ڕوسیا: لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لەسوریا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ.
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات.
سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
