بگاتە ٦٠ هەزار سەرباز. خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەدا ئامادە دەبێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کورتی مەشقکردن بۆ هێزە یەدەگەکان و ماوەی پشوودان بۆ یەکە ئاساییەکان. ئۆپەراسیۆنەکە بە گەمارۆدانی قۆناغ بە قۆناغی شارەکە دەستپێدەکات، دواتر مانۆڕی شەڕ لەناو شارەکەدا دەکرێت، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل- کە لەلایەن دادپەروەری نێودەوڵەتییەوە دەخوازرێت- وەک دوا قەڵای بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی ( حەماس ) وەسفی کردووە. دەسەڵاتەکە پشتڕاستی کردەوە کە کاتی هێرشە زەمینییەکە پەیوەندی بە چۆڵکردنی بەرفراوانی دانیشتوانی غەززەوە هەیە کە ژمارەیان نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەسە، کە تا ئێستا تەنها ١٠ هەزار کەسیان جێهێشتووە. لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، چۆڵکردنی بەرفراوان دەست پێناکات تا ئەو کاتەی شارەکە گەمارۆ نەدرێت و هێرشەکان چڕتر بکرێنەوە و بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری سنووردار نەکرێن بۆ چوونە ژوورەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری وەرگرتنی هێزە یەدەگەکان لەکاتێکدایە کە ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بووە، کە هەندێکیان لەگەڵ گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندان نەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان. بەگوێرەی کۆمسیۆنەکە، سوپای داگیرکەر بەنیازە زۆربەی لیواکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بکات، جگە لە لیوای پەرەشوتوان کە لە کەرتی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە ، هاوکات سەربازە یەدەگەکان کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ کەرتی غەززە دەگرنە ئەستۆ. لە 18ی ئابدا، حەماس ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیارێکی نێوەندگران بۆ ئاگربەستی بەشەکی و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی وەڵامی نەدایەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی پێشنیارێکی پێشوو بوو کە لەلایەن تەلئەبیبەوە پەسەندکرابوو . بەڵکو ناتانیاهۆ بە بیانووی ئازادکردنی دیلەکان و تێکشکاندنی بزووتنەوەکە پاڵ بە لەشکرکێشی غەززە دەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەیاران و بەرپرسانی پێشوو و تەنانەت سەربازیش گومانیان هەیە، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندانییەکان دەزانن.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پارتی دیموکراتی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتوون، "رۆژئاوا بۆ من هێڵی سوورە و ئەوێ بۆ من جیاوازە." جەختی لەوەش کردەوە، ئۆجەلان جگە لەمە، هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ ئەوان نەکردووە، ئەم بابەتەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا گفتوگۆ کردووە. ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان لە بەشداری بەرنامەیەکی (ژن تیڤی)یدا هەڵسەنگاندنی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دوایین دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد. پەروین بوڵدان بە یادکردنەوەی ئەندامی شاندی ئیمرالی سری سورەییا ئۆندەر دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: "خەباتێکی زۆری بۆ ئاشتی لە تورکیا کرد و ئەو خەباتەی لەبیر ناکرێت." پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان پڕۆسەی ساڵی ٢٠١٥ و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بۆ پڕۆسەکە پێشکەوتنێکی گرنگە و وتیشی: "باخچەلی کە لە ڕابردوو دژی پڕۆسەکە وەستابوو، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لەو کەسانەی کە ڕێگای بۆ پرۆسەکە خۆشکردووە." پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێش بانگەوازەکەی باخچەلی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆدا نەبووە و بەردەوام بوو: "دوای ئەوەی باخچەلی لە یەکی تشرینی یەکەمدا هاتە لای دەم پارتی و تەوقەیان کرد و هەروەها لێدوانەکانی دوای ئەوە، ئاماژەن بۆ پڕۆسەیەکی نوێ لەسەر ڕێگای ئاشتی." پەروین بوڵدان وتیشی، ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی باخچەلی بە "عەقڵی دەوڵەت کەوتە کار" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر تورکیا ئاشتی ناوخۆیی بەدەست بهێنێت، دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی نموونەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر رۆژئاڤای کوردستان، بوڵدان گوتی، "لەگەڵ ئێمەدا، واتە لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تەنیا باسی سیاسەتی تورکیای کرد، بەڵام چەند جارێک گوتوویەتی: 'سووریا و رۆژئاوا هێڵی سووری منن. بۆ من ئەوێ جیاوازە.' واتە چەند جارێک لەسەر سووریا ئەمەی خستووەتەڕوو؛ بەڵام جگە لەوە، لەبارەی سووریا و رۆژئاوا هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەگەڵ ئێمە نەکردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی ئەمەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا تاوتوێ کردووە و کێشەکەی لەوێ گفتوگۆ کردووە و گوتوویەتی ئەگەر دەرفەت دروست ببێت زەمینە بڕەخسێنرێت، دانوستاندن لەو بارەیەوە بە گرنگ دەزانێت." ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئۆجەلان چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا گرنگە و گوتی، "ئەو ئاماژەی بەوە کرد، دەیەوێت لەگەڵیان گفتوگۆ بکات کە لەم بابەتەدا چ ڕێگەیەک پێویستە بگیرێتەبەر و چ بڕیارێک پێویستە بدرێت. ئەمە هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین ئەگەر لە پرۆسەکەدا پێشکەوتن دروست ببێت و دەرفەت فەراهەم بکرێن و لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوا پەیوەندی و کۆبوونەوە دروست ببن، من پێموایە ئەم بابەتە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت." سێ چەمکی سەرەکی لە دوایین دیداردا پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە دوایین کۆبوونەوەدا لەسەر سێ چەمکی سەرەکی وەستاوە و وتویەتی: "بۆ نموونە، ئێمە دەتوانین کێشەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و ئەنتیگراسیۆن وەک پاکێجێک ببینین. ئەگەر مرۆڤ دابەشیان بکات بۆ چەند بەشێک و بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەوا هەڵە و نادروست دەبێت، لەسەر گرنگی هەنگاوە خێراکان وەستاوە کە بەیەکەوە ئەنتیگراسیۆن بەدەست دەهێنن، من ئەمە بەم شێوەیە ڕوون دەکەمەوە، ئێستا کۆمیسیۆنێک پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە دەستی بە کارەکانی کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە دەستبەجێ یاسا دەربکات، چونکە ئەنتیگراسیۆن شتێک نییە کە بەبێ یاسا بەدی بێت، ئێمە دەتوانین باسی ئاشتی بکەین، باسی دیموکراسی بکەین، بێگومان دەتوانین باسی نادادپەروەری و نایاسایی لە تورکیا بکەین و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەوەدا دەربکەین، ئەم بابەتانە تاوتوێ بکەین و باسیان بکەین، بەڵام ئەنتیگراسیۆن شتێکی تەواو جیاوازە، چونکە ئەمڕۆ لە چیاکاندا هەزاران کەس هەن کە چەکیان پێیە، ڕێوڕەسمێکی سیمبولی لەناوبردنی چەکەکان بەڕێوەچوو، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا ئەوانەی چەکیان پێیە ماون، ئێستا پێویستە ئەو ڕێگرییەی لەبەردەم ئەوانەی چەکەکانیان پێیە نەهێڵدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و بتوانن بەشداری سیاسەتی دیموکراتیک بکەن، ئەمەش بە یاسا کە لە لایەن کۆمسیۆنەکە پەسەند دەکرێت ئەنجام دەدرێت." زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ ئۆجالاندا کۆبێتەوە پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات و وتی: "ئێمە ناڵێین هەموو کۆمیسیۆنەکە بچێت، ناڵێین هەموو ئەندامان بە یەکەوە بڕۆن، بەڕێز ئۆجالان داوای ئەوەی نەکردووە، وا بیر دەکەینەوە کە نوێنەرێک لە هەر گروپێکیش بچێت بەسە، کەسێک لە ئاکەپە، کەسێک لە مەهەپە، کەسێک لە جەهەپە، کەسێک لە یەنی یۆڵ، کەسێک لە دەم پارتی، شاندێکی نوێنەرایەتی بۆ نموونە لە ٥-٦ کەس یان ٦-٧ کەس پێکبێن بچنە ئیمڕاڵی و وەک شاندی کۆمیسیۆنەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، ئەمە پڕۆسەکە خێراتر دەکات و بەشدارییەکی ئەرێنی دەکات و زەمینە بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە ئامادە دەکات، لە ڕاستیدا ئیرادە بە گشتی لە دەوڵەتدا هەیە، هەوڵەکانی بەڕێز نوعمان کورتولموش زۆر بەنرخن، لێدوان و هەڵسەنگاندنەکانی بەشدارییەکانی لە لێژنەکەدا، جگە لە ڕێگری لە زمانی کوردی گرنگن، ڕێگری لە زمانی کوردی شتێکی جیاوازە، خۆزگە وانەبوایە، دەبوو ڕێگە بدرایە دایکێکمان لەوێ بە کوردی قسە بکات، دەتوانرا وەرگێڕێک لەوێ هەبێت، هاوڕێیانمان دەیانتوانی لەوێ وەرگێڕی بکەن، ڕێگە نەدان بەمە بە بڕوای من بۆ کۆمیسیۆنەکە بوو بە عەیبە، شتێکی ڕاست نەبوو." پەروین بوڵدان ڕێگری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی لە زمانی کوردی هەڵسەنگاند و وتی: "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەل کاردانەوەی لێژنەکەی بۆ پرسی کورد، نزیکبوونەوەیان لە زمانی دایک زۆر بە فراوانی پێشوازیی لێکرد و کاردانەوەیان نیشاندا، دەتوانرا لە ڕێگەی وەرگێڕێک ڕێگە بە دایکانمان بدرێت بە کوردی قسە بکەن، تەنانەت مەرال دانش بەشتاشیش وتبووی من دەتوانم وەرگێڕی بکەم، ڕێگەیان بەمەش نەدا، بەڕێز ئۆجالان سەرنجی نەخستە سەر ئەم بابەتە بەڵام بە گشتی دیدارێکی زۆر درێژمان سەبارەت بە ئەرک و قورسی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە بابەتی دەرچواندنی یاسادا ئەنجامدا، بەڵام چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە لە لایەن گەلی کوردەوە، هەموو کەس چاوەڕوانیی هەیە، گەلەکەمان دەتوانێت بڵێت کە سەبارەت بە کورد، ناسنامەمان، کەلتوورمان، بابەتی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد چی دەبێت، زمانی گەلی کورد، ناسنامەی گەلی کورد، کەلتووری گەلی کورد، سەبارەت بە هەموو ئەم بابەتانە، کۆمیسیۆنەکە ئەو کارانە بکات کە دەکەوێتە سەر شانی، بەڵام کۆمیسیۆنەکە ئەرکێکی جیاوازی هەیە، من هەوڵمدا باسی ئەمە بکەم، هەندێک جار بە تەواوی لە کارەکانی کۆمیسیۆنەکە تێناگەین، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنی چارەسەرکردنی پرسی کورد نیە، بۆ نموونە یاسا دیموکراتیکەکان سەیر بکەن، کاتێک دەوترێت یاسا دیموکراتیکەکان بەڕێز ئۆجەلان ئەمە وەک چارەسەری پرسی کورد نابینێت، بۆ نموونە ئێمە دەڵێین کۆمەڵگای دیموکراتیک، یاساکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، دەبێت ئەمە بگۆڕێت بۆ زەمینەیەک کە ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە زەمینەیەکی یاساییدا کاربکات و لەم زەمینە یاساییەدا بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا گفتوگۆ بکەین، یاسا نوێکان دەرچوێنین. بابەتی دیموکراتیکبوونی تورکیا چووەتە قۆناغێکی نوێ کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئەم کۆمەڵگەیە لە زەمینەیەکی یاساییدا جێگیر دەکرێت و لەناو ئەمەشدا پێناسەیەک بۆ ئەرکەکان دەکرێت و هەنگاو دەنرێت، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، بەڕێز ئۆجالان باسی لەوەکرد یەکتر بینین کۆتایی دێت، تەکتیکی یهکهم کۆتایی هات، ئێستا کاتی تەکتیکی دووەمە، تەکتیکی یهکهم چەکدانانی پەکەکە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و هتد بوو، ئێستا قۆناغی دووەم، تەکتیکی دووەمە. ئەمە چییە؟ یاساکان دەردەچن، ئەنتیگراسیۆن دەست پێدەکات، یاسای دیموکراتیکبوون و یاسای ئازادییەکان دەردەچوێنرێن، بێگومان بەمەش گفتوگۆی نوێ درووست دەبێت، بۆیە ناکرێت مرۆڤ هەمووی پێکەوە ئەنجام بدات، هەمووی لە یەک جاردا چارەسەر بکات". ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی پەروین بوڵدان باسی دیداری خۆی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کرد کە دوای ڕێوڕەسمی لەناوبردنی چەکەکان ئەنجامیداوە، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە باخچەلی ڕێوڕەسمەکەی بە "شکۆدار و ڕێکوپێک" بینی، و نیگەرانی خۆشی دەربڕی کە ئەوانەی چەکەکانیان دانا نەیانتوانی لە هەمان ڕۆژدا بگەرێنەوە تورکیا. بوڵدان ئەم دۆخەی بە "نەبوونی بنەمایەکی یاسایی و دادپەروەری" بەستەوە و وتی: "ئەگەر زەمینەیەک ئامادەکرایە ئەوا ئەمە دەکرا، بەڵام لە وڵاتێکدا کە هیچ گەرەنتییەک نییە، بەرەوپێشچونێکی وا ڕووی نەدا، ئەگەر چاکسازی یاسایی بکرێت، دەتوانرێت بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک ئامادە بکرێت." بوڵدان وتیشی، کە پێشکەوتنی پڕۆسەکە پەیوەستە بەو یاسا و بڕیاڕانەی کە لە کۆمیسیۆنەکەوە دەردەکرێت. پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە دەبێت ناو و کاری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بە جیا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و وتی: "تێکەڵییەک هەیە، هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئەم کۆمیسیۆنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات یان ئەم کۆمیسیۆنە هەموو یاساکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە بۆ مەبەستێکی تایبەت دامەزراوە، بۆچی دامەزراوە؟ پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد دەبێت پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەکەکانی دابنێت و بۆ بابەتی ئەنتیگراسیۆن پێویستە هەندێک یاسا دەربکرێن و هەمواربکرێنەوە، کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، من پێم وایە زۆر بە بەهایە، چونکە لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەمجارە کۆمیسیۆنێک پەیوەندیدار بە کێشەی کورد دادەمەزرێت، بەڵام سەیری بکەن من ناڵێم پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد، دەڵێم پەیوەندیدار بە کێشەی کورد کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا. ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، جەهەپە و مەهەپە و زۆر پارتی تر ئەندامیان نەبوو، بەڵام ئێستا لەم کۆمیسیۆنەدا نوێنەرایەتی هەموو پارتەکان، هەموو فراکسیۆنەکان هەیە، لەم ڕووەوە زۆر بە بەهایە، تەنانەت پارتە سیاسییە بێ فراکسیۆنەکانیش نوێنەرایەتییان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنەکە کەمێک بە قورسی کار دەکات، بە بڕوای من کارەکانی خاون، زیاتر بۆتە کۆمیسیۆنێک کە کاتەکانی زیاتر بۆ گوێگرتن بەسەر دەبات، ئەمە شتێکی ڕاست نییە، بە بڕوای من ئەمە هەڵەیە، دەبێت بە خێرایی گوێگرتن کۆتایی پێبێت، بێگومان گوێگرتنەکان بە نرخ بوون، بۆ نموونە شەهید، کەمئەندامانی جەنگ، دایکانی شەممە، دایکانی ئاشتی و ئەو کەسانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە تورکیادا ئازاریان چەشتووە، ئەوانەی ستەمیان لێکراوە و داوای دادپەروەری و ڕاستی دەکەن و پارێزەرانیش گوێیان لێگیرا، ئەمە گرنگە بەڵام گۆڕینی کۆمیسیۆنەکە کە بە هەفتە و مانگ گوێ دەگرێت کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵ و گیرۆدە دەکات". ڕێبەر ئاپۆ: زۆر شت هەیە کە بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم ئەندامی شاندی ئیمرالی پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکات و سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم بابەتە لە دوایین دیداردا وتی: "ئێستا گرنگە کۆمیسیۆنەکە بچێتە ئیمڕاڵی، چونکە دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ دانوستانکاری سەرەکی بکات، لە هەردوو لایەنیشدا دانوستانکار هەن، بەڕێز ئۆجالان هەیە کە پەکەکە دەڵێت دانوستانکاری سەرەکی ئێمەیە، بەردەنگی ئەم کارە بەڕێز ئۆجالانە، لە لایەکی ترەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار هەیە، کە لەوانەیە هەوڵ بدەن ئەم کارە بە ئیرادەی خۆیان بەرەو پێش ببەن، بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەیە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەن، بە تایبەت ئۆزگور ئۆزەل هەیە، دەم پارتی هەیە ، هاوسەرۆکان هەن، لەو باوەڕەدام کە باشترە هەموو ئەمانە گفتووگۆیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەرەکانی لایەنێک بکرێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەری لایەنەکەی تر نەکرێت و بۆچوونەکانی وەرنەگیرێت، وەک بەردەنگی پرسەکە نەبینرێت، هەڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی نەکردایە، ئەگەر بە پەکەکەی نەگوتایە کۆنگرەی خۆتان ببەستن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئایا پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەبەست و خۆی هەڵدەوشاندەوە؟ ئایا دەگەیشتینە ئەو قۆناغەی ئێستا تێیداین؟ نەخێر، نەدەگەیشتین، ئەمانە بە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان دروست بوون و لە لایەکی ترەوە ڕێکخستنێک هەیە کە گوێڕایەڵی دەکەن، بۆیە نەچوونی کۆمیسیۆنەکە، و نەبینینی بەڕێز ئۆجالان وەک بەردەنگ و گوێنەدان پێی هەڵەیەکی گەورەیە، ئێستا بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، چەندین شت هەیە کە من بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم، بەڵێ زۆر شت هەیە".
بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا دەڵێت: سوپای وڵاتەكەی لە عێراق ناکشێتەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی دژە داعش جێگیر دەبن. لێدوانی ئەو بەرپرسە، كە قسەی بۆ كەناڵی "الحدث" كردووە، دوای ئەو هەواڵانە دێت کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەندێک لە سەربازگەو بارەگا سەربازییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەکەن. ئەو بەرپرسە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەشکردووە: وڵاتەکەی پابەندە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان، لە چوارچێوەی هاوکاری بەردەوام لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی. جەختیشكردووە: لەسەر داوای حکومەتی عێراق هێزەکانمان لە عێراق دەهێڵینەوەو، هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی دژە داعش بڵاوەپێدەکەن. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەر زەوی و پێویستیەکانی جێگیرکردن و هەڵسەنگاندنی مەترسی دەبێت. هەروەها ڕوون بوو کە ئەمریکییەکان نەیانویستووە هیچ ئاماژەیەک بدەن کە واز لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا دەهێنن، هەروەها شەڕی داعش وەک ئامانجێکی گرنگ بۆ ئەمریکییەکان دەمێنێتەوە. هەروەها دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق گرنگییەکی سەرەکیی هەیە بۆ ئەمریکییەکان، کە دەیانەوێت لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن لە کارکردن لەسەر ئەم هاوبەشییە. ئەمریکا بە گرنگترین هاوبەشی سەربازیی هێزە عێراقییەکان دادەنرێت و پەیوەندیی مەشق و ڕاهێنان و چەکداریی نێوان بەغدا و واشنتۆن گەورەترین پەیوەندی دوو قۆڵییە بە بەراورد بە پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەر حکومەتێکی دیکە. ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە سەرانسەری عێراق بەرەو هەرێمى کوردستان (باکوور) دەچن، وەک یەک نابێت. ئەمریکییەکان هەمیشە ڕایانگەیاندووە کە دوو هەزار سەربازی ئەمریکییان لە عێراق هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی بەرەو هەولێر دەچن دوو هەزار سەرباز نابێت، و پێدەچێت لەوەش کەمتر بێت. چەندین پێشنیار لەسەر مێزی نێوان حکومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمریکا بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی نزیک لە سوریا، کە دەتوانرێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشدا بەکاربهێنرێن. بەڵام پێناچێت ئەم پێشنیازانە لەلای هیچ لایەک کێشیان پەیدا کردبێت، یەکەمیان لەبەرئەوەی پێویستیەکی دەستبەجێیان بۆ ناکات، دووەمیش لەبەرئەوەی ئەمریکییەکان پلانیان هەیە لەکوردستانی عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەلتەنفەوە لەدژی داعش ئۆپەراسیۆن بکەن. بۆیە پێویست ناکات لە ئێستادا پێشنیازەکە بە جددی وەربگیرێت، بەتایبەتی کە پلانەکە پێشتر بوونی هەیە، جێبەجێ دەکرێت، و لەلایەن هەردوو لایەنەوە لەبەرچاو دەگیرێت کاتێک کۆبوونەوەی تەکنیکی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دەدەن.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرایدەكات: راوێژکارێتیيەكەیان پێشنیازی دواخستنی دەنگدانی یاسای هێزەكانی حەشدی شەعبی کرد بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. ئەعرەجی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: داوامان کرد یاساکە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردن و هۆكارەكەیم لێ مەپرسن. ئاماژەی بەوەشکرد: رەنگە یاساکە پێش ئەوەی بچێتە دەنگدان، پێویستی بە خستنەڕووی بێت لە ناوخۆ و دەرەوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە جەختی لەوە شکردەوە: حکومەت رێگە بە هیچ لایەنێک نادات، دۆست بێت یان نا، بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێشنیاز بکات، راشیگەیاند: حەشد نوێنەرایەتی بەشێکی بنەڕەتی دەزگای ئاسایشی عێراق دەکات. دوای چڕبوونەوەی هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، سەرەڕای دابەشبوونیان بەسەر دوو ئاراستە، دواجار لایەن شیعەکانی عێراق، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، بڕیاریاندا پرۆژە یاسای پەیکەربەندی حەشدی شەعبی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وەربگرنەوە و دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژە بخەنە خولی داهاتووی پەرلەمان. لەمبارەوە عارف حەمامی، پەرلەمانتاری حزبی دەعوەی ئیسلامی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری کشاندنەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی تەنیا بەهۆی نەگونجانی کاتە و پەیوەندیی بە هیچ هەڵوێست و گوشارێکەوە نییە. حەمامی گوتیشی: کاتی پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، بۆیە پرۆژەکە بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان کشاندراوەتەوە و تاوەکوو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ناخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان. پێشتر لە 23ـی تەممووزی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە. ڕوبیۆ نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە و هۆشداری پێداوە، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق، هەربۆیە ئەمەریکا قبووڵی ناکات
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت کەس ناتوانێت کورد و تورک لە یەکدی جیابکاتەوە، هەروەک چۆن ئێسک و گۆشت لە یەکدی جیاناکرێنەوە، هاوکات هۆشداری دەداتە یەپەگە و دەڵێت، هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە بدات، باجەکەی دەدات. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ چین، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە نێو فڕۆکە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووساندا و گوتی: هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی بدات، دەبێت خۆی بۆ باجەکەشی ئامادە بکات، گوتیشی "کورد برای ئێمەیە، لە هەر کوێیەکدا بژین، کەس ناتوانێت لە یەکترمان جیا بکاتەوە". سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ کورد، ئەردۆغان ئاماژەیدا، کورد برای ئێمەیە، گرنگ نییە لە کوێدا دەژین، کەس ناتوانێت لە یەکتر جیامان بکاتەوە، وەک چۆن گۆشت لە ئێسک جیا ناکرێتەوە، ئێمە خاوەنی مۆڕاڵین و کەس ناتوانێت بۆسە بۆ تێکدانی ئەم برایەتییەمان دابنێتەوە، هەربۆیە ئەگەر بە وردی و عەقڵییەتیكی ژیرانە مامەڵە بکەین، هەموو کێشەیەک چارە دەبێت، بەڵام بەبێ بوونی ئیرادەیەکی باش، تەنانەت سادەترین کێشەش دەگاتە بنبەست. ئەردۆغان جەختی کردەوە، کە کۆمیسیۆنی پشتیوانیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بە بەرفراوانیەوە بەردەوامە لە کارەکانی، بۆیە بڕوام وایە، دواجار کێشەیەکی 40 ساڵە لە تورکیا کۆتایی پێدێت. گوتیشی: لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی تورکیا، باشتر وایە گوێ بە دەنگۆکان نەدرێت، بەڵکو سەرنج بخرێتە سەر ئەو لێدوانە جددیانەی دەوڵەت دەیدات، ئێمە بە ڕوونی هەم نەخشە ڕێگاکەمان و هەم ئامانجمان دیاری کردووە؛ ئێستاش ئەو خەرجی و سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان دەکران، لە بواری گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و دامەزراندن بەکار دەهێنرێن. سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە بدات، باجەکەی دەدات. کورد لە هەر کوێیەک بژین، برای ئێمەن. هیچ کەسێک ناتوانێت ئێمە لە یەکدی جیابکاتەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت بۆسە بۆ برایەتیی هەمیشەیی ئێمە دابنێت. چۆن گۆشت لە ئێسک جیا نابێتەوە، ئاواش ئەم برایەتییەی ئێمە لە یەکدی جیا نابێتەوە." سەبارەت بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە گوتی: "بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کرد، بە شێوەیەکی دڵسۆزانە ئەم گەڕانەمان گەیاندووەتە خاڵێکی دیاریکراو. ئەوان پرۆسەی داهاتووش بە هەمان سووربوونەوە بەڕێوەدەبەن. باوەڕم وایە لە کۆتاییدا تورکیا کێشەیەکی 40 ساڵە لەناودەبات و وەکو یەک و یەکگرتوو هەنگاو بەرەو داهاتوو دەنێت." سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "ئەو سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخانکراون، لەمەودوا بۆ گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و هەلی کار خەرج دەکرێن. براوەی تورکیای بێ تیرۆر هەموو تورکیایە، براوەی ناوچەی بێ تیرۆریش هەموو گەلانی برای ناوچەکەمان دەبن."
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە، بۆ پرسی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیانى هەرێم. ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری کوردستان عەلی باپیر. لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد، لەوانە ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکان و ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم، جگە لە تاوتوێ کردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی لە سەرتاسەری عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە، بۆ پرسی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان لە هەرێم و جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت ناکۆکییەکان ببنە بارگرانی بەسەر هاووڵاتیانەوە، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی تر. لەلای خۆیەوە عەلی باپیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی، لە دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان عێراق و پابەندبوونی بە پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری وڵات.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بهڕێوهبهرى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له وهزارهتى دهرهوهى توركيا دۆخى ئهمنيى ناوچهكه و دوايين پێشهاتهكانى سووريا و ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و كاريگهرى و لێكهوتهكانى تاوتوێ دەکەن. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، بهيانيى ئهمڕۆ سێشهممه 2025/9/2 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له باڵيۆز عهلى ڕزا گوينهى، بهڕێوهبهرى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له وهزارهتى دهرهوهى توركيا و شاندێكى ياوهرى كرد. له ديدارێكدا پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا و ههڵبژاردنهكانى داهاتووى عێراقيان تاوتوێ كرد. ههردوولا ستايشى ئاستى پهيوهندييهكانى نێوانيان كرد و جهختيان له برهودان به فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهشيان له بواره جياكاندا، كردهوه. دۆخى ئهمنيى ناوچهكه و دوايين پێشهاتهكانى سووريا و ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و كاريگهرى و لێكهوتهكانى، لهگهڵ چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بوو كه بهڕێز كونسوڵى گشتيى توركيا له ههولێر، ئامادهى بوو.
ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە سەرچاوەکان لە دیمەشق ڕایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی دووەم دەستپێدەکاتەوە، سەرەڕای پەرەسەندنی لێدوانەکانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبوونیان بە لامەرکەزی دووپات دەکەنەوە. پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) جەختدەكاتەوە: رێگاکەیان دیالۆگ و دانوستانە لەگەڵ دیمەشق و چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانەیە، ئەوەش بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا بڵاویكردووەتەوە. ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەت دەکرێت لە دیمەشق لەسەر ئاستی بازنەی دووەمی سەرکردایەتی، سەرەڕای هەڵكشانی لێدوانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبونی خۆیان بە نا ناوەندێتی دووپات کردەووتەوەو، دیمەشقیان بە کشانەوە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازار تۆمەتبار كردووە. ساڵح موسلیم، ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) دوێنێ ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆسەری گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی لە سوریا قبوڵ ناکات و داوای چارەسەری دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر دیمەشق لامەرکەزی ڕەت بکاتەوە، ئێمە داوای سەربەخۆیی دەکەین". لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە دیمەشق جەخیتان كردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان حكومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو باسکردنی پرسە زۆر گرنگەکان هەنگاو دەنێت. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، ئیلهام ئەحمەد لە دیمەشقەو گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەكرێت کە ماوەی دوو مانگە وەستاون، ئەوەش دووەمین سەردانی ئەو بەرپرسە کوردەیە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا بۆ پایتەخت. سەرچاوەکان لە دیمەشق باسیان لە فشاری ئەمریکا و فەرەنسا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هەرچەندە کۆبونەوەکانی ئەو بەرپرسە کوردە لە دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، بەڵام هەردوولادا خواستیان خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ گرنگی بەردەوامبونی دانوستانەکان، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، دوور لە فشاری دەرەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. هەڵوێستەکانی کورد لە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا لە کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای لە چین دووپاتی کردەوە کە تورکیا دژی هەر هەوڵێک دەبێت بۆ هەڕەشەکردن لە یەکڕیزی سوریا، هەروەها پشتیوانیکردن لە پێشکەوتن و یەکڕیزی سیاسی سوریا "لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەماندایە". لە پەراوێزی لوتکەکەدا ئەردۆغان باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و پەرەپێدانی سوریا و پاراستنی یەکێتی سیاسی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا.
دوای ساڵانێک لەڕاگرتنی هەناردەی نەوت، ئەمڕۆ سوریا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاندەوەو بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی وزەی سوریاش دهڵێت:"بارەکە بە 600 هەزار بەرمیل نەوتی قورس مەزەندە دەکرێت"، ڕاشیدهگهیهنێت، "لەبەندەری تهرتوس لەباکوری ڕۆژئاوای وڵاتەوە بەکەشتی تانکەری (نیسوس کریستیانا) بۆ کۆمپانیای (پی سێرڤ ئینێرجی) نێردراوە". بهگوێرهى ڕاگهیهنراوهكهى وهزارهتى وزهى سوریا، "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزبونی سوریا لەبازاڕەکانی نەوتی دەرەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی نەوتو فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی سوریا دوای زیاتر لە 10 ساڵ لەوێرانکارییەکانی بەهۆی شەڕەوە دوای ئەوەدێت، ئەمریکا کۆتایی بەباری نائاسایی بۆ سوریا هێناو سزاکانی لابرد. لەمانگی تەمموزی ڕابردودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سزای دەیان ساڵەی سەر سوریای هەڵگرت کە لەساڵانی 2004و 2011 سزاکان توندترکرایەوە، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا لەمانگی ئایاردا سزا ئابورییەکانی سەر دیمەشق کە مابوو هەڵیگرت. پێش دەستپێکردنی شەڕ لەسوریا لەساڵی 2011 سوریا ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. هەناردەی نەوتی خاو لەسوریاوە لەساڵی 2002دا گەیشتە لوتکەو نزیکەی 380 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بوو، بەڵام بەرهەمهێنان دابەزییو نزیکەی وەستان بوەوە، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزیە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە.
