هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەنیازە سەردانی سوریا بكات، ئێستاش كار بۆ دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆ سەردانەكە دەكرێت. وتەكانی هاكان فیدان لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا سەردانی توركیای كرد و چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كەوت. کۆتایی ساڵی ڕابردووش، ئەردۆغان بەنیاز بوو سەردانی سوریا بکات و لە دیمەشق بچێتە مزگەوتی ئەمەوی، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار سەردانەکە دواخرا. وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی: ئەنقەرە دەیەوێت سەقامگیری لە سوریا بەدیبێت و بەدوور بێت لەهەر ئیستیفزازكردنێك، فیدان جەختیكردەوە "توركیا نایەوێت بكەوێتە ململانێوە لەگەڵ هیچ وڵاتێك لە سوریا". جەختكردنەوەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا، هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل لە سوریا. هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت "پێویستە ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بكرێت و ڕێگری لە ئیسرائیل بكرێت كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات". سێ ڕۆژ لەمەوبەر، نوێنەرانی ئیسرائیل و توركیا لە ئازەبایجان كۆبوونەوە، كۆبوونەوەكەش  لەسەر دواین گۆڕانكاریی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوولا بوو لە سوریا. پێش كۆبوونەوەكە، پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە: پەیامی شاندی ئیسرائیل زۆر روونە بۆ  بۆ توركیا كە هەر گۆڕانكارییەك سەبارەت بە هێزی بیانی لە سوریا، بە تایبەت كردنەوەی بنكەی سەربازی توركیا لە ناوچەی پالمێرا هێڵی سورە و بە پێشێلكارییەكی گەورە دادەنرێت. بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ جیروسلام پۆست كردووە، حكومەتی ئیسرائیل زۆر بە روونی ئەوەی راگەیاندووە كە هەر مەترسییەك بۆ سەر وڵاتەكە، مەترسی دەبێت بۆ سەر حكومەتی سوریاش. 

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی (فورات):  سەرۆک کۆمار (ئەردۆغان) جاری یەکەمبوو شاندی ئیمراڵی قبوڵ کرد. ماوەیەکی زۆرە چاوپێکەوتن دەکەین. لەگەڵ پارتە سیاسییەکان چاوپێکەوتنمان کردوە. سەرۆک کۆمار کەسێکە کە دەبێت لە ناوەندی ئەم کارە بێت، لەم بابەتەدا زۆر لە دوورەوە وەستاوە. لەم بابەتەدا هیچ شتێکی نەگوتبوو. هەربۆیە هەموو کەسێک چاوەڕوانبوو. شاندی ئیمراڵی قبوڵ کردو لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆمان بە هاوبەشی دەربڕی.  سەرۆك كۆمار گوێی لە بۆچوونەکانمان گرت کە لە ئاستێکدا پێشنیارەکانمان لە بەرچاو دەگرێت، خاوەندارێتی لە پرۆسە بکات. لە پڕۆسەی خاوەندارێتی کردن لەم پڕۆسەیەدا دەڵێین عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەو بڕیارێکی نیشاندا. ئەوەم بینی هەمان بڕیار لە لایەن حکومەتیشەوە هەیە. لەم لایەنەوە چاوپێکەوتنێکی مێژووی بوو. هۆکاری ئەوەی بۆچی لەم پرۆسەیەدا لەدورەوە دەوەستێت لە  سەرۆك كۆمار نەپرسی. ئەویش شتێکی نەگوت. بە پێشبینی خۆم، دەیەوێت بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ببینێت. بەهۆی ئەو رووداوانەی لە دوای پرۆسەی ٢٠١٥ ڕوویانداوە بیری دەکردنەوەی هەبوو. بۆ ئەوەی هەمان شت ڕوونەدات، کاتێک بینی پرۆسەکە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات، چووە ناو ناوەندی پرۆسەکە. ئێمە لەسەر ئەمە قسەمان نەکرد، بەڵام پێشبینیەکانمان بەمجۆرەیە. لە دیدارەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان تێبینی وەردەگیرێت، راپۆرت ئامادە دەکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت بەشداری ئەم چاوپێکەوتنانە دەبن. چەندین کێشە هەیە، لە چەندین گۆڕەپان کێشە هەیە.  چەندین یاسا هەیە دەبێت ئامادە بکرێن. لە بری ئەوەی یەک بە یەک باسی ئەمانە بکەین، گوتمان دەبێت زەمینەی یاسایی بئافرێنرێت. ئاماژەشمان بەوە کرد جێبەجێکردنی هەندێک گۆڕانکاری یاسایی بەشدار دەبێت لە پرۆسەکەدا. لە ڕاستیدا ئەوان لەم ڕووەشەوە نەرێنی نین، بەڵام جارێک نازانرێت ئەو چی دەکات. هەندێک هەنگاو هەیە دەبێت بنرێت، هەندێک یاسا هەیە دەبێت دەربکرێت. دەمانەوێت لەسەر ئەمانە قسە بکەین، گفتوگۆیان لەسەر بکەین و لە هەمان کاتدا بەرەو پێشەوە بچین. چونکە ئەگەر کێشەیەک لەسەر ڕێگای ئاشتی هەبوو، ئەگەر شتێک هەبێت کە بتوانێت ڕێگری لێبکات، دەبێت سەرڕاست بکرێتەوە. بۆیە ڕێگریکردن لە ڕووداوی لەم شێوەیە گرنگە. هەنگاوی دیموکراتیک دەبێت بە بێگومان بنرێت. بێگومان دەبێت لەم پڕۆسەیەدا نەک تەنها وەزارەتی داد هەروەها بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لە پڕۆسەکەدان و سەرۆکە گشتییەکانی ئۆپۆزسیۆنیش. بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی پەرلەمانە. دەبێت پەرلەمان دەستبەجێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. زیندانەکان، کارەکانی قەیوم، زیندانییە نەخۆشەکان؛ باسی زۆر پرس دەکەین. ئەمە پرسە تەنها کوردو دەم پارتی پەیوەندیدار ناکات. پرسی ٨٥ میلیۆن مرۆڤە لە تورکیا. هەربۆیە دەبێت هەموو کەسێک لەم بابەتەدا هەوڵبدات و نزیکایەتی پیشان بدات بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت. دەبێت چوونە ئیمراڵی هەبێت، دەبێت دیدارێک لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدرێت. هەنگاوێكی ڕوونبرێت و ئەگەر هەنگاو بە خێرای بنرێت، لە ناو چەند مانگدا ئەم پرۆسەیە تەواو دەبێت. بە تێڕوانینم ئەگەر تاوەکو مانگی حوزەیران هەنگاوی خێرا بنرێت، ئەوا پرۆسەکە تەواو دەبێت. ئەگەر یاسا دەربکرێت، پە*کە*کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات، هەلومەرجی گونجاو هەبێت، کۆنگرە ببەسرێت و بڕیار بدرێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتداری ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات و بەدی بێنێت، یاسا بە خێرای دەربکرێت ئەوا لە ناو چەند مانگدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت باسی تەواو بوونی ئەم کارە بکات. لەسەر دەركردنی یاساكان لەلایەن ئێمەوە کاری وەها دەکرێت. لەلایەن دەسەڵاتیشەوە هەیە، بەڵام ناتوانین ئەمە ئاشکرا بکەین.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، روون نییە واشنتن بەنیازی چییە، بەڵام ئیسرائیل حەز دەکات ئەمریکا بمێنێتەوە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، لەبارەی ئەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژڤا رایگەیاند، “بەراستی بڵێم نازانم دەمێننەوە یان نا، سەربازەکان دەیانەوێت بمێننەوە، هێشتا ئیدارەی ترەمپیش سیاسەتێکی لەبارەی ئەم کێشەیەوە نەخستووەتەڕوو.” لە درێژەی قسەکانیدا مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کردووە، دیار نییە هەڵوێستی ئەمریکا چییە و “ئەم کێشەیە دەکەوێتەوە سەر سەرۆک ترەمپ”، بەڵام ئەوەی ئەوان تێبینیان کردووە واشنتن سیاسەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەک دادەڕێژێت کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بپارێزێت. نزیکەی دوو هەفتە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی هێزەکانیان لە سوریا بووەتە دوو هێندە و گەیشتووەتە دوو هەزار سەرباز، لەکاتێکدا پێشتر واشنتن رایگەیاندبوو، 900 سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوونیان هەیە. مەزڵوم عەبدی لەبارەی هەڵوێستی ئیسرائیل لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا گوتی، “ئیسرائیل حەز دەکات هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا بمێننەوە، ئێمەش ئومێدەوارین بمێننەوە تەنانەت ئەگەر بە ژمارەیەکی کەمی سەربازیش بێت.” لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 08-12-2024، ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوای سوریا چڕکردووەتەوە و ئۆپراسیۆنێکی بۆ سەر ئەو ناوچانە راگەیاند بەمەبەستی “دروستکردنی هێڵکی سەلامەت” و بەئامانجگرتنی پاشماوەکانی سوریا کە بە قوڵایی نزیکەی 25 کیلۆمەتر خاکی سوریای بەزاندووە. ئیسرائیل ناشیەوێت لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدە هەژموونی تورکیا لە وڵاتەکە فراوان بێت. لەدواین هێرشدا لە سەرەتای ئەم مانگە، ئیسرائیل بنکەی ئاسمانی T-4ـی لە نزیک حەما و بنکەیەکی سەربازیی دیکەی لە حومس بۆردومان کرد، دواتر میدیا ئیسرائیلییەکان رایانگەیاند, تورکیا بەنیازبووە لەو دوو بنکەیە سەرباز و کەلوپەلی سەربازیی جێگیر بکات. لە چاوپێکەوتنەکەی ئەلمۆنیتەر باسی گومانێک دەکرێت کە زمانی هەڕەشە و کردەوەکانی ئیسرائیل بەرامبەر تورکیا لەمەڕ رۆڵگێڕانی لە سوریا و قبوڵکردنی بە ئاشکرای بەڕێوەبەری خۆسەر ئەنقەرەی زۆر قەلەق و دوودڵ کردووە و رەنگە ئەمە هۆکارێکی دیکە بێت تورکیا گۆڕانکاری لە هەڵوێستی بەرامبەر رۆژاڤا دەکات. لەبارەی ئەو گومانەوە مەزڵوم عەبدی دەڵێت، “رەنگە ئەو بەڵگەسازییە سوودی خۆی هەبێت، تورکیا وەک دیمەشق ئیسرائیل بەجدی وەردەگرێت کاتێک دێتە سەر باسی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەبارەی مەودای هەژموونی تورکیا لە سوریا، بۆیە جێی سەرسوڕمان نەبوو کاتێک هاکان فیدان بەئاشکرا گوتی، ‘تورکیا نایەوێت گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا قووڵبکاتەوە.'”

  دوای کۆبوونەوەی نێوان هەریەک لە شاندی دانووستاندنکاری ئەمریکا و ئێران لە عومان، ژمارەیەک وڵات لە نێوانیاندا عێراق، هەڵوێستیان بەرامبەر کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دەربڕی و بە " ئەرێنی" وەسفی دەکەن. ڕۆژی شەممە 12ـی 4ـی 2025، گەڕی یەکەمی دانووستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری بەرپرسانی عومان سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە شانشینی عومان بەڕێوەچوو. هاوکات بڕیارە هەفتەی داهاتووش گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە. کاردانەوەی چەند وڵاتێک لەبارەی گفتوگۆکان: سعودیە: لە بەیاننامەیەکدا دانووستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و هیوای خواست کە نێوانی ئەمریکا و ئێران بە ئاشتی کۆتایی بێت. ئەم دانووستاندنە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاشتی لە ناوچەکە. هاوکات سوپاسی شانشینی عومانی کرد بۆ میوانداریی هەردوو وڵات بۆ دانووستاندن. عێراق: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گفتوگۆکانی گەڕی یەکەمی دانووستاندنەکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و گوتی: دانووستاندن باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هیوادارین ئەم دانووستاندنە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بونیادنانی متمانه لەنێوان هەردوولادا ڕەنگاندانەوەی هەبێت. قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ستایشی ڕۆڵی ناوبژیوانی و بونیادنەرانەی عومانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، هەروەها ڕاشیگەیاند کە پشتیووانی تەواوی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکات وەک ڕێگایەکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی بە "ئەرێنی" وەسف کرد و ڕایگەیاند: تا کۆتایی گەڕی دووەم هیچ لەبارەیەوە ناڵێم. 

  دوای چوار ساڵ لە دانان و دواتر هەڵبژاردنی لە كۆنگرەدا، حەسەن تۆران دەست لە پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی كێشایەوە. سەرچاوەكان لەناو بەرەی توركمانی عێراقەوە باسلەوە دەكەن، بۆ ئەم گۆڕانكارییە، بڕیارە وەفدێكی بەرەی توركمانی سەردانی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بكات.  وەكو باس دەكرێت، بەدەستلەكاركێشانەوەی (حەسەن تۆران)، ركابەرەكەی لەناو بەرەكە (ئەرشەد ساڵحی) دەبێت بە سەرۆكی لیستی بەرەكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. كێبركێ لەسەر پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی لەنێوان (محەمەد سەمعان)و چەند ئەندامێكی تری بەرەكەدا دەبێت.   بەرەی توركمانی لەئازاری 2021داو بە ئاگاداری توركیا، ئەرشەد ساڵحی لە پۆستی سەرۆكی بەرەكە دورخستەوەو لە شوێنی ئەو (حەسەن تۆران)ی دانا، بەڵام ساڵێك دواترو لە 23ی ئایاری 2022دا دووەمین كۆنگرەی خۆی لە كەركوك بەست و؛ بەفەرمی حەسەن تۆران بە سەرۆكی بەرە هەڵبژێردراو پەیڕەوی ناوخۆ هەمواركرایەوە.  لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا ململانێیەكی سارد لەنێوان ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆراندا دەبینرا، بەمدواییە ململانێكە پەرەسەندێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، ئەوەش كاتێك بوو كە یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاری حەسەن تۆرانی سەرۆكی بەرەكەی شكاندو كۆتایی بە بایكۆت هێناو گەڕایەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەو ئەندامە (ئەحمەد رەمزی كۆپرلو)ە كە لەناو بەرەكەدا لە تەكەتولی ئەرشەد ساڵحییە (بەرەی توركمانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا دان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا نانێن كە لەنێوان یەكێتیی و نیوەی عەرەبی سوننەدا دروستكراوە، بەوهۆیەوە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان كردووە).  بەرەی توركمانی لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەن، تەنیا (2) كورسی بەدەستهێناو تاكە نوێنەری پێكهاتەی توركمان بوو لە ئەنجومەندا، ئەو دوو كەسەی بەرەی توركمانی كە سەركەوتن بۆ ئەنجومەن یەكێكیان سەربە حەسەن تۆرانەو ژنێكە بەناوی (سۆسەن عەبدولواحید جەدوع)، ئەوی تر (ئەحمەد رەمزی كۆپرلو)ە كە سەربە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانییە.

  دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران "باش دەڕوات" و "دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت."   لە کاتی رۆیشتنی بۆ شاری مەیامی بۆ تەماشاکردنی یارییەکی زۆرانبازیی (UFC)، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.    ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی عومان گوتی: "ناتوانم پێتان بڵێم، چونکە هیچ شتێک گرنگ نییە تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجام دەگات، بۆیە حەزناکەم قسەی لەسەر بکەم، بەڵام باش دەڕوات. دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت، من وای دەبینم."   رۆژی شەممە، بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.    هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو 19ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.    ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.    کۆشکی سپی رۆژی شەممە رایگەیاند، گفتوگۆکە "زۆر ئەرێنی و بونیاتنەرانە بوو" و هەردوولا رێککەوتوون شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.    بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەت، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.   لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و بە دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."   کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە "گفتوگۆی ئەمڕۆی راستەوخۆی ویتکۆف هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامێک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت."   ئێران: ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات بگاتە رێککەوتن   پێش راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت "بە زووترین کات" بگاتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی.     عێراقچی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لایەنی ئەمریکی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی بە جۆرێک دەبێت کە بە زووترین کات بەدەستبهێندرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا دەبێت"؛ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە دانانی بناخەیەک بۆ دانوستاندن زۆر نزیک بووینەوە. نە ئێمە و نە لایەنەکەی دیکە، دانوستاندنی بێ بەرهەممان ناوێت. نامانەوێت دانوستاندن لە پێناو دانوستاندن بکەین."   بە گوێرەی کۆشکی سپی، سەعید بەدر، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو. ئێران دەڵێت، وەزیرەکە لە "گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا" وەک نێوەندگیر رۆڵی بینیوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی پێدادەنێت کە دانوستاندنکارەکان "بۆ ماوەی چەند خولەکێک" رووبەڕوو قسەیان لەگەڵ یەک کردووە.    وەزارەتەکە دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە کەشێکی بونیاتنەرانە و بە رێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوو." 

  ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دوای ئەوەی پشتیوانیی لە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین کرد لەلایەن کوڕەکەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توند دەکرێتە سەر . یائیر نەتانیاهۆ لە ئێکس بابەتێکی دژی ماکرۆن بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نیو کالیدۆنیا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پۆڵینیزیای فەڕەنسی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کۆرسیکا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی باسک، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی گینیای فەڕەنسی، بوەستن لە سەردەستیی نوێی فەڕەنسا لە رۆژئاوای ئەفریقا. ئەم قسانەی یائیر دوای ئەوەدێت، کە هەفتەی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر دۆسیەی غەزە و فەڵەستین گوتی، هەڵوێستی فەڕەنسا روونە و لەگەڵ ئاشتیدایە، بەڵێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵێ بۆ دەوڵەتی فەڵەستین بەبێ حەماس. یائیر دوای ئەم قسانەی ماکرۆن هێرشی توندیکردە سەر سەرۆکەکەی فەڕەنسا و داوای سەربەخۆیی ئەو شوێنانەی کرد کە لەژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەریی فەڕەنسادان.

  لە درێژەی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دژی پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن، فڕۆکە ئەمەریکییەکان پێگەکانی حووسییەکانی لە بەیزا، سەعدە، حودەیدە و مەئرەب بۆمباران کرد. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا جبەخانەکانی حووسییەکانیان لە بەیزا بۆمباران کردووە. هەروەها فڕۆکە ئەمەریکییەکان سێ هێرشی دیکەیان بۆ سەر جبەخانەکانی حووسییەکان لە شاری سالم لە سەعدە کرد. لەلایەکی دیکەشەوە دوو هێرشی ئاسمانی دیکەی کردە سەر پێگەی حووسییەکان لە شارۆچکەی مونەیرە لە باکووری حودەیدە. هەروەها سێ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا سەربازگەیەکی حووسییەکانیان پێکا لە ئیدارەی مەکەیراس لە بەیزا. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە، نۆ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا کۆگاکانی چەکی حووسییەکانیان کردۆتە ئامانج لە شاری سەرواح لە باکووری شاری مەئرەب.

ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (مۆنیتۆر)ی ئەمریكی: بەهۆی هەوڵی دۆستەكانمانەوە ئاگربەستێكمان بینیوە كە زیاتر لە 12 رۆژ بەردەوامە.  رێككەوتنی بەنداوی تشرین- بەشی یەكەمی رێككەوتنە لەگەڵ دیمەشق لەسەر ئەوەی، ئیدارەی بەنداو و فەرمانبەرەكانی، بەبێ گۆڕانكاریی بمێنێتەوەو كاركردنی بەنداوەكە لە ناوەندەوە وەكو خۆی بەردەوام بێت، تا گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی.  بەشی دووەمی رێككەوتنی بەنداوی تشرین كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بەرەو خۆرهەڵات و رادەستكردنی شوێنەكانیانە بە هێزەكانی دیمەشق، ئێستا هێزەكانی (هەسەدە) هەشت كیلۆمەتر لە بەنداوەكەوە دورن و شەڕەكان لە ناوچەیەكی نزیك لە مەنبەج روویانداوە.  هێزەكانی دیمەشق وەكو بەربەست لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و "سوپای نیشتمانی" سەربە توركیا كاردەكەن، كە لەدژی هەسەدە شەڕ دەكەن. توركیا وردە وردە زمانێكی میانڕەوتر لە بەیاننامە فەرمییەكانیدا بەكاردەهێنێت، تێبینی ئەوەمانكردووە جۆریك لە قبوڵكردن هەیە بۆ بیرۆكەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەگەڵ دامەزراوەكانی ئیدارەی دەوڵەتی سوریادا.  كەشوهەوای ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئەحمەد شەرع هێمن و دۆستانە بوو، بەرێزەوە پێشوازیمان لێكراو بەناوی فەرمی خۆم بانگی كردم.  راست نییە لایەنی ئەمریكی بەشداری لە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا كردبێت، تەنیا رۆڵی ئاسانكاریی و ئاسایش و ئامرازی گواستنەوەیان گێڕا بۆ دیمەشق، هاوكات ئەمریكا پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات، چونكە سەقامگیریی سوریای دەوێت. ئیدارەی نوێی سوریا دژایەتی زمانی كوردی ناكات، بەڵام نەیخستوەتە ناو دەستوری كاتییەوە؛ ئەمەش نائومێدكەر بوو.  هێڵە سورەكانی ئێمە بریتین لە:  چڕكردنەوەی دەسەڵاتی ئیداریی بەتەنیا بە دیمەشق. دەمانەوێت پارێزگاریی لە ناسنامەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن لەناو ریزەكانی سوپای نیشتمانی سوریا كە دروستدەكرێت.  لەدواین دیدارماندا، ئەحمەد شەرع هیچ ناڕەزایەتییەكی نیشان نەدا سەبارەت بە مانەوەی عەرەب لەریزی هێزەكانماندا. پێناچێت توركیا ئاگاداری ئەو رێككەوتنە بووبێت كە لە دیمەشق ئەنجامدرا.  ئەحمەد شەرع داوای لێكردین دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببین كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن وەكو (درێرزوور)و (رەققە)، بەڵام ئەمە ئەولەویەت نییەو گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە دەكرێت.  نابێ رێگە بە پاشماوەكانی رژێم بدرێت هەوڵەكانی بنیادنانی سوریای نوێ پەكبخرێت و تێكبدرێت.. بڕیارمانداوە هاوكاری حكومەت بكەین لە روبەڕووبونەوەی هەر جۆرە جموجوڵێكی هاوشێوە لەلایەن پاشماوەكانی رژێمەو

  مەزڵوم عەبدی بۆ یەكەمجار لیستی ناوی ئەندامانی لیژنەی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق رادەستكردو، داوا دەكات بەنداوی تشرین لە هێرشەكان بپارێزرێت.  مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری حەسەكە لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی (10ی ئازار) نێوان هەردوولا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە كراوە: پێویستیی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و راگرتنی شەڕ لە سوریا، لەنێویاندا پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەكان. پێكهێنانی لیژنە بۆ گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان لە سەرجەم ناوچەكانی سوریا. ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیە ئاشكرا كرا كە نوێنەرایەتی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەكەن لە دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، كە لەماوەیەكی كەمدا ئەم دیالۆگە دەستپێدەكات، ئەندامانی لیژنەی دیالۆگی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا (كورد) بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بریتین لە:  -    فەوزە یوسف -    عەبدولحامید مهباش -    ئەحمەد یوسف -    سەنحەری بەرسوم -    سوزدار حاجی -    مەریەم ئیبراهیم لەگەڵ یاسر سلێمان (ئەم دوانە وتەبێژی لیژنەكە دەبن)

  وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیدارەی دیمەشق گەیشتنە بەنداوی تشرین و بڕیارە بەمنزیکانە رێککەوتنێکی نێوان ئیدارەی سوریا رۆژئاوای کوردستان رابگەیەندرێت. سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە رابگەیەندرێت. لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی (ئەلحوڕە) لە بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب. بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاوی کردەوە: تیمێکی شارەزای چاکسازیی لە مەنبج و بەنداوی فوراتەوە گەیشتونەتە بەنداوی تشرین بۆ چاکسازیی کردن و چارەسەرکردنی گرفتە هونەرییەکانی بەنداوەکە، بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبا و ئاوی بەنداوەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەنداوەکە لە روی هونەرییەوە ئامادەیە، بەڵام هەندێک چاکسازیی پێویستە بۆ ئەوەی گرەنتی سەلامەتی بکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە.

  مەسرور بارزانی لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ سودانی ڕایدەگەیەنێت وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، ئاماژەمان بە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد. جەختمان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە پێی دەستور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان کردەوە. شەممە 12ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد. راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دیداری سودانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر:  قسەوباس كرا لەبارەی ژمارەیەك دۆسیەو پرس لەسەر ئاستی نیشتمانی و، دیارترین پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەییەكان و هەڵوێستی حكومەت لەو تەنگژانەی كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت.  جەخت كرا لەسەر بایەخی شەراكەت و؛ هەماهەنگیی لە روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەكان و پشتبەستن بە سیاسەتی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوكاریی و بەرژەوەندی هاوبە لەگەڵ وڵاتانی براو هاوڕێ.  سودانی ئاماژەی بەوەكرد حكومەت سەركەوتوو بووە لە روبەڕووبوونەوەی قەیرانە جیاوازەكان چ ناوخۆیی چ دەرەكیی و، بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرتووە سەرباریی گۆڕانكاریی و ئەو رووداوانەی كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، جەختی كرد لەسەر هەوڵەكان بۆ پەرەپێدانی ئابوری نیشتمانی و چەسپاندنی سەقامگیریی لەسەرتاسەری ناوچەكانی وڵات.  دیدارەكان باسی لە گرنگیی كاركردن كرد لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو پرسە هاوبەشەكان و، لابردنی گشت بەربەستەكان بەگوێرەی دەستورو یاسا، بەشێوەیەك دادپەروەریی و سودی هەموو عێراقییەكان بەدی بهێنێت.

  پەرلەمانتارێکى دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە و لەبارەی دەرچوونی هەندێک یاسا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گفتوگۆ دەکەین. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وان، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد.   بوڵدان کۆبوونەوەی شاندەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بە "قۆناخێکی نوێ" لە پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و گوتی، "لەگەڵ کەسێک کۆبووینەوە کە پێویست دەکات لەنێو جەرگەی پرۆسەی ئاشتیدا بێت. بەڕێز سەرۆککۆمار لە بارەگەی پارتەکەی پێشوازی لە ئێمە نەکرد، بەڵکو ویستی لە کۆشکەکەی خۆی کۆببینەوە، ئەمەش واتە: ئەو لە نێو پرۆسەکەدایە."   ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد. باسمان لە گۆڕانکاریکردن لە دۆخی بەڕێز ئۆجەلان کرد. باسمان لە دەستپێکردنی پرۆسەیەک لەبارەی زیندانییان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن یان ئەوانەی لێبووردن نایانگرێتەوە، کرد. بەڕێزیان هیچ گوتە و کاردانەوەیەکی نەرێنی نەبوو."   بوڵدان پێیوایە، پەرلەمانی تورکیا شوێنی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرییە و ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، پێویستی بە جێبەجێکردنی هەنگاوی یاساییە، لەوانە مافی هیوا. بێگومان ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕوانییەکانی خۆمانمان خستنەڕوو."   پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، "باوەڕم وایە لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەو هەنگاوانە دەنرێن."   شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.   ئەو گوتانەی بوڵدان لەبارەی هەنگاونانی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری لە کاتێکدان، میدیای نزیک لە جەهەپە لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، دەم پارتی 13 داواکاری لە حکومەتی تورکیا هەبووە کە ئەمانەن:   1-گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و دڵنیایی لە ئازادیی پەیوەندییەکانی بدرێت.   2-دەرکردنی یاسایەکی تایبەت لەبارەی چەکدانانی پەکەکە.   3- هاووڵاتییبوونی یەکسان و ئازاد لە تورکیادا هەبێت.   4- پرۆژەیاسای ئاشتی و وەچەرخانی دیموکراسی ئامادەبکرێت.   5- زیندانییانی نەخۆش ئازادبکرێن.   6- لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکبهێندرێت.   7- پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە و یاداشتێکی سازان ئامادە بکات.   8- کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان بهێندرێت.   9- سەرۆکشارەوانییەکان لە گرتووخانەکان ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.   10- پێویستە پرۆژە یاساکان لەبارەی مافی هیواوە بخرێنە رۆژەڤ.   11- بەربەستەکانی بەردەم ئازادی بەڕێکخراوەییبوون، هەڵبگیرێن.   12-ئەو یاسایەی ئێستا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرکارە، بگۆڕدرێت.   13-بڕیارەکانی دادگەی باڵای دەستوور و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێبکرێت.   سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی دووەمی شاندی ئیمرالی لەگەڵ ئەردۆغان، بوڵدان گوتی، "ناکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دووجار لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار کۆببینەوە. بەڵام لە ماوەی داهاتوودا، بەگوێرەی قۆناخی پرۆسەکە ئەگەر پێویست بکات، داواکاری پێشکێش دەکەینەوە."   پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە و "لەبارەی دەرچوونی هەندێک یاسا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گفتوگۆ دەکەین."   سەبارەت بە ئەگەری سەردانی چوارەمی شاندی ئیمراڵی بۆلای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بوڵدان گوتی، "سەردانی دەکەین، بەڵام هێشتا کاتەکە دیار نییە. داواکاری پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین. رۆژێک کە ئەوان دیاری بکەن، دەڕۆین. پێشبینی دەکەم لەدوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری داد، سەردانەکە بکرێت."   ئەندامەکەی شاندی ئیمرالی لەبارەی سەردانکردنەوەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەرنامەیەکی لەو جۆرەیان نییە، بەڵام "ئەگەر پێویست بکات و داواکاری لەلایەن ئەوانەوە بێت، بێگومان کۆدەبینەوە. ئەو کاتەی سەردانی ئەوێمان کرد، پێمانمان گوت، هەر کاتێک بە پێویستتان زانی قسە لەسەر پرۆسەکە بکەین، کۆدەبینەوە."   شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رۆژی 15ی شوباتی 2025 گەیشتە هەرێمی کوردستان و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە ئەنتاڵیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە. "هەردوولا خواستى دوولايه‌نه‌يان بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جياكاندا، دووپات كرده‌وه."   نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "دەرفەتێکی باشبوو لە ئەنتاڵیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوومەوە، تاوتوێی پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیامان کرد."   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی رووسیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا تاوتوێ کران، هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە هەنووکەیییه‌کان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌."   لە راگەیێندرداوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا جەختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ پەیوەندییەکان له‌نێوان رووسیای فیدراڵ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خواستى دوولايه‌نه‌يان بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جياكاندا، دووپات كرده‌وه‌."   په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخی سووریا و چه‌ند پرسێکی ‌جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.   کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی 4ـەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە شارەکەی تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد، نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆیش بەشدار بوون لە کۆڕبەندەکە.   هەر دوێنێ هەینی 11ی نیسان، نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتاڵیا بە جیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، کۆبووەوە.

  بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تا ئێستا سێ خولی دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە. هەرچەندە هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی ناوەڕۆکی نامەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران، رووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک سەرچاوەی راگەیاندن دەردەکەوێت کە نامەکە "سێ داواکاری تایبەت"ی ئەمریکای بۆ ئێران تێدابووە. ئەم داواکاریانە بریتین لە: داواکارییەکانی ئەمریکا لە ئێران 1- هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 2- وەستاندنی تەواو و پشتڕاستکردنەوەی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گروپە بە وەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان. 3- سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای چاودێریکردنی ئەو بەرنامانە. ئارگومێنتی ترەمپ بۆ کشانەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی و دژایەتیکردنی ئێران ئەوە بوو، کە مەحاڵە بگەینە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەوەی بابەتی مووشەکی لە رێککەوتنەکەدا نەخرێتە نێو رێککەوتنەکەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بۆ واژووکردنی رێکەوتنەکە فێڵی لێکراوە. ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ئەگەر ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکرێن، رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات و بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی دەبێت چاوەڕێی "بۆردومان" بکات. داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا ئێران بەردەوام باسی لەوە کردووە پەیوەندییەکی دوورودرێژیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە مێژووەکەی پڕه له رووداو و هەڵوێستی زۆر خراپ و نەرێنی، تا رادەی دوژمنایەتی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران له لایەن ئەمریکاوه، هەر بۆیە بێ متمانەییەکی زۆر دروستبووە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن. وەزیری دەرەوی ئێران باسی لەوە کردووە، "ئیدارەی پێشووی ئەمریکا نەک هەر هەڵوێستی باشی بەرامبەر ئێران نەبوو، بەڵکو هەڵوێستی زۆر دوژمنکارانەی هەبوو، سیاسەتی گوشار بۆ سەر ئێران و سزا توندەکانی دژی ئێران لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد" عەباس عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەن و بەو پێیە هەڵوێستەکانی خۆیان هەماهەنگ دەکەن. ئێران چەندین داواکاری گرنگی هەیە کە سوورە لەسەری و بەردەوام جەختی لەوە کردووتەوە کە دەبێت ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەم خاڵانە رەچاو بکات: 1-ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەتوانێت یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکانی ئەمریکا بێت 2- زیندووکردنەوەی ئەو رێکەوتنەی ترەمپ لێی کشایەوە 3-دانوستانەکان تەنها لە سەر پرسە ئەتۆمییەکان سنووردار بکرێت 4- لابردنی سزاکانی سەر ئێران بە تایبەتی ئەو سزایانەی لەسەر کەرتی وزە و نەوتی ئێران سەپێندراون