هاکان فیدان: پشتیوانی حکومەتی سوریا دەکەین

7 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا دەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سزاکانی سەر سووریا و نوێنەرانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرانبەر داعش ڕێگاکەی بگۆڕێت، حکوومەتی سوریا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی ئەم ڕێکخراوە بیکات.
فیدان گوتی: بۆ ئەوەی دژی ئەم ڕێکخراوە ئۆپەراسیۆنی بەردەوام هەبێت پێویستە پاڵپشتی سووریا بکرێت، هەربۆیە تورکیا پاڵپشتییەکی بەهێز و بەردەوامی دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) بە بیانووی شەڕی دژی داعش خۆی لە سووپای سووریا جودا کردووەتەوە پێویستە واز لەم جودایە بهێنێت و تێکەڵ بە سووپای وڵاتەکەی بێتەوە.
باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانمان دا، بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو هەنگاوانە کرد کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار ئازاردا دەگیرێنەبەر. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین سزاکانی سەر سوریا و نوێنەرانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێننەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، میدیاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەی نێوان شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا، کە لە دیمەشق لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بەرێوەچوو.باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا و دۆخی ئەم دوایەی حەلەب کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین پێکهاتبوو، شاندەکەی حکوومەتی سووریا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێکهاتووە.
