باقرخان: پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە ئۆجـەلان بگرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا باسی پێشهاتەکانی ڕۆژەڤی کرد. باقرخان، لە سەرەتادا بە بۆنەی ساڵیادی کوشتنییەوە، کارمەندی ڕاگەیاندن، ئازاد کادری باگدوی بەبیرهێنایەوە. باقرخان، بیری هێنایەوە کە کادری باگدو کاتێک ڕۆژنامەی بڵاودەکردەوە لە ئەدەنە لەلایەن داعشەوە کوژرا و وتی کە لە ئێستاشدا ڕۆژنامەوان هاکان تۆسون کوژراوە. باقرخان ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک هێشتا بکوژانی ڕۆژین کابایش نەدۆزراونەتەوە و سزانەدراون، داوای گرتن و سزادانیانی کرد.
لە بەردەوامیی قسەکانیدا باقرخان تیشکی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕایگەیاند: "لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. گۆڕانکاریی گرنگ ڕوودەدەن. لەگەڵ کرانەوەی ساڵی نوێی پەرلەمان چاو و گوێی کۆمەڵگە لەسەر ئەم گۆڕانکارییانەیە. لە ساڵی ڕابردوودا، هەموومان گەواهیدەری ساتەوەختی گرنگ بۆ چارەسەری و ئاشتی بووین. ئەمە زۆر بەنرخە. ئەو کۆمیسیۆنەی کە لەژێر چەتری پەرلەماندا دامەزراوە زۆر بەنرخە. یەکێکە لە گرنگترین پلاتفۆرمەکانی ئەم پرۆسەیە. ئەم کۆمیسیۆنە بۆ چارەسەریی پرسێک کە سەدساڵە لە ڕۆژەڤدایە، زۆر گرنگە. هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمیسیۆندا گوێیان لێ گیراوە سەرەڕای بیروڕای جیاواز داوای هاوبەشی ئاشتییان کرد و داوایانکرد بۆ مافی هیوا هەنگاو بنرێت. ئەو بنەماڵانەشی کە زۆرترین ئازاریان چەشت لە شەڕدا، لە کۆمیسیۆندا داوایانکرد ئیتر شەڕ کۆتایی بێت. ئێمەش بۆ کۆتاییهاتنی ئازاری ئەم بنەماڵانە، درێژە بە کار و تێکۆشان دەدەین.
پێویستە ئیتر کۆمیسیۆن گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت. بەڕێز ئۆجالان، کاتێک قسەدەکات، بنەماکانی چارەسەری بەهێزدەکات. هەر کە بەڕێز ئۆجالان قسەدەکات، چارەسەری و ئاشتی دێتە پێشەوە. هەموومان بینیمان کە بەڕێز ئۆجالان بەو دیدگای ئاشتییەی کە پێشکەشی کرد، پرۆسەکەی ڕووناککردوە. پێویستە لە کێشەیەکی لەم شێوەیەدا ترسنۆک نەبین. بوێر بین. پێویستە دیداری کۆمیسیۆن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا نەکەینە تابوویەک. دیموکراسی بە دانوستاندنی دیموکراتیک پێشدەکەوێت، نەک بە تابووەکان.
هیوای گەل بە پەرلەمان ئەوەیە ئەو ڕێسایانە جێبەجێ بکات کە بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپان. هەموو چاوەکان لەسەر ئەم ساتەیە کە دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ ئازادکردنی هەڤاڵانمان لە دۆسیەکانی پیلانگێڕی کۆبانێدا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و هەموو هەڤاڵانمان. بەرپرسیارێتییەکی سەد ساڵە لەسەر شانی پەرلەمان هەیە. پەرلەمانی ئەمساڵ بەقەد پەرلەمانی یەکەم گرنگە. بانگەواز لە پەرلەمان دەکەین؛ وەرن با ئەم ساڵە نوێیەی یاسادانان بکەین بە ساڵی چارەسەری.
وەک دەم پارتی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی تەواوی تورکیا تێکۆشان دەکەین. سەروەری یاسامان دەوێت نەک ڕژێمی بێسەروبەر. ئازادی بیرکردنەوەمان دەوێت. مافی پەروەردەمان بە زمانی دایک دەوێت. داوای ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و سیاسی دەکەین. هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆر و یاسای یەکسانمان دەوێت. هەمواکردنەوەی یاساییمان دەوێت.
هەرکات باسی ئاشتی و دانوستاندن دەکەین، بە لایەنگری دەسەڵاتداری تاوانبارمان دەکەن. ئێمەش دەڵێین لایەنگری کەس نین. ئێمە ڕێگەی سێیەمین. لە پەنای گەل، کرێکاران و بندەستان وەستاوین. لەگەڵ هەمووکەسێک بۆ دیموکراسی، یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری قسەمانکردووە. چارەسەری بە دادوەری سەربەخۆ، ئازادی بیرکردنەوە و دیموکراسی بەدی دێت. هەروەها لە سیاسەتی دەرەوەشدا ڕێگەی سێیەمین.
ئێمە لەسەر ڕێگەی ڕاستین، شان بە شان لەگەڵ گەلەکەمان بەرەو ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی دەڕۆین. ئەم ڕێگەیە ئاسان نییە. ئەوانەی بەم ڕێگەیەدا دەڕۆن، لە زیندانەکان، لەسەر شەقامەکان و لە بەرخۆدانی بێپچڕاندا بەردەوامن، بەڵام دەزانین ئەم ڕێگەیە دەستکەوت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هیوامان بەرزە. دەستکەوتەکانمان بەهەمان شێوە گەورە دەبن. بەم بۆنەیەوە یادی دامەزراندنی هەدەکە و هەدەپە کە ناوی ڕێگای سێهەمە پێرۆز دەکەین. ١٥ی تشرینی یەکەم ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەم دهاتوویەیە. بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو ئەو هەڤاڵانەمان بەبیر دێنمەوەکە لەم تێکۆشانە شکۆمەندانەدا گیانیان بەخشی. هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆمان لە کۆبوونەوەی فراکسیونی خۆمان پێشکەشی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێانی دیکەمان دەنێرم کە ئێستا لە دۆسیەی کۆمپاسی کۆبانێدا ڕووبەڕووی دادگایکردنەوە دەکرێن، هەروەها هەموو هەڤاڵانمان لە زیندانەکان."
باقرخان بەردەوام سەرنجی خستەسەر پێشهاتەکانی غەززە و ڕێککەوتنی ئاشتی و وتی: "ئاگربەست گرنگە، بەڵام بۆ چارەسەری بەردەوام دەبێت داواکارییەکانی گەلی فەلەستین جێبەجێ بکرێت. هەروەها سەبارەت بە سووریا دەڵێن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پابەند نییە بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادارەوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار هەنگاوێکی گرنگە کە لایەنە سووریەکانەوە بۆ جێگیر کردنی چارەسەری دیموکراتیک دەستیان پێکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەستوورێکیان بۆ خۆیان دەست نیشان کردووە، نە کورد، نە درووزی، نە عەلەوی و نە پێکهاتەکانی سووریا لەو دەستوورەدا بەشدار نەبوون."
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو هێزەی دەیەوێت بە ڕێگەی سیاسەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە. مەزڵۆم عەبدی فەرماندەی هێزی قەسەدە ڕایگەیاند، شاندێکی سەربازی دەچنە دیمەشق بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. هەروەک دەزانرێت لە دیمەشق کۆبوونەوە بەڕێوەچوو، دانوستانەکان بەردەوامن. ئێمە هیوادارین ئەم دانوستانانە چارەسەری بەدوای خۆیاندا بهێنن. بەڵام پێویستە دیمەشق وڵامی جددی و کاریگەر بۆ ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییانە بداتەوە. هەروەها پێویستە تورکیاش لەگەڵ ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەندی سیاسی خۆی دروست بکات و بە کردنەوەی دەروازەی سنووری نسێبین دەتوانرێت هەنگاوێکی مێژوویی بنرێت. ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی متمانە لە نێوان هەر دوو لا."
لە کۆتاییدا باقرخان سەرنجی خستەسەر دۆخی ئابووری، بودجەی ساڵی نوێ و ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی نوێ دەبێت بودجەیەکی ئاشتیانە بێت کە هەموو گەلانی وڵاتەکەمان لێ سوودمەند بن.
