ئەحمەد شەرع: نامانەوێت بچینە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە سوریا شایستەیە لە ئاسایش و ئارامیدا بژی و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات".

ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، وتی: ئێمە لە دوای گەیشتنمانەوە بۆ دیمەشق ئیسرائیلمان وروژاندووە و نامانەوێت مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە و هیچ وڵاتێکی دیکە دروست بکات.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ناردنی پەیام نییە، "بەڵکو مەبەست لێی ڕاگەیاندنی شەڕە". بەڵام ڕوونیکردەوە کە دیمەشق "نایەوێت شەڕ بکات".

 ئەوەشى خستوەتەڕوو کە "ئیسرائیل دەبێت لە هەر خاکێک بکشێتەوە کە لە دوای ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا کراوە دەبێت بەڕووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێز لە سەروەری وڵاتەکەی بگرن.

جگە لەوەش، شەرع باسى لەوەکردووە کە ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە وێرانکرابوو، لە پێشینەی کارەکانی دەوڵەتە، ئەوەش ئاشکرایکرد کە تێچووی ئەم پرۆسەیە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

ئەو پێی وابوو "جیهان ماوەی ١٤ ساڵە سەیری ئەم کارەساتە دەکات و نەیتوانیوە ڕێگری لەم تاوانە گەورەیە بکات، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ پشتیوانی سوریا بکات".

هەروەها ڕوونیکردەوە کە "گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراون، ڕێگرن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە". گوتیشی، "تەواوی نەوەکانی سووریا تووشی زەبرێکی دەروونی گەورە بوون لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە ڕژێمی پێشوو بەڕێوەی بردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک سووری کوشتووە و چەندین ناوچە و ژێرخانی وێران کردووە، ملیۆنان کەسیش وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵات و ئاوارە ناوخۆییەکانی ئاوارە کردووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار