نێچیرڤان بارزانی: خواستمان ئەوەیە پارتی یەک ملیۆن دەنگ بهێنێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر جەختی لەوەکردەوە: خواستی ئێمە ئەوەیە پارتی ئەمجارە ژمارەی دەنگەکانی بگاتە یەک ملیۆن دەنگ و هەر هێزی یەکەم دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14-10-2025، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە ئەندامان و کادیرانی پارتی کرد کاربکەن بۆ سەرخستی لیستی پارتی و هەندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی 275 پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: هەولێرییەكان لە قۆناغی زۆر سەختدا پشتیوانی پارتی بوون جێگەی سوپاسن، خەڵك و دەنگدەرانی پارتی سەلماندیان كە پارتی پێشڕەوە و كۆڵنادات، جەختیشی كردەوە كە دەبێت خەڵك بە گڕوتینەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشدار بن گوتیشی، دەبێت بەڵێنمان بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دووپات بكەینەوە، پارتی ئەو حیزبەیە كە گەورەترین شۆڕشی لە كوردستان هەڵگیرساند، خواستی ئێمە ئەوەیە ئەمجارە پارتی یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند، سەرۆك بارزانی فێری كردووین كە پارتی ئامرازە و كوردستان ئامانجی هەموومانە، ئەندام و كادیرانی پارتی جێگەی سەربەرزین و پارتی لە هەر شوێنێك بێت ئاوەدانی لەوێیە.
نێچیرڤان بارزانی لەمیانەی گوتارەكەیدا كە بۆ ئەندام و كادیرانی پارتی لە هەولێر پێشكەشی كرد گوتی: خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتییە، دەبێت شانازیی بە ئەو ئاوەدانییە بكەین كە لە هەولێر هەیە، بەردەوامی و گەورەیی پارتی بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، سوپاسی هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەری دەکەم، هاوكات سوپاسی مووچەخۆرانی کوردستان دەکەم بۆ خۆڕاگرییان.
وتیشی: خەڵکی کوردستان سەلماندوویانە پارتی پێشڕەوە و بە پێشڕەویش دەمێنێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و چارەنوسسازە، ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە،بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافەکان دەبێت بەهێزەوە لە بەغدا بین، پارتی لە بەغدا بەهێز بێت كوردستان بەهێزە، لەپێناو کوردستانێکی بەهێز دەبێت پارتی بەهێزەوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق، پارتی لە كوێ بێت ئاوەدانی لەوێیە.
