نوری شێخۆ: گەمارۆی گەڕەكە كوردییەكان توندتر بۆتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردييەكان لە حەلەب دەڵێت: سەرەڕای وەستانی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هێشتا دۆخی گەڕەکە کوردییەکان ئارام بەخش نین.
ئاماژەی بە بەردەوامی دۆخی گەمارۆ و هەڵكشانی گرژییە ئەمنییەکانیش كردووە لەگەڵ توندكردنەوەی گەمارۆی سەربازی لە دەوری ئەو گەڕەکانە.
نوری شێخۆ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی راگەیاندووە: لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران دە خاڵی سەربازییان زیادکردووەو چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە دیوی باکور و رۆژهەڵات و باشورو رۆژئاوا جێگیركردووە، جگە لە زیادکردنی ژمارەی دەورییە ئاسمانییەکان لە دەرەوەی بازگە هاوبەشەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: حەوت دەروازەی چوونە ژوورەوە بە داخراوی ماونەتەوە، لەکاتێکدا تەنها سێ دەروازە لە دوای وەستانی پێکدادانەکان کراونەتەوە.
جەختیشیکردەوە: گەمارۆدانەکە بەردەوامەو رۆژانە دانیشتوان روبەڕوی پەڵپگرتن دەبنەوە، لەوانە سوکایەتیکردن، دەستگیرکردن و پشکنینی جانتای ژنان.
بەوتەی ناوبراو، گەڕەکە کوردییەکان بوونەتە زیندانێکی کراوە، دەشڵێت، دۆخی گرژی و دنەدان بەردەوامە سەرەڕای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکان، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لای هاوڵاتیان زیاتر كردووە.
