ئیدارەی خۆسەر: داوا دەكەین فشار لەتوركیا بكرێت بۆ راگرتنی دەستوەردانەكانی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەدران چیا كورد، جێگری هاوسەرۆكی ئیدارەی خۆسەر لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت: گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی کاتیی سوریا، پابەند نەبوون بەو ئاگربەستەی لە نێوان ئێمە و دیمەشق پێیگەیشتووين لە گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە.

چیا كورد، لە نوسینێكدا لە سەكۆی "ئێكس" نوسەیەتی: پەرەسەندن و کۆکردنەوە و گەمارۆدانی بەردەوامی ئەو دوو گەڕەکە جارێکی ئەوە دووپات دەكەنەوە، ئەو گروپە چەکدارانەی ئەنكەرە پاڵپشتییان دەکات پابەند نین بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی کاتیی، بەڵکو ئەجێندا دەرەکییەکان جێبەجێ دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سوریادا ناکۆکە.

لەو سۆنگەیەوە، زۆر بە پێویستی دەزانین کە ناوبژیوانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان دەستوەردان بکەن بۆ فشارخستنە سەر ئەنكەرە بۆ وەستاندنی دەستوەردانەکانی لە کاروباری سوریا، ناوبژیوانانیش رۆڵێکی کارا بگێڕن لە هێوكردنەوەی دۆخەکە، لەپێناو رێگە خۆشکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام لە نێوان ئێمە و دیمەشق، دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاندووە: بەرژەوەندی نیشتمانی لە دیالۆگ و دانوستانی راستەخۆی خودی سورییەكاندایە، دوور لە گوێڕاڵەیی و ململانێی هەرێمایەتی.

شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
 
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەکی قورس، ئاگربەستیان راگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار