ناتانیاهۆ: حەماس بەهەر ڕێگەیەک بێت هەڵدەوەشێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند بەڵێنی بە بنەماڵەی ئەو کەسانە داوە کە لەکەرتی غەززە بە دیل گیراون، بەبێ جیاوازی هەمووان دەگەڕێندرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەڵێنەکەمان جێبەجێ دەکەین".

سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ جەختى کردەوە کە ئێمە لە هەموو لایەکەوە گەمارو فشارمان لەسەر حەماسەو دەستمان بەسەرداگرتووە تا قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە - حەماس بە هەر ڕێگەیەکی پێویست هەڵدەوەشێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوە ئاسان نەبوو، لە ناوەوە و دەرەوەش ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بوومەوە، سەرنجم لە هەموو کاتێکدا ئاسایشی ئیسرائیل و گەڕانەوەی سەربازە ڕفێنراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانی ئێران و قۆڵەکەی حەماس بوو".

ناتانیاهۆ کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە وتوویەتی کە ناتوانرێت سەربازە ڕفێنراوەکان بگەڕێنرێنەوە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی حەماس ببنەوە ، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە و "چەکداماڵینی".

ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) پێشتر ڕەتیکردۆتەوە دەستگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە و کاتێک هەستی کردووە پەتەکە لە دەوری خۆی توندتر دەبێتەوە، بەپێی ئیدیعای خۆی، بەو ڕێککەوتنانە ڕازی بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شتانەی لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکان ناوی بردووە بە "پاڵەوان" بیری هێناوەتەوە، سڵاوی لە کەسوکاری کوژراوەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆیان ڕاگەیاندووە.

لە هەمان کاتدا نەتانیاهۆ وتی، هەرکەسێک بڵێت ئەم گرێبەستە پێشتر لەسەر مێز بووە، تەنها درۆ دەکات. ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئەمڕۆ لە زاری گێرشۆن باسکین، دانوستانکاری سەربەخۆی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی دوێنێ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا، زیاتر لە ساڵێکە بە هەمان شێوە لەسەر مێزەکە بووە، هەروەها حەماس قبووڵی کردووە لەکاتێکدا نەتانیاهۆ ڕەتیکردووەتەوە.

ناتانیاهۆ گوتی: تا ئێستا ئاڵنگاری گەڕاندنەوەی تەرم و بارمتەکانمان لەبەردەم دایە، دەشڵێت: هەموو دەرفەتەکانی بەردەم حەماسمان لەباربرد و غەززە لە چەک دادەماڵدرێت، حەماسیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە دانووستانەکانی ڕابردوو یاریی پێکردوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە و تیمەکەی کرد کە هاوکار و پشتیوانی ئیسرائیل بوون هەمیشە، دەشڵێت: جەنگ کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەداین لە ناوچەکەدا، سوپای ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە دەمێننەوە تا ئەو کاتەی حەماس چەک دادەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار