ئیسرائیل و حـ.ـە.ما.س دووشەممە بارمتەکانیان ئازاد دەکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگ. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی. 
 
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە بۆ ئیسرائیل و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا داوا کابینەی حکومەت دەکات بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە و گێڕانەوەی سەرجەم بارمتەکانمان بۆ ماڵەوە.

ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەكدا، سوپاسی سەربازانی ئیسرائیل و هەموو هێزە ئەمنییەکان كردووە، کە بەوتەی خۆی، بەهۆی ئازایەتی و قوربانیدانی ئەوانەوە گەیشتوینەتە ئەم رۆژە.

وتیشی: لە قوڵایی دڵەوە سوپاسی سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان.
ئاماژەی بەوەشكردووە: پشتیوان بەخوا خوا پێکەوە بەردەوام دەبین لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانمان و فراوانکردنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانمان.

ناتانیاهۆ لە بەشێكی تری بە یاننامەكەدا رایگەیاندووە: بە پەسەندکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکە، هەموو بارمتەکانمان دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە، ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سەرکەوتنێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل.

جەختیشكردووە:بەهۆی ئیرادەی چەسپاو و کردەوە سەربازییە بەهێز و هەوڵە گەورەکانی دۆست و هاوپەیمانی گەورەمان، سەرۆک ترەمپ، گەیشتوینەتە ئەم خاڵە وەرچەرخانە یەكلاكەرەوەیە.

ناتانیاهۆ سوپاسی ترەمپیشی کردووە بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشییەکەی و پابەندبونی چەسپاوی بە سەلامەتی ئیسرائیل و ئازادی بارمتەکانيان.

هاوكات نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە: ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕ کردووە بەبۆنەی واژۆکردنی سەرکەوتوانەی رێککەوتننامەی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ناتانیاهۆ بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ سەردانیكردنی ئیسرائیل و پێشكەشەكردنی وتارێك لە كنێستنی ئیسرائیل.

وردەکارییەکانی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە
دوای چەندین رۆژ دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسڕ، تورکیا و قەتەر، هەردوولا لەسەر قۆناغی یەکەم رێککەوتوون کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:

ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان: لە بەرانبەر ئازادکردنی 20 بارمتەی زیندوی ئیسرائیلی، ئیسرائیل زیاتر لە هەزار زیندانیی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە 250 کەسیان سزای زیندانیی هەتاهەتاییان هەیە و هەزار و 700 کەسی دیکەشیان دوای 7ـى تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکراون.

کشانەوەی ئیسرائیل: هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو هێڵەی کە لەسەری رێککەوتوون.
ئاگریەست و هاوکاری: شەڕ و پێکدادانەکان رادەگیرێن و رێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت.

واژۆکردن: سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میسڕ بەڕێوەدەچێت.
پلانی ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە

رێککەوتنەکە بەشێکە لە پلانێکی گەورەتری ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:

ئازادکردنی هەموو بارمتەکان.
داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس.

کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی فەڵەستینیی تەکنۆکرات و شارەزایانی نێودەوڵەتی.

دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ و ئەندامێتیی تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئیدارەی نوێ.
دوورخستنەوەی حەماس لە هەر رۆڵێک لە بەڕێوەبردنی غەززەدا.
کاردانەوەکان
رێککەوتنەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا:

بنیامین نەتانیاهوو: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
خەڵکی غەززە: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هاوڵاتییان لە ناوچەی مەواسی لە باشووری کەرتی غەززە دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد. هاوڵاتییەک وتی: "کاتێک هەواڵەکەم بیست، نەمتوانی کۆنتڕۆڵی خۆم بکەم و فرمێسک بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە".

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد و داوایکرد بگەنە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و وتی، "دەبێت ئازارەکان کۆتاییان پێبێت".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار