دوو وەزیرى ئیسرائیل دژى ڕێککەوتنەکەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجومەنی وەزیرانى ئیسرائل، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) کاتژمێر 5:00ی پاشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هێڵکارییە ڕێککەوتوون لەسەرى، بەڵام هەریەکە لە وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیل و وەزیری دارایی ئیسرائیل بەئاشکرا دژى ئەو ڕێککەوتنە وەستاونەتەوەو ئامادەنین دەنگ بدەن بەڕێککەوتنەکە.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.
بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی "بارمتەکان" دەبێت بزووتنەوەی حەماس لەناوببرێت و ڕایگەیاند، ناتوانێت دەنگ بە ڕێککەوتنەکە بدات.
سمۆتریچ لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو ترسێکی گەورەی لە کاردانەوەکانی بەتاڵکردنەوەی زیندانەکان و ئازادکردنی نەوەی داهاتووی سەرکردە تیرۆریستییەکان" دەربڕی.
هەروەها ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی ئێمەیە دڵنیابین لەوەی کە نەگەڕێینەوە بۆ پڕۆسەی ئۆسلۆ و ئاسایشی خۆمان تەسلیمی بیانییەکان نەکەین"، جەختیشیکردەوە "بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ڕێککەوتنە ئازادکردنی سەربازە ڕفێنراوەکان لە بەرامبەر وەستاندنی شەڕەکەدا نەگرێتەوە".
هاوشێوەی سمۆتریچ و هاوشێوەی گرێبەستەکانی پێشوو، چاوەڕوان دەکرێت ئیتمار بن گیڤیر وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیل دژایەتی ڕێککەوتنەکە بکات.
رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ. ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".
بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، "کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت". حەماس جەختی لەوەش کردەوە لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە. دووپاتیشی کردەوە رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی.
